بەشێکی تری ئەم گفتوگۆیە ئەمباتە نەرویج بۆ لای مامۆستا سدیق عەزیز کە خاوەن مێژوو و ئەزمونێکی زۆرە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات. وەک هەمیشە قسە کردن لەگەڵ ئەم هونەرمەندە زۆر تایبەتە لای من .
شوان کەریم/ چەند تەوەرەیەک هەیە ئێمە وەک کورد زۆر کەم قسەمان لەسەر کردوە هەوڵ بەین لەم گفتوگەیەدا هەندێکیان بەسەر بکەینەوە، بۆ نمونە پەیوەندی و ڕۆڵی تەکنەلۆژیا لەگەڵ شانۆدا، بەڕێزتان چۆن سەیری ئەم ڕستەیە ئەکەن؟
سدیق عەزیز/ سەرەتا دەبێت ئێمە تێروانینێکی گشتیمان هەبێت لەسەر کاریگەریەکانی تەکنەلۆژیا، بەتایبەتی لەسەر خودی مرۆڤ و سەرجەم کایەکانی ژیان لە هەموو بوارەکانی ئابوری و کۆمەلایەتی و سیاسیدا، ئیتر لە نانخواردنی بەینایەوە سەیرکە تا دەگاتە ئامێرەکانی پەیوەندی کردن و، هۆکارەکانی گەشت و بەرزکرنەوەی بالاخانەکان و تا ئەوەی کاریگەری تەکنەلۆژیا لەسەر نهێنیەکانی گەردون و دۆزینەوە دەرمان و جارەسەرکردنی نەخۆشیەکان، دروستکردنی بۆمبێک و تەقاندنەوەشی، بێبەری نییە لە پێشکەتنە گەرورەیەی کە تەکنەلۆژیا بە خۆیەوە بینیوە. بە شیوەیەکی گشتی تەکنەلۆژیا بۆتە بەشێکی گرنگ و سەرکی لە ژیانی رۆژانەدا، تا ئەوەی مرۆڤ خۆی بۆتە ئامێرێک بەدەست تەکەنەلۆژیاوەوە . شانۆش لە ناو ئەو هەموو پێشکەتنە گەورانەندا کە مرۆڤایەتی و جیهان بە خۆیەوە بینیەوە، بەهەمان شێوەی بوارەکانی تر، توانیویەتی گۆرانکاری گەورە و مێژوویی بەخۆیەوە ببینێت و بەردەوام لە خۆتازەکردنەوەدابێت، چ لە رووی داهینان و چ لەرووی پێکهاتەی شیوەی نوێی ئەندازیاری و بیناسازیەوە. کاتێک کارەبا دەدۆزرێتەوە چی گۆرانکاریەکی گەورە بەسەر شانۆدادێت، روناکی دەبێتە بەشێکی گرنگی نمایش و و زۆر جاران وەک سیمبۆل و رەنگەکان وەک ئاماژەی جۆراوجۆر لە شانۆدا بەکارهاتوە، شێوەی بیناسی و گۆرانکاریەکان لە شوێنی نمایش و لە شوێنی دانیشتنی بینەردا، دۆزینەوەی شانۆی بزوێنەر و گۆرینی دیمەنەکان لە ساتەوەختدا، ئەمانە هەمووی کاریگەری تەکنەلۆژیایە لەسەر گەشەی شانۆ. دیارە باسکردنی ئەو رەوتە مێژوویە بە وردی کاتی زۆری دەوێت کە چۆن قوناغ لەدوای قۆناغ شانۆ لەژێر کاریگەری تەکەنەلۆژیاندا گۆرانکاری بەسەرداهاتووە، کە توانیویەتی لە ڕێگای تەکەنەلۆژیاوە بوارێکی فروانتر بۆ داهێنان و خەیاڵ و فەنتازیای دەرهینەر، تا بوانیت بە ئاسانترین شیوە وێنە و ئاماژە و بۆچونەکانی خۆی بەئەنجام بگەیەنیت. ئەگەر بەکورتی سەیرێکی ئەو گەشە شانۆییە بکەین لە سەدەی بیست و سەرەتای نۆسەداکانەوە تا ئەمرۆ، دەبێنن کە چەندین میتۆدی شانۆیی و ئەنجامەکانی لە ژێر کاریگەری تەکەنەلۆژیاندا لەدایک بوون و گەشەیان کردووە. ئەگەر نزیکترین نمونە بهێنینەوە برێخت و شانۆی داستانی نمونیەکەی زیندوە، کە برێخت لە زۆر نمایشەکانیدا ئامێری سینەمایی یان سلایدی بەکارهێناوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەی کە هەیەتی بەتابیبەتی چەمکی نامۆبون. رۆبێرت ویلسن لە دنیای شانۆی پۆستمۆدێرنەدا نمونەیەکی زیندوتر و نزیکترە لە ئەمرۆماندا، کە لە ڕێگای تەکەنەلۆژیایەوە چ داهێنانیکی سەرسورهێنەر و دنایەکی ئەفسوناوی دروستکردوە، لەڕیگای روناکی و شیوەی ئەندازییەوە. ئێمە ناتوانین شانۆ و تەکەنەلۆژیا لەیەکتری دابرێن، هەردووکیان کاریگەریان هەیە بەسەر یەکتروە، بەلام ئەم کاریگەریە وابەستەی عەقلیکە کە بتوانێت لە پشت ئەم تەنەلۆژیاوە تونای داهێنانی هەبیت.
شوان کەریم / دەرهێنەر ئەبێت ڕێگا لەو مناڵەی ناخی نەگرێت کە هەمیشە بەدوای گەمەی تازەیا ئەگەڕێت، گەمەکانی دەرهێنان واتا ڕۆحی نمایش، من دەرهێنەری کورد بە شێوەیەکی گشتێی لاواز ئەبینم لەم شتەیا، .بەڕێزت چۆن ئەیبینیت؟ گەر ڕاستم، با باس لە هۆکارەکان بکەین.
سدیق عەزیز/ دەشێت تێروانینی من بۆ ئەم پرسیارە بە شیوەیەکی تر بێت، دەرهێنەر بەسەر دوو دنیادا دابەش بووە، ئەگەر دنیای یەکەم دنیای یارکردن و گەمەکانی ناو ناخی بێت، ئەوا دنیای دووهەم دنیای مەعریفیە، دنیایی بوونی پاشخانیکی فکری و فەلسفەیە، ئەو بۆشاییە کە دەرهینەر خۆی بۆخۆی داگیردەکات و تێیدا ماناکانی دەرهێنەر و هونەری دەرهینانی خۆی تێدا دەدۆزێتەوە، لێرەدا ئەگەر من بگەرێمەوە سەر شێوەی پرسیارەکەی تۆ، ئەوا دەلێم دەرهێنەری خاوەن گەمە و گەمەی ناخیمان هەیە، زۆری دەرهینەرەکانیش لەو محوەردا دەسورێنەوە، کە هەمیشە گەمەکان دووبارەدەکەنەوە، بەلام دەرهێنەری خاوەن مەعریفیمان کەمە، خاوەن فکر و تێروانینی فەلسەفیمان کەمە، بەشیوەیەک کە بتوانێت لە ڕیگای ئەو پاشخانە مەعریفەیەوە چۆنیەتی یاریەکان و گەمەکانی ناو ناخی خۆی پێ بخوێنیتەوە و ئازادیان بکات، لە ڕیگایەوە توانای خوێندنەوە و دنیابینی خۆی هەبێت بۆ دەقێک، خاوەن تێروانینێک کە لە سەرو دنیابینی دەق و نووسەرەوەبیت. گرفت و هۆکارەکان زۆرن کە یەکێک لەو گرفتانە ئەوەیە کە دەرهێنەری کورد، هەر لەسەرەتای ئەم بزوتنەوە شانۆییەوە وابەستەی تەیاریکی سیاسی یان ئایدۆلۆژی یان تەنها فکرێکی فەلسەفی بووە، کە ئەمەش وایکردووە خویندنەوە و دنیابینی خۆی بۆ دەق وابەستە ئەو خاڵە دیارکراوەنە بێت کە دەرهینەر خۆی بۆخۆیداناوە. ئەم جۆرە لە دەرهێنەر هەمیشە بەریەک کەوتنی لەگەڵ دەقدا، تەنها لە سەر ئاستی هەندێک وشە و رستەدا خۆی دەبینێتەوە کە خۆی حەزیلێیەتی، بێ قوڵبوونەوە و ڕۆچون بە ناو دەقدا، دەرهێنان تەنها ڕایکردنە لە چەند فۆرمێکی سواو و کۆمەلێ جولەی بێ ئامانجدا.
هۆکارێکی تر دەگەرێتەوە بۆ ئەو تەوژمەی کە بەناوی تازەگەریەوە کەوتەناو شانۆی کوردیەوە، پەلاماردانی میتۆدە شانۆییە جیهانیەکان بێ ئەوەی بتواریت شیکاری فەلسەفی بۆبکرێت و تێروانی قوڵی مەعریفی لە پشتەوەبێت، ئەمەش دووبارە کردنەوەی چەند فۆرم و شکل و جولەی ئەکرۆپاتیکی بێ ناوەرک بوون، کە جگە لە پرکردنەوەی فەزای شانۆ هیچیتر نەبوون. دیاردەی ئەم تێروانینەی من بۆ تازەگەری، بەدەرە لە تیپی شانۆی ئەزمونەگەری کە چەند شانۆکاریکی بەتوانا و خاوەن ڕۆشنگەری لەپستیەوەبوون. زۆری دەرهێنەری کورد واسواسە، بەو ماناییەی کە کاری دەرهێنانی کاری میزاجی و ساتەوەختی و حەزی تایبەتی خۆیەتی، نەبۆتە هەم یان خەم ، تا ئەوەی بتوانێت بەبەردەوامی بەکاری دەرهێنانەوە خەریک بێت، بەتەنها و بەیەک جۆرکارکردنەوە خەریک نیە، لە شانۆوە بۆ فیلم و لەفیلەمەوە بۆ زنجیرەی تەلەفزیۆنی، لێرەدا دەگەرێمەوە بۆ میزاجی دەرهینەر، سەیردەکات لەکام لەم هونەرانە توانای دەرکەوتینی زیاترە، روودەکاتەوە ئەوەیان. ئەمە چەندێک پەیوەندی بە میزاجەوە هەیە، هێندەش بە توانای مەعریفی و قولوبونەوەیکەی زانستیانە بەناو هونەری شانۆو دەرهێناندا. کاتێک دەرهێنەرێک توانای دۆزینەوەی خۆی نیە و لەناو ئەم هەموو کێشەو فکری و فەلسفەی و میتۆدە شانۆیانەدا دەستەوەستان دەبێت، ئیتر چۆن بتوانێت ئەو گەمانەی ناو ناخی خۆی ئازاد کات و بە ئازادەنە بتوانیت خوێندنەوەی قولیان بۆ بکات.

شوان کەریم / مامۆستا سدیق هاوڕێیەکی نزیک و غەم خۆری گەنجەکانە شتێک کە زۆر لای تۆ گرنگە بۆ ئەو جیلە هەمیشە خۆ ڕزگارکردنە لە مەرجەعیەت، مەرجعیەتی حیزبی، شەخسی، هتد..بۆ ئەو ترسەت هەیە لە گەنجان؟
سدیق عەزیز/ نابێت ئەوەمان لەبیر چێت کە ئێمە تا ئێستا لە کۆمەڵگەیەکی کۆنسێرڤاتیف و ترادیشیۆندا دەژین، ئێمە تەنها بە شکل و بە قسە خۆمان خستۆتە ناو دنیای مۆدێرنەوە، دەنا بە عقل و بە ناخ و بەهەڵسوکەوت، تا سەر ئێسقان ناو کۆمەڵگە و دەسەلاتێکی سونەتی و تەقلیدیدا دەژین، ترسەکەی من لەوەدایە کە لەم جۆرە کۆمەڵگایەندا هەمیشە پەیوەندیەکان لەسەر ئاستی کەسایەتی و خێل وعەشیرت و حیزبایەتی بەندە، ئەم جۆرە لە کۆمەڵگا هەمیشە ریش سپی و عەقلیەتی ئاغا و دەربەگ دەیبات بەرێوە، ئەم جۆرە سیستەمە لەسەر ئاست و پەیوەندیەکانی گەورە بە بچوک بەندە، کە هەمیشە بچوک دەبێت هەلگری شوێن پیێ لەخۆی گەورەتربیت، لەم جۆرە کۆمەڵگایەندا جیلەکان گۆرانکاریان بەسەرنایەت، هەریەکەیان شوێن پێ و هەڵسوکەت و ئەخلاقیەتی جیلەکەی پیش خۆی هەلدەگریت، ئەمە شێوەیەکە