ناوەندی غەزەلنووس لە مەراسیمێکدا ٢٠ کتێبی نوێی بڵاوکردەوە

14/03/2015    19:29

ناوەندی غەزەلنووس لە مەراسیمێکدا ٢٠ کتێبی نوێی بڵاوکردەوە 


Têkst

ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا
 
لە درێژەی چالاکییەکانی ناوەندی غەزەلنووس لە شاری سلێمانی، دوێنێ (١٣/٣/٢٠١٥) ٢٠ کتێبی هەمەجۆر لە (ڕۆمان، کتێبی فکری، چیرۆک و کتێبی زانستی) لە مەراسیمێکدا بە ئامادەیی نووسەر و وەرگێڕی کتێبەکان بڵاوکرایەوە.

لە سەرەتای مەراسیمەکەدا ڕەوەز حەمەساڵح بەڕێوەبەری ناوەندی غەزەلنووس بە بۆنەی بڵاوبوونەوەی کتێبە نوێکانیانەوە بۆ ئامادەبووان وتی، "ئەمڕۆ بڵاوکردنەوەی ٢٠ کتێبی نوێی غەزەلنووسە، کە زۆر ماندووبوون و کاری ویستووە، سوپاس بۆ هەموو ئەو نووسەر و وەرگێڕانەی کە متمانەیان بە غەزەلنووس بوو و بەرهەمەکانیان لە ڕێگەی ئێمەوە بڵاوکردەوە."

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد "ئەمجارە ڕەنگە غەزەلنووس جیاوازبێت لەگەڵ جارەکانی دیکە، ئەویش بە حومکی دوو هۆکار، ئێمە تا ساڵی ٢٠١٤ تەنیا ئیشمان لەسەر کتێبی ئەدەبی دەکرد، بەڵام ئەوەتا لەم ٢٠ کتێبەی ئەمڕۆدا ژمارەیەک کتێبی زانستیشمان چاپکردووە، جگە لەوەش ژمارەیەک لە چاپکراوەکانی ئەمجارەمان بریتین لە کتێبی فکری و فەلسەفی. شتێکی تر کە زۆر ئێمە دڵخۆش دەکات لە چاپکراوەکانی ئەمجارەماندا، هەمەجۆرییە لە کتێبەکاندا، بەڵام نەمانهێشتووە لەسەر کوالێتی و ناوەڕۆکی کتێبەکان بکەوێت و ئاستیان داببەزێنێت."

هەر لەو مەراسیمەدا وەرگێڕ و نووسەری کتێبەکان بەکورتی هەرەیەکەیان لەبارەی کتێبەکانەوە دوان و کتێبەکانیان بەشێوەیەکی گشتی بە ئامادەبووان ناساند، سولی ئۆن وێب، لێرەوە ناوی سەرجەم ئەو کتێبانە لەگەڵ ناوی نووسەر و وەرگێڕەکانیان بۆ خوێنەران دەخاتە ڕوو:

(گفتوگۆ لەگەڵ مێژوودا/ ئوریانا فالاچی/ وە: عەزیز گەردی، حیکایەتی چل شەوەی شاری قەلەندەران بە ڕیوایەتی بوشرا کەسنەزانی، ٣ کتێبی پەری کەریمی نیا / هەموو ڕێگاکان دەچنەوە قڕەجاڕ؟، قاوەکان خراپ سەفەر دەکەن لەگەڵ کێ لە من و ڤێرجینیا ڤۆڵف دەترسێت، میروولەکان بەژێر رووناکیی مانگدا دەڕۆن/ بەختیار حەمەسوو، ماسیی ڕەشی بچکۆلە/ سەمەد بێهرەنگی/ وە: تێکۆشەر خالید، بەرەی ڕۆژئاوا ئارامە/ ماریا ڕێمارک/ وە: کەریم پەڕەنگ، گاتسبیی مەزن/ ف.سکۆت فیتزجرالد/ وە: سەیوان محەمەد، کاک برایم و گوڵەکانی قورئان/ ئیریک ئیمانوئیل شمیت/ وە: سەلاحەدین بایەزیدی، فەلسەفەی ئیسلامی. کیندیی و فارابیی/ هاوژین مەلا ئەمین، نظرية الحكمة الخالدة في الفلسفة الإسلامية دراسة نقدية/ هاوژین مەلا ئەمین، موسا و یەکتاپەرەستی/ سیگموند فرۆید/ وە:هاوژین مەلا ئەمین، تێڕامان لە ساتەوەختەکانی جەنگ و مەرگ/ سیگمۆند فرۆید/ وە: ئارام حاجی، بە خێڕبێن بۆ بیابانی ریاڵ/ سلاڤوی ژیژەک/ وە: وەلید عومەر، دەروازەیەک بۆ میتافیزیکا/ ئیمام عەبدولفەتاح ئیمان/ وە: هۆشمەن جەلال، ئاسمان و ڕێسمان کاریگەرییەکانی هێڵی سەرەکیی فیزیا بە زمانی سادە/ حوسێن حوسێنی، گیرۆدەیی گەورەترین نهێنیی فیزیا/ ئامیر ئەسل/ وە: حوسین حوسێنی و د. ئومێد غەریب)
 
وێنەکان لە پەیجی تایبەتی غەزەلنووس وەرگیراوە


















هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw