بۆئەوەی شانۆ بگەڕێتەوە دۆخی جارانی پێویستە چی بکرێت؟

14/03/2015    19:49

بۆئەوەی شانۆ بگەڕێتەوە دۆخی جارانی پێویستە چی بکرێت؟ 


Şano

ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا

سەبارەت بە پرسی گەڕاندنەوەی دۆخی شانۆ بۆ جاران و بوژاندنەوەی، شانۆکار سدیق عەزیز لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕیکۆمەڵایەتی فەیسبووک چەند سەرنجێکی نووسیوە، ئەو شانۆکارە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات شانۆکاران دەبێت بەهەمان ڕۆحییەتی ساڵانی هەشتاکانەوە کار بکەن، نەک بەهەمان عەقڵییەت و تێڕوانینی هونەرییەوە، دەشڵێت "دەبێت ئێمە ئەم دوو شتە کە ڕوحییەت و عەقڵییەتە لەیەک جیاکەینەوە."
لەو نووسینەیدا سدیق عەزیز دەڵێت، "بۆئەوەی شانۆ بگەڕێتەوە دۆخی جاران و سەر لەنوێ ببوژێتەوە، دەبێت شانۆکاران بەهەمان ڕوحییەتی ساڵانی هەشتاکانەوە کاربکەن، نەک بەهەمان عەقڵییەت و تێروانینی هونەریەوە. دەبێت ئێمە ئەم دوو شتە کە روحییەت و عەقلییەتە لەیەکتری جیاکەینەوە، روحییەت بە مانایەک کە بەوپەری لەخۆبووردوییەوە شەو و رۆژ بەگیرفانی بەتالەوە و بەبێ چاوەروانی پاداشت و مەنحە کاردەکرا، بەو روحییەتەی کە بەهەموو جیاوازیەکانی فکری و ئایدۆلۆژیاوە پێکەوە کاردەکراو شەپۆلێکی بەردەوامی نمایش هەبوو."

لە بەشێکی تری ئەو نووسینەدا، شانۆکاری ناوبراو نووسیویەتی "ئەوەی لەنێوان دوو زەمەنی جیاوازدا بۆ من ڕوونبووەتەوە، دەتوانم زیاتر پێداگری لەسەر ئەوە بکەم، ئەوەیە کە شکستی شانۆ لەمرۆدا، پەیوەندیە بە مەسەلەی بوجەو لایەنی مادییەوە نییە، هێندە پەیوەستە بە توانای عەقلی و ئیرادەی شانۆکارانەوە. با ئێمە واز لەوە بهێنین کە دامودەزگا شانۆییەکان تەنراون بە کەسانی نارۆشنی شانۆیی و حیزبی،کەزیاتر لە بەرژەوەندی خۆیان کاردەکەن، بەڵام لەلایەکی ترەوە رۆحی شانۆ لە ناو خودی روحی شانۆکاردا مردووە. نەبونی هزری داهێنان و خوێندنەوەی فرەمان بۆ شانۆ بوونی نییە."

لە کۆتایی ئەو نووسینەیدا سدیق عەزیز دەڵێت، "دوای کەوتنی ڕێژمی سەدام لە ٢٠٠٣، ئەوکاتەی دۆلاری ئەمریکی لە کوردستاندا هەڵڕژابوو، شانۆ هەر لەقەیران و شکستا بوو، لە ئێستاشدا کە موچە نییە و گەورەترین قەیرانی ئابوری هەیە، شانۆ هەر لەشکستایە، لەنیوان ئەم دوو زمەنەدا بەڕوونی دیارە کە عەقلی ماددی زاڵە بەسەر عەقلی هونەریدا، سەرەتای پارە ڕژانەکە، وەرگرتنی زەوی و هەوڵی چەندین کاری سەرپێیی لە رۆژنامەوە بۆ تەلەفیزیۆن و لە تەلەفیزیۆنەوە بۆ دراما و لەوێشەوە بۆ دەوری کۆمبارسێکی سینەما، لەپێناو چەند سەد دۆلارێکدا، وایکرد کە رۆژ بەرۆژ رۆحی شانۆ، عەشق بۆ شانۆ بمرێت. لێرەوە شانۆکاران پێویستیان بەوە هەیە کە بە عەقلێکی سەردامیانەوە و بەرۆحی هەشتاکانەوە بکەونەوە کاری شانۆیی، کە دەشێت زەحمەتبێت بۆ گەنجێکی شانۆکاری ئەمرۆ لەو ڕۆحییەتەی هەشتاکان تێبگات."


هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw