ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا
شانۆکار و نووسەری ناسراوی بواری شانۆ، "دانا ڕەئوف" کتێبێکی نوێی ئامادەیە بۆ چاپ، کە بڕیارە بۆ ڕۆژی جیهانیی شانۆ لەلایان دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە بڵاوبکرێتەوە، "تیۆرەکانی دەرهێنانی شانۆیی" کتێبێکە تیشک دەخاتە سەر دەرهێنانی شانۆیی لەماوی سەد ساڵدا، بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم لایەنەیش نووسەر ٨ ریژیسۆر "دەرهێنەر"ی جیهانی هەڵبژاردووە.
سەبارەت بە کتێبە نوێکەی نووسەر و شانۆکار "دانا ڕەئوف" بە سولی ئۆنی ڕاگەیاند" کتێبەکە باسی گەشەی هونەری دەرهێنان، لە ماوەی سەد ساڵدا دەکات و بۆ ئەم مەبەستە هەشت ریژیسۆرم هەڵبژاردووە، کە ڕۆڵێکی یەکلا کەرەویان بینینووە و سەرەتا گرینگەکانی مۆدێرنەن لە شانۆی جیهانیدا. ریژیسۆرەکانیش ئەمانەن: گۆردن گرەیک، ستانیسلاڤسکی، مایرهۆڵد، پیسکاتۆر، برێشت، ئارتۆ، گرۆتۆڤسکی و پیتەر بروک."
ڕونیشی کردەوە"ئەوەی لەم کتێبەدا گرینگە، ئەوەیە من کارم لەسەر خودی کتێبەکانی ئەم ڕیژیسۆرانە کردووە. هەموویان یەکی کتێبێکیان نووسیوە و دیدی هونەری و ئێستاتیکی خۆیان بۆ هونەری ریژی ڕوونکردۆتەوە. ئەوەی جێگای سەرنجە هێڵێکی هابەش لەنێوان هەر هەشتیاندا هەیە و زۆرجار هەر هەشتیان باسی هەمان شت دەکەن، بەڵام هەریەکەو بە گوزارشتی خۆی."
ئاماژەی بۆ ئەوەیش کرد" کتێبەکە چەندە تیۆرییە، هێندەیش بڕاکتیکی و پێداگۆگییە و لەو بڕوایەدام کە هاوکارێکی باشی هەموو کەسێک دەبێت، کە بەشیوەیەکی کردەیی خەریکی شانۆیە، بە تایبەتیش قووتابیانی پەیمانگا و ئەکادیمیای هونەرە جوانەکان. فیکرەی کتێبەکەم لەو گۆشەیەوە لەلام دروست بوو، کە لە ڕەخنەی چاودێر بە ناوی (هەرجارەی کتێبێک) بڵاوم دەکردەوە.

دانا ڕەئوف و پێتەر بروک