لە فارسییەوە: سوبحان یەعقوب چیرۆکی ئەم شانۆیییە گێڕانەوەی چارەنوسی "عزیز" مناڵێکی ئێزدییە کە لە شاخەکانی نزیک کۆبانی بە جێهێڵرا بوو، چەندین شەو وڕۆژ بە تاقی تەنیا ئاوارەی شاخ و دەشت بوو کەس نەیزانی چۆن خۆی لە شەنگالەوە گەیاندۆتە یەرموک نزیکی سنوری سوریا. پێشمەرگەکانی کوردستانی سوریا کاتێک ئەیدۆزنەوە کە نوساوە بە شەختە بەردێکەوە، بێ دەنگ و ترساو، بە چاوی کراوە، پێڵوی واڵا بووبوو لە ترسا، و گلێنەی چاوی وشک بووە لە تاو تێنویەتی و تیشکی هەتاو. قوتبەدین سادقی پێش ئەم ئیشەشی بە ڕوانین لە شانۆنامەکانی "سەردەمی بێتاوانی، پیاوانی سەبر و ژنانی خۆڕاگر، مرواری" تیشکی خستۆتە سەر باس و بەسەرهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست . قوتبەدین سادقی لەبارەی ئامانجی هەڵبژاردنی "عزیز" وەکو پاڵەوانی چیرۆکەکەی خۆی، دەڵێت : "بۆ من عزیز وەکو تراژیدایەکی نەتەوەیی و مرۆڤانەیە کە لەلایەن ڕەشترین هێزەکانی توندڕەویی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە ڕوویداوە". شانۆیی عزیزی شەنگال شانۆییەکی بێ دیالۆگ (پانتۆمایم) بوو، بەڕێز سادقی لەم بارەیەوە سەرەنجمان بۆ کۆتاییەکانی ژیانی عەزیز ڕادەکێشێت و دەڵێت، "عزیز ئیتر هیچ قسەیەکی پێنەمابوو، نە گلەیی و نە گریان بۆ بەرز ڕاگرتنی ئەم تراژیدیا دڵتەزێنە، بۆیە بڕیارم دا کە بێدەنگی هەڵبژێرین و وروژان و ترس و مەترسی تەنها بە نیگاو جوڵە دەرببڕین، دانی پێدا بنێین بۆ دەربڕینی ئەم ڕوداوە دڵ هەژێنە، ووشەکان بێتوانان، و هەست و فیکر و بۆچونی ووشەکان ناتوانن گەورەیی مەوداکانی ئەو هەموو ئێش و ئازار و تاوانە بگوازنەوە. لە هەمووی گرنگتر من دەم ویست ئەم شانۆییە لە ناو شار و سەر جادە و لە ناو کۆمەڵی خەڵکا بکەم، بەڵام مۆسیقا و جوڵە نمایشییەکانم پێ گرنگتر بوو ". بەڕێز سادقی کە دەیویست "عزیزی شەنگال " بە بێ بوجە و هۆڵیش لە سەر جادە و گۆڕەپان بەڵام لە پانتاییەکی گەورەتر نمایش بکات بە هۆی قورسی نمایش کردنی سەر جادە بە هۆی وەرزی زستانەوە بڕیاریدا کە گروپە گەورەکەی خۆی بباتە ناو هۆڵ و لە تەلاری سەرەکی شانۆیی شاردا نمایش بکات . ئەو لەم بارەیەوە دەڵێت، "بە خوشحاڵیەوە سەرپەرەشتی ناوەندی هونەرە نمایشیەکانی وەزارەتی ئیرشاد و سکرتێری فیستیڤاڵی فەجر پێشنیاری کرد کە لە هۆڵی شانۆ پێشکەشی بکەم و منیش بە خوشحاڵیەوە قبوڵم کرد " بە ووتەی قوتبەدین سادقی ئەو بۆ دابین کردنی تێچوەکانی شانۆییەکە سەردانی شەش ڕێکخراوی جیاوازی کردووە، چونکە ویستویەتی بە بێ پشت بەستن بە وەزارەتی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی جێ بە جێی بکات. قوتبەدین سادقی نوسەر، لێکۆڵەر و دەرهێنەری شانۆی ئێران لە شاری سنە لە ساڵی ١٩٥١ لە دایکبووە و خوێندنەکەی لە بەشی دەرهێنان لە زانکۆی تاران دەست پێ کرد. پاشان ماستەر و دکتۆراکەی لە زانکۆی سوربن ی فەڕەنسا وەرگرت و گەڕایەوە بۆ ئێران . هەروەها لەم ساڵانەی دواییشدا بێجگە لە کاری دەرهێنان چەندین کاری شانۆی جۆراوجۆر و ووتنەوەی وانەی شانۆ، لە شانۆ و سینەما و تەلەفزیۆنیشدا ڕۆڵی گێڕاوە. سەرچاوە: bbc.co.uk/persian