ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵا
سەرلەبەیانی ڕۆژی ٣/٣/٢٠١٥ شانۆیی "بە بەردبوون" لەناو پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانی نماییش کرا، ئەم کارە بەرهەمی بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی شارۆچکەی کفری بوو کە لەلایەن پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانییەوە میوانداری کرابوو.
کاری دەرهێنانی ئەم شانۆییە لەلایەن "محەمەد بورهان"ـەوە ئەنجام درابوو، دەقی شانۆییەکەش وەرگیرابوو لە "ئۆدیب پاشا، ئەنتیگۆنا و سیزیف" کە لەلایەن "مەهدی حەسەن"ـەوە ئامادەکرابوو، ئەکتەرەکانی ئەم کارە بریتی بوون لە "کۆڕەنگ جاسم، محەمەد بورهان و مژدە جەوهەر"
بەر لە دەستپێکی ئەم کارە شانۆییە "کاردۆ عەزیز" بەڕێوەبەری بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانی ڕایگەیاند" خۆشحاڵین کە ئەمڕۆ توانیومانە میوانداری ئەم کارە شانۆییە بکەین، بەداخەوە بەهۆی ئەو دۆخە نالەبارەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە ئەمساڵ نەمانتوانیوە پەیوەندییەکی باش دروستبکەین لەنێوان پەیمانگای هونەرەجوانەکانی هەرێمی کوردستان و سلێمانیدا، بەهیوان بتوانین بۆ لەمەودوا چ ئێمە لەگەڵ پەیمانگاکانی دیکەدا چ پەیمانگاکانی دیکە لەگەڵ ئێمەدا پەیوەندی و کاری پێکەوەییمان هەبێت"