لە دروستکردنی کۆیلەبوون بۆ کولتور و سیما و رەوشتی کۆمەڵگەی تەقلیدی، ئیتر ئەم جۆرە پەیوەندییە لە خێزانێکەوە بیگرە تادەگاتە سیستەمی پەروەردە لەوێشەوە بۆ ناو هەموو شادەماراکانی دەسەلات . زۆری مامۆستا و بە تایبەتی بەرێوەبەرەکانی ناو پەیمانگاو ئەکادیمەیەکان، لەسەر بنەمای ناسیاوی پلەی حیزبی بوون دادەمەزرێن و کاریان پێدەرێت، لێرەوە دەسەلات خۆی رۆڵێکی سەرەکی دەبێنیت بۆ بەکۆیلەکردنی نەوەی نوێ. لەم جۆرە سیستەمانەدا هێندەی مامۆستاکان لە هەوڵی دروستکردنی وێنەی خۆیانن لەناو جیلی نوێ و خوێندکاراکاندا، هێندە وابەستی دنیای مەعریفە و پێگەیاندنی شانۆکارنین، هێندەی دەیانەوێ هەریەکەیان خۆی بکات بە مەرجەع و خاوەنی خەزێنەی مەعریفەی شانۆیی، هێندە لەخەمی دوارۆژی نەوەی نوێدانین،
خەمی من بۆ ئەم گەنجانە ئەوەیە، کە لەم جۆرە سیتەم و دەسەلاتانەدا ، بوار بۆ گەنجان و تواناکانیان نادرێت، هەمێشە دەبێت چاویان لەوانەی پێش خۆیان بێت تا بۆ کاریک بەسەریان بکەنەوە،لێرەوە جارێکی دیکە دنیای شانۆ دەبێتە دنیای واستەو ناسیا و خزمایەتی و حزبایەتی، کە ئەو گەنجە بە ناچاری و بۆ تاقیکردنەوەی تواناکانی خۆی هەمێشە دەبێتە هامیشی ئەو کەسایەتیانەی پیشخۆیان . لەم رۆژانەدا وێنەی کۆبونەوەیەکی بەریوەبەرایەتی شانۆیی هەولێرم بینی .جگە لە دەم چاوە ناسراوەکانی شانۆ و حیزبیەکانی شانۆ نەبێت، یەک شانۆکاری گەنجی تیانەبوو، کێشەی ئێمە ئەوەیە کە هەمیشە بیر لەمێژووی کارکردنی کەسایەتیەکان دەکەینەوە ، نەک لە مێژووی داهێنانی هونەری ،بۆیە دەبینین هەمیشە ئەم دەموو چاوانە دووبارەدەبنەوە لەهەموو بۆنەو کۆبونەوەیەکدا . کێشەیەکەی تری ئەمرۆمان، شانازیکردنی هەندێک شانۆکارە بە ناوی ئەکادیمی پسپۆریەوە، کە خۆیان بە خاوەن حەق و مەرجەعیەت دەزانن، ئێشکردن لەژێر ئەم جۆرە ناوەنەدا و لەو ناو ئەم جۆرە دەسەلاتەدا کە لە کوردوستان هەیە، جارێکی دیکە ناوی گەنجان و توانای گەنجەکان لەناودەبات، تا ئەم جۆرە ئەکادیمی و بەناو پسپۆرانە هەبن، جێگای گەنجان غایب و پشتگوێ خراوە. بەلام لەمەش ترسناک تر ئەوەیە کە ئێمە خاوەن مۆرال و شێوازی رەخنەگرتن نین، ئێمە جیلێکین پڕین لە قین و دووبەرکی و ناتەبایی، کە ئەمش رەنگدانەوەیەکی خراپی دەبێت بۆ گەنجان و داهاتوی شانۆی کوردی، ئێمە بەناوی پسپۆری و ئەکادیمی بوونەوە، لەبری گەیاندنی مەعریفەو پێگەیانندنی توانای نوێ لە ناو گەنجان و چاندنی ڕۆحی خۆەشەویستی، بەداخەوە گەنجەکان لەم جۆرە کەسانەوە فێری جنێو، وشەی ناشرین و بەدرەوشتی دەبن.
وەارەتی رۆشنبیری تاونباری یەکەم و دواییە، بۆ پەرواێزخستنی ئەو گەنجە شانۆکارانە، وەزارەتی ڕۆشنبیری بۆ ئەوەی بەهاو ڕێز بۆگەنجان دانێت و تواناکانینا گەشە پێبدات، دەبێت سالانە شانۆی گەنجان بوجەی تایبەتی خۆیان بۆ دابین بکرێت، دەبێت سالانە دەیان گەنج خاوەن بەرهەمی شانۆیی بن، گرنگ نیە ئاستی کارەکان چیەو چۆنە، گرنگ ئەوەی خۆی تاقی بکاتەو توانای خۆی بزانێت، دەبێت سالانە فێستیڤاڵی شانۆیی گەنجان بکرێت، گەنجانی شارە کوردیەکان لە ڕیگای ورک شۆپەوە تێکەلبکرێن، بۆ ئاگادرابوون لە توانای یەکتری. وەزارەتی رۆشنبیری دەبێت بواری ئیداری بۆ ئەوگەنجانە برخسێنێت کە چیتر ئەو جیلە کۆنەی کە تەنها لەبەر مێژووی کارکردنیان لە شانۆدا گوێییان لێدەگیرێت، نەک لەبەر داهێنانیان .
شوان کەریم / سوپاس و خۆشەویستیم بۆت مامۆستا گیان پێش کۆتای دوو شت ماوە، یەکەم گەر بەڕێزت شتێکت هەبێت حەز بکەیت باسی بکەیت، دووەم ئەم گفتوگۆیە بەردەوام ئەبێت، بەڕێزت شانۆکاری داهاتووم بۆ دەستنیشان ئەکەیت؟
سدیق عەزیز/ سوپاس بۆ ئێوە و بەهیوای سەرکەوتن. پێموایە ئێمە پێویستیمان بە گۆرانکاریەکی بنەرەتی هەیە لە بونیادی شانۆدا، ئەم گۆارنکاریەش دەبێت لە ناو خودی سیستمەی پەروەردە و سیستەمی خوێندنی شانۆوە دەست پێبکات، بەشیوەیەک کە مندالان هەر لە باخچەی ساوایانەوە ئاشنابکرێن بە شانۆ، دەبێت گۆرانکاری لە شیوەی پرۆگرامی خوێندنی پەیمانگا و ئەکادیەمەیەکندا بکرێت، گۆرانکاری لە چۆنیەتی و شیوەی وەرگرتنی خوێندکاردابکرێت، تا پەیمانگەکان جێگای خوێندکاری بە توانابێت و هیوایەکی گەورەبێت بۆ دوارۆژی شانۆ، نەک پێگەیاندنی مامۆستا بۆ قوتابخانەکان. ئێمە هەژارین لە رووی مەعریەفی شانۆییەوە، دەبێت گرنگی زۆربدرێت بە کاری وەرگێران و ئاشناکردنی خوێندکاران بە دنیای دەرهێنەرە جیهانیەکان، کە لەمرۆدا کاریگەری گەورەیان لەسەر شانۆی ئەوروپی هەیە. توانای یەکتری قبوڵکردن و گرنگیدان بەبەهای کاری یەکتری، بوونی ئەخلاق و موراڵی وەلامدانەوەی رەخنە و کۆمێنتار بەرامەبر بەیەکتری. ئەوکاتە کۆمەڵگە بە قودسیەتەوە سەیری بەهای شانۆ دەکات، کە شانۆکاری لە قودسیەتی یەکەتری تێبگەن، شانۆی کوردی تا لە میحوەری هاوڕێتیرتی و خزمایەتی و حیزبایەتی دا بسوریتەوە، جگە لە پاشەگەردانی بۆ شانۆی کوردی هیچیتری لێپەیدانابێت.
دەمەوێت لە کۆتاییدا ئەوە بڵێم، میدیا رەوف بێگەرد خانمە دیار و درەوشاوەکەی ناو شانۆی کوردیە، ئێمە ئێستا یەک میدیامان هەیە، بەلام پێویستیمان بە دەیان خانمە شانۆکاری وەک مێدیا بێگەرد هەیە، تا بتوانین زیاتر لە جوانی و لەچێژی شانۆ تێبگەین، میدیا و شانۆ دوو ناوی پێکەوەلکاو و ئاوێتە بووی یەکترین، کە ژیان و خۆشەویستی بەیەکتری دەبەخشن و هەردوکیشیان بە ئێمە. دیاریکردنی من لە لایەن میدیاوە بۆ ئەم گفتوف گۆیە ،هەم جێگای شانازیمە ،هەم جێگای خۆشبەختمە وشەرەفێکی گەورەیە بۆ من. پێم خۆشە دوای من گفتوگۆکەتان لەگەڵ شکۆ عومەر بەردوام بێت.
