شوێنی نوێی ناوەندی غەزەلنووس بە دیزاینێکی نوێ و ڕووبەرێکی فراوانترەوە کرایەوە

13/03/2015    00:54

شوێنی نوێی ناوەندی غەزەلنووس بە دیزاینێکی نوێ و ڕووبەرێکی فراوانترەوە کرایەوە 


Têkst

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (١٢/٣/٢٠١٥) بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەران و هونەرمەندانی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەیی ژمارەیەکی زۆر لە خوێنەران ناوەندی غەزلنووس لە مەراسیمێکی تایبەتدا شوێنی نوێی خۆی کردەوە، مەراسیمەکە بە ئامادەیی هونەرمەند "دیاری قەرەداخی" بەڕێوەچوو کە تێیدا چەند بەرهەمێک لە گۆرانییەکانی پێشکەشی ئامادەبووان کرد بە هاوکاری موزیسیان "توانا فەرەج"، هاوکات "یاسین عومەر" چەند شێعرێکی شاعیرانی کورد و جیهانی خوێندەوە و بەشێک لە نووسەرانیش دەربارەی ڕۆڵ و گرنگی غەزەلنووس دوان. کتێبفرۆشیی غەزەلنووس سەرەتا لە دوکانێکی بچوکەوە دەستیپێکرد و دوای چەند جارێک گۆرانکاری لە دیزاین و فراوانکردن، لە ئێستادا بە دیزاینێکی نوێ و ڕووبەرێکی فراوانترەوە پێشوازی لە خوێنەران و چالاکییە ئەدەبی و هونەرییەکان دەکات. 

لەگەڵ ئەوەی بۆ ئەم مەراسیمە زۆربەی کەناڵە ڕاگەیاندنە کوردییەکان بانگهێشت کرابوون، بەڵام هیچ کام لە کەناڵە تەلەفیزیۆنییەکان ئامادەی ئەم مەراسیمە نەبوون، ئەمەیش وەک ڕەخنەیەک لەلایەن ئامادەکارانی ئەم چالاکییەوە لەو کەناڵانە گیرا و ئامادەکارانی ئەم چالاکییە ڕایانگەیاند "ئەگەر ئەم مەراسیمە سیاسی بووایە زۆربەی کەناڵەکان ئامادەی دەبوون"

لە مەراسیمەکەدا نووسەر و ڕوناکبیر "فاروق ڕەفیق" سەبارەت بە گرنگی غەزەلنووس و فراوانکردنی ئەو ناوەندە  وتی" هەست ئەکەم دەرویەکی باشمان بە کردنەوەی ئەم شوێنە بۆ کراوەتەوە، کاتێک هەبوو ١١ مانگ خەریکی ئەوە بووین کە سیمینارێک بگرین لەم شارەدا کە ئەو هەموو هۆڵە خاڵییەی تێدا بوو، بەڵام هیچ هۆڵێکیان پێ نەئەداین، بۆیە ئەم شوێنە گرنگی خۆی هەیە بۆ ئێمە، هاوکات ئێمە لە ئێستادا دوو چالاکیمان هەیە لەم جێگەیە یەکێکیان درێژخایەنە و زنجیرەیەک کۆڕ و سیمینارە بۆ خوێندنەوەی سەرجەم دیالۆگەکانی ئەفلاتون، ئەوی دیکەش کۆرسێکی خانەی حیکمەتە لەسەر ئەخلاق"

هەر لەو مەراسیمەدا ژمارەیەک لە نووسەران و هونەرمەندان بە خوێندنەوەی شیعر و پێشکەشکردنی وتە بەشداریان کرد.

وێنەکان: میران شەماڵ
لە پەیجی تایبەتی ناوەندی غەزەلنووس وەرگیراوە












هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw