(پەیکەری فەرھاد) لە نووسینی رۆماننووسی بەناوبانگی فارس (عەباس مەعرووفی)یە و لە وەرگێڕانی (توانا ئەمین)ە ئێستا بە پێشەکییەکی تایبەتەوە کە نووسەرەکەی بۆ خوێنەرانی کوردی نووسیووە، لە چاوەڕوانی چاپی دووەمدایە.
بە رای رەخنەگرانی فارس (پەیکەری فەرھاد) رۆمانێکی ئاڵۆز و قژقژ و کارێکی سەختی زمانە کە بەرئەنجامی رۆمانی ناسراوی ئێرانی (کووندەپەپووی کوێر)ی سادق ھیدایەت نووسراوە.. ڕەگەزی (زمان) لەم ڕۆمانەدا تاکبێژییەکی دەروونی و گێڕانەوەیەکی پچڕپچڕی زیھنی و کارکردێکی شیعرییە.
ئەم ڕۆمانە ئاوێنەی باڵانوێنی کۆمەڵگەیەکی ھاوشێوەی کۆمەڵگای ئێمەیە و باس لە دونیایەک دەکات کە ھێما و دەرکەوتەکانی خۆدۆڕان و درۆ و دزی و فریوکارییە و ھیچ ئاسۆیەکی تێدا ڕوون نییە.. لێرەدا ھەموو شتێک لە ژێر ھێڵی ھەژارییەکی گەورەی فەرھەنگیی دایە، کۆمەڵگەیەکی لەبەریەک ھەڵوەشاوە کە ھەوساری لە دەستی ناشایانەکاندایە و تەنانەت روناکبیرەکانیشی نابینا و نابیستەن.
(پەیکەری فەرھاد)؛ نمونەی ڕەچەتەیەکە کە نووسەری کۆمەڵگاکەیەکی ئاوھا، دوای ئەوەی ھیچی دیکەی لەدەست نایەت، دێت و ئەمەی بۆ دەنووسێت.
ئەوەی وەرگێڕانی ئەم کارە سەخت دەکات، ئەوەیە کە بەشی زۆری ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە وەک شیعر، ڕووداوێکن کە لە زمانی نووسەرەکانیاندا ڕوو دەدەن و پێچەوانەی زمانی ئینشایی چیرۆک و رۆمانی تر کە تەنیا ئەرکی ڕاگوێزانی مانا و پەیامی لە ئەستۆیە، لەم ڕۆمانەدا زمان خۆی داھێنەری مانا و پەیامیشە.
.jpg)
