ئا: ئاراس عەبدوڵڵا
وەرگێڕی ناسراو "کەریم پەڕەنگ" ڕۆمانێکی دیکەی نووسەر " ئێریش ماریا ڕیمارک" لە زمانی ئەڵمانییەوە کردووە بە کوردی و بڕیارە لە ئاییندەیەکی نزیکدا ناوەندی غەزەلنووس چاپ و بڵاوی بکاتەوە، "بەرەی ڕۆژئاوا ئارامە" دووەمین ڕۆمانی " ئێریش ماریا ڕیمارک"ـە لەدوای ڕۆمانی "شەوی لیشبۆنەی" کە "کەریم پەڕەنگ" لە ئەڵمانییەوە کاری وەرگێڕانی بۆ ئەنجام داوە.
سەبارەت بە ڕۆمانەکانی ڕیمارک بەگشتی و "بەرەی ڕۆژئاوا ئارامە" بەتایبەتی، "کەریم پەڕەنگ" بە سولی ئۆنی ڕاگەیاند" ڕیمارک بە شێوەیەکی گشتیی لە ڕۆمانەکانیدا، خۆی بە جەنگی یەکەمی جیهانیی، کێشەی ئەوانەی لە جەنگ گەڕاونەتەوە، چارەنووسی ئاوارەەکان، بەرهەڵستیی لە ئۆردوگای نازییەکان و هەڵکشانی ناسیۆنال سۆسیالیزمەوە سەرقاڵ کردووە. بەرەی ڕۆژئاوائارامە لە ساڵی ١٩٢٩دا وەکو یەکەم بەشی سێیەی لە بارەی کاریگەریی جەنگی یەکەمی جیهانییەوە بڵاو کروەتەوە. لە ساڵی ١٩٢٨دا بە زنجیرە دەست بە بڵاوکردنەوەی "بەرەی ڕۆژئاوا ئارامە" لە ڕژنامەیەکدا کراوە. ئەو کاتە ڕیمارک نووسەرێکی نەناسراو بووە و پێش ئەوە تەنیا ڕۆمانێکی بڵاو کردووەتەوە، بەڵام بەهرەی ڕیمارک ئەو کاتە دەرکەوتووە و لە ڕێی زمان و وەسفە ڕاستەقینەکانی بەسەرهاتی بەرەی جەنگەوە، هەر زوو ئەم ڕۆمانە خوێنەرێکی زۆری بۆ پەیدا بووە.
سەبارەت بە چیرۆکی ڕۆمانەکە، کەریم پەڕەنگ وتی" ڕۆمانەکە پێشهات و بەسەرهاتەکانی جەنگ لە گۆشەنیگای پاوڵ بۆیمەری ١٨ ساڵ و هەڤاڵەکانییەوە لە کاتی جەنگی یەکەمی جیهاندا دەکاتە تێما و هەتا مردنی بۆیمەر، بە کورتی پێش کۆتاییهاتنی جەنگ درێژە دەکێشێت. نووسەر لەم ڕۆمانەدا ڕووداوی دراماتیکیی جەنگ دەگێڕێتەوە و قۆناغی پشوو و بڕگەی تاودانەوە و بیرکردنەوە تێ ئاخنراوە. دیمەنگەلێک کە هەمیشە دەگەڕێنەوە بنەمای کارەکە پێکدەهێنن کە لە چەند ڕووداوێک پێکهاتووە.
وتیشی" ئەم ڕۆمانە بەسەرهاتەکانی گروپێک سەرباز دەگێڕێتەوە کە لە گەڵ پاول بۆیمەر و هاوپۆلە پێشووەکانی و خەڵکی سادەدا ژیانی لاوێنیان لە جەنگدا بەسەر دەبەن. ئەزموونە تاڵەکانی جەنگ بۆ "وەچەیەکی ونبوو" نموونەییە، هاوڕێیەتی لە ناو بەتالیۆنەکەدا وەکو جەمسەرێکی ئەرێنی لە بەرامبەر بێپەروایی لاقرتێگەریی چینی سەرەوەدا بەرجەستە دەکرێت. بێمانایی و دژواریی جەنگ لە گوزارشتی زماندا دەردەکەون.
ئەم ڕۆمانە پێشووتریش ئەبوبەکر خۆشناو لە فارسییەوە وەری گێڕابوو کە سیروس تاجبەخش لە ئینگلزییەوە بۆ فارسی وەریگێڕابوو، کەریم پەڕەنگ هۆکاری ئەوەی کە ئەم دەقە جارێکی تر بۆ خوێنەران وەربگێڕێتەوە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە لەپاش بەراوردکردنی ئەو دەقەی کە لە فارسییەوە وەرگێڕدرابوو بۆی دەرکەوتووە زۆر جیاواز بووە لەگەڵ دەقە ئەڵمانییە و بەپێویستی زانیوە جارێکی دیکە لە دەقە ئەسڵییەکەوە وەریبگێڕێت.
ئێریش ماریا ڕیمارک لە ساڵی ١٨٩٨دا لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٨٠دا مردووە. لە ساڵی ١٩١٧ لە بەرەی ڕۆژئاوای جەنگ سەرباز بووە، بریندار بووە و ساڵ و نیوێک لە نەخۆشخانە بووە، لە ساڵی ١٩٣٣دا نازییەکان هەموو ئەو کتێبانەی ڕیمارکیان سووتاند کە هەتا ئەوکاتە بڵاوکرابوونەوە. بەم ڕۆمانەوە ڕیمارک ١٦ ڕۆمان و کۆمەڵەچیرۆکی نووسیوە.

