مێروولەکان بەژێر ڕووناکیی مانگدا دەڕۆن، یەکەمین کتێبی بەختیار حەمەسوور

10/03/2015    23:45

مێروولەکان بەژێر ڕووناکیی مانگدا دەڕۆن، یەکەمین کتێبی بەختیار حەمەسوور 


Têkst

ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا

مێروولەکان بەژێر ڕووناکیی مانگدا دەڕۆن، ناوی یەکەمین کۆمەڵە چیرۆکی چیرۆکنووسی لاو "بەختیار حەمەسوور"ـە، ئەم کتێبە ماوەی ٣ ساڵ نووسەر ئیشی لەسەر کردووە و پێکهاتووە لە ٧ چیرۆک، بڕیارە ڕۆژی هەینی ١٣/٣/٢٠١٥ لەگەڵ ژمارەیەک لە چاپکراوەکانی غەزەلنووس، لە مەراسیمێکدا بڵاوبکرێتەوە.
چیرۆکەکانی ئەم کتێبە فەزایەکی هاوبەشیان هەیە، وەک نووسەر ئاماژەی بۆ دەکات هێڵێک چیرۆکەکان پێکەوە دەبەستێت، لە هەمانکاتدا هەریەک لە چیرۆکەکان سەربەخۆیی خۆیان هەیە. بەڵام کاتێک تەواوی کتێبەکە دەخوێنیتەوە، وێنەیەکی بەرجەستەت لا دروست دەبێت.



سەبارەت بە بابەتی چیرۆکەکان بەختیار حەمەسوور بە سولی ئۆنی وت، "بابەتی چیرۆکەکان زیاتر بابەتە ڕۆژانەیی و پەراوێزەکانی ژیانن. لەم کتێبەدا شتی گەورەی تێدا نییە، ڕووداوەکان کاڵ و سێبەرین، بە جۆرێک دەتوانین بڵێین هەرزان و سووکن. گواستنەوەی ئەو شتانە بۆ ناو چیرۆک و پاشان گێڕانەوەیان لە فۆڕمێکی گونجاودا، کارێکی ئاسان نییە"

سەبارەت بە بەکاربردنی زمان لەم چیرۆکانەدا، نووسەر دەڵێت، "زمان لەم چیرۆکانەدا ڕوون و ڕووتە، ڕاستەوخۆ بەر ڕووداو و کارەکتەر دەکەویت، وەسف لە ئاستی نەبووندایە، زیاتر پیشاندانە. ڕێساکەی هەمەنگوەییە کە دەڵێت، 'شتەکان وەسف مەکەن، پیشانیان بدەن.' ڕەنگە وردبوونەوەی زۆر لە ڕووداوەکان و خۆسەرقاڵکردن پێیانەوە، کارێکی کردبێت کتێبەکە تەکلیفی زیاد لە جارێک خوێندنەوە بکات."


 
سەبارەت بە چیرۆکەکانی بەختیار حەمەسوور نووسەری لاو شاڵاو حەبیبە بۆ سولی ئۆن دەدوێت و دەڵێت، "بەختیار حەمەسوور، نووسەری ڕووبەرێکی بچکۆلەیە، کە تێیدا سەرنج دەخاتە سەر ئەو شتانەی بێبایەخانە بە تەنیشتیاندا تێدەپەڕین، بەبێ ئەوەی چاویان بخەینە سەر. ئەو بۆ ساتێک بە دیار شتێکی هەرزان و زووتێپەڕەوە ڕاماندەگرێت و گرتەیەکی خاو و لەسەرخۆمان لە شتێکی پووچ نیشان دەدات. ڕوونکردنەوە و هۆکاری نییە. تەنیا شتێک کە هەیەتی ئەوەیە خۆی چێژ لەو وردبوونەوەیە لە شتە بچووک و بێبایەخەکان دەبینێت. هەرشتێکی بێبایەخیش کە هاتە نێو ئەدەبیاتەوە، بەهایەکی دیکەی دەبێت. بەڵام ئەو بەهایە کاری خوێنەرە کە بە سەرنجی خۆی بە ئەدەبیات و شتەکانی دەبەخشێت. جیهانی مینیماڵییانەی بەختیار حەمەسوور بە چەشنێکە هەر لە ناونیشانی کتێبەکەیەوە دەست پێ دەکات. ئەو ناونیشانی کتێبەکەی لە دیمەنێکی زۆر بچکۆلەی یەکێک لە چیرۆکەکانەوە وەرگرتووە. لە ناوهێنانی چێخۆف و پێشکەشکردنی یەکێک لە چیرۆکەکان بە هەمنگوەی، لە دوودڵی ترسی ئەو لە هەڵبژاردنی وشە و ڕستەکاندا تێ دەگەین."



هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw