سەیوان محەمەد ڕۆمانێکی گرنگی جیهانی دەکات بە کوردی

18/02/2015    23:57

سەیوان محەمەد ڕۆمانێکی گرنگی جیهانی دەکات بە کوردی 


Têkst

ئا: ئاراس عەبدوڵڵا

ڕۆمانی "گاتسبیی مەزن"ی "ف. سکۆت فێتزجێڕاڵد" هەتا ئێستاش بە یەکێک لە باشترین ڕۆمانەکانی نێو ئەدەبی جیهان هەژمار دەکرێت، لە ئایندەیەکی نزیکدا بەزمانی کوردی لەلایەن ناوەندی غەزەلنووس چاپ و بڵاودەکرێتەوە، وەرگێڕی لاو "سەوان محەمەد" ئەم شاکارە جیهانییەی لە زمانی ئینگلیزییەوە بۆ کوردی وەرگێڕاوە.

لەوبارەیەوە وەرگێڕ "سەیوان محەمەد" سەبارەت بە گرنگی ئەم ڕۆمانە لە ئەدەبی جیهانیدا، و هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم کتێبە بۆ وەرگێڕان بە سولی ئۆنی ڕاگەیاند" ئەم ڕۆمانە بە یەکێک لە هەرە بەناوبانگترین ڕۆمانەکانی دونیا دادەنرێت و هەمیشە ناوی لە ڕیزی ڕۆمانەکانی وەکو برایانی کارامازۆڤ و گەڕان بە دوای زەمەنی لەدەستچوودا دێت. گەلێک ڕەخنەگری بەناوبانگی سەردەمی خۆی ستایشیان کردووە وەکو ئێدوین کلارکی ڕخنەگری ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز و لیلیان سی فۆرد لە لۆس ئەنجلس تایمز و ڕەخنەگرەکانی نیویۆرک پۆست، سەرەڕای ئەوەیش چەندین نووسەری گەورەی وەکو سالینجەر و هێمینگوەی و ویلا کاسەر و ئیلیۆت بە تایبەتی ستایشی ڕۆمانەکەیان کردووە و بە کارێکی مەزنیان وەسف کردووە. هەر بۆیە لەگەڵ باسکردنی ئەدەبییاتی ئەمەریکیدا گاتسبیی مەزن وەک نمونەیەکی دیاری ڕۆمانی کلاسیکی ئەمەریکی ناوی دەبرێت و لە ڕیزی پێشەوەی کارە مەزن و بەناوبانگەکانە. بێگومان ئەم بەناوبانگی و گەورەییەش بەسە بۆ ئەوەی هەر وەرگێڕێک خەون بە وەرگێڕانییەوە ببینێت، سەرەڕای ئەوەش کاک ڕەوەز حەمە ساڵەحی غەزەلنووس ڕۆڵی زۆری هەبوو کە دەست بدەینە وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە و سووربوونی ئەوان لەسەر بڵاوکردنەوەی ئەم شاکارە وای کرد منیش هێندەی تر بە پەرۆشەوە بم بۆ وەرگێڕانی"

سەبارەت بە ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە و تەکنیکی نووسینی ئەم ڕۆمانە "سەیوان محەمەد" وتی" تەکنیکی نووسینی ئەم ڕۆمانە بەشێوەیەکی سەرەکی فلاشباکە. هەریەکە لە کارەکتەرەکان کە دێنە سەر گێڕانەوەی ڕووداوەکان دەگەڕێنەوە سەر ئەو ڕووداوانەی لە سەردەمێکی دوورتردا ڕوویانداوە و ئەمەش تەنیا بە گێڕانەوەیەکی پەتی نییە، بەڵکو تێکەڵبوونی هەست و سۆزە لەگەڵ ڕووداوەکاندا و گێڕەرەوە هێشتا لە ژێر کاریگەرییاندایە. گێڕەرەوەی سەرەکی یەکێکە لە کارەکتەرەکانی ڕۆمانەکە، بەڵام کارەکتەری سەرەکی نییە بەڵکو شوێنێکی ناوەندیی هەیە و ئەمەش یارمەتیدەرە لەوەی بۆچوون و خەیاڵی هەموو ئەو کارەکتەرانەی کە جەمسەری سەرەکیی ڕووداوەکانن بە باشی بزانێت و بیانخاتەڕوو."

وتیشی"ڕۆمانەکە باس لە عەشقی ناکامی پیاوێک دەکات کە هەموو کۆششی بۆ ئەوەیە خۆی بگەیەنێتە شوێنێک کە لە ڕێیەوە بەو دونیایە بگات کە هەرگیز لە خەیاڵی جیانابێتەوە، دونیایەک کە وەک سەرابی لێ دێت و پاڵەوانەکە تێدەگات سەرەڕای گەیشتن بە پلەی خانەدانێکیش هێشتا ئاستەنگەکان تا ناکۆتا درێژ دەبنەوە. لێرەوە فیتزجێراڵد ڕەخنەی ئەو دۆخە دەکات کە مرۆڤی سەردەمی مۆدیرنی تێکەوتووە. هیوادارم توانیبێتمان کارێکی جوان پێشکەش بە خوێنەرانی ئازیز بکەین و بەڵام گومان لەوەشدا نییە کە هیچ کارێک بێ کەموکورتی ناڕوات بۆیە وێڕای دڵسۆزیی زۆرمان لە وەرگێڕانیدا ڕەنگە لێرەو لەوێ خوێنەر شتێکی تێدا ببینێت کە جێی سەرنج بێت، بۆیە ئومێدمان وایە هاوکارمان بن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کاری باشتر بکەین. لە کۆتاییشدا سوپاس بۆ ئێوە کە هەردەم خەمخۆریتان بۆ ئەدەب و هونەر جێی دەستخۆشییە. سوپاس بۆ ئەم بەسەرکردنەوەیە."




هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw