ئامادەکردنی: دالیا کەمال
حیکایەتى چل شەوەى شاری قەلەندەران بە ڕیوایەتی بوشرا کەسنەزانى
ئەم کتێبە گێڕانەوەى حیکایەتى دێرینى شەرق زەمین و نەقڵکردنى ڕاز و مەتەڵۆکی هەمیشە هەبووى ژێر ئەم گومەزە شینەیە کە ئیێمەى لێ دەژین، حیکایەتگەلێک کە جگە لە ژیان بە مانای مان و نەمانەوە هیچی تر نییە، جا ئەو ژیانە بە ئەڤین و ئیمانەوە بگوزەرێ یان بە قین و تۆڵە و کوفرەوە هیچ لە وە کەم ناکاتەوە، کە ئێمە لە جەبری بوون داین.
ناوەڕۆکی ئەم کتێبە باس لە شارێک دەکات بە ناوی شاری قەلەندەران، چەشنى هەزار و یەک شەوە و دیکامیرۆن و شەوانى گوێ ئاگردان، ماجەرای پادشا و گەدا و بازرگان و زاهید و قەلەندەر و عاشقە گەورەکان نەقڵ دەکات. کتێبەکە چل شەوى گێرانەوەیە و چوونە ژوورەوەیە لە چل دەرگاوە کە بە دەرگای بیسم الله الرحمن الرحیم دەست پیدەکات حیکایەتی چل شەوەی شاری قەلەندەران حیکایەتی شەر ق و زەمینی پڕ ئەفسانە و ئیمان و ئەوینی قوڵ و ژیان و بوونمان بۆ دەگێڕێتەوە لە چل شەوی شارێکدا کە هەر شەوێک حیکایەتێک بە کەسایەتی و ڕووداو زەمەنی جۆراوجۆرەوە.
حیکایەتەکان جارێکى تر بە هێڵکاری لە لایەن هونەرمەند "گۆران محەمەد"ەوە وێناکراون و گێڕدراونەتەوە وە بڕیارە لە داهاتوویەکى نێزیکدا ناوەندی غەزەلنووس چاپ و بڵاوی بکاتەوە.
گۆران محەمەد کە هێڵکاری کتێبەکەی کردووە لەسەر بیرۆکەی هێڵکاریەکە بۆ سایتی سولی ئۆن وێبی روون کردەوە " کارکردنی من دووبارە گێڕانەوەی حیایەتەکانە خەیاڵی منە بۆ نیشاندانی کەسایەتیەکان و ڕووداوەکان دیمەنەکان بە هێلکاری،،بۆ نموونە پیاوێک گۆزەگەرە یان بوتسازە یاخود خەریکی سەما و زیکرە لە حیکایەتێکدا من بە هێڵکاری ئەکادیمی بە پێی ئایدیاو بە پێی زەمەن و ڕووداوەکانی حیکایەتەکە کارم کردووە. بێگوومان هەر حیکایەتێک کەسایەتی جیاوازی خۆی هەیە و ڕۆلی تایبەتی خۆیان دەگێڕن، وە فۆڕمی کەسایەتیەکان و شێوەی جل و بەرگ پۆشین و زەخرەفەو حاشیەوە دەلاقەکان گرنگی و بایەخی خۆی لە درووستکردنەوەیان بە هێلکاری هەیە. دەبێت پابەند بیت بە و زەمەنەی کە حیکایەتەکە دەیگێڕێتەوە.. دواجار ئەم کتێبە وەک چۆن خۆی قالبێکی سوننەتی هەیە.بەهەمان شێوە لە ڕووی بەرگ و شێوەی کآغەزی نووسینەکانیش هەمان فۆڕمی سووننەتی چاپ دەکرێت.
هەروەها گۆران مەحمود باس لەوە دەکات وێنە کێشان یاخود وێنا کردن(نیگارکردن)بۆ کتێب و دەستنوس کارێکی تازە نی یە مێژوویەکی دێرینی مرۆڤایەتی هەیە، هونەری مینیاتور لە دێرینترین ئەو هونەرانەیە کە شانبەشانی دەستنوس و کتێبە پیرۆزەکان و دواتریش بۆ ناو داستان و حیکایەتەکان بۆ ڕونکردنەوە و جوانکاری ئەنجامدراوە. کە تا ئەمڕۆش بەردەوامی هەیە ،کارکردنی منیش وەک هێڵکاری دووبارە بۆ چێژی نووسین وستاتیکای کتێبەکە و دووبارە درووستکردنەوەی زەمەن و دیمەنی ناو حیکایەتەکانە.

