ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا
(هۆمۆسێکسوالی و ئەفراندن) کتێبێکی ئەکادیمیست و رەخنەگری میسری (د.ڕەمسیس عەوەز)ـە، چاپی یەکەمی کتێبەکە ساڵی١٩٩٨ بەزمانی عەرەبی بڵاوکراوەتەوە، (د.ڕەمسیس عەوەز) ناوێکی دیاری ناو کایەی رۆشنبیری وڵاتی میسرە و لە پاڵ وانەوتنەوەی وەک مامۆستای ئەدەبی ئینگلیزی لە زانکۆی (عین الشمس)ی شاری قاهیرە،رەخنە گر و نوسەر و وەرگێر و مێژوو نوسێکی ئەدەبی پر بەرهەمە و خاوەنی زیاتر لە حەفتا بەرهەمی چاپکراوە. جگە لە نوسینە زۆر و زەوەندەکانی لە بوارە جیا جیاکانی شانۆ و ئەدەب و مێژووی ئاتەیست و دادگکانی پشکنین و هۆلۆکۆست لە ئەوروپا،چەندین بەرهەمی (بێرتراند راسل و جولیان هێکسلی و د.ه .لۆرانس)ی بۆ سەر زمانی عەرەبی وەرگێراوە.هاوکات چەند تێکستێکی (نەجیب مەحفوز)ی رۆماننوسیشی وەرگێراوەتە سەر زمانی ئینگلیزی کە رۆمانی (سەرەتا و کۆتایی)یەکێکیانە، ئەم کتێبەی نووسەری ناوبراو لەلایەن وەرگێڕ "شوان ئەحمەد"ـەوە کراوە بەکوردی لە ئاییندەیەکی نزیکدا لەلایەن دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان بڵاودەکرێتەوە.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەم کتێبە "شوان ئەحمەد" بە سولی ئۆنی ڕاگەیاند " تەوەری سەرەکی ئەم کتێبەی ئێمە وەرمان گێراوەتە سەرزمانی کوردی ، نیشاندانی ئەو دیووە شاراوەیەی ژیانی هەندێ لە ئەدیبە ناودارەکانی خۆرئاوایە کە لە نێوەندی ئەکادیمی و رۆشنبیری وڵاتانی خۆرهەڵاتدا فەرامۆش دەکرێت و قەرەی ناکەون. ئەگەرچی ئەو ئەدیبانەی نوسەری ئەم کتێبە باسییان لێدەکات، وەک (ژان ژینیە و ئەندرێ ژید و مارسێل پرۆست و تۆماس مان ) لە نێو تێکست و یاداشتە ئەدەبیەکانیاندا، باسیان لە پرسی هاوجنسبازی کردووە و هەموو لادانە سێکسیەکانی ژیانی خۆیانیان، بە جۆرێک لە جۆرەکان نوسیوەتەوە و حاشایان لێنەکردووە. کەچی لە زانکۆکانی وڵاتانی خۆر هەڵاتدا (بە تایبەتیش ئەو وڵاتانەی کلتوری ئیسلامیان تێدا زاڵە)، وەکو (د.رەمسیس عەوەز)خۆی لە پێشەکی ئەم کتێبەیدا باسی دەکات، مامۆستایان شەرم دەکەن و روگیردەبن،قسە لەو مەسەلەیە بکەن. هەر ئەوەش دەبێتە هاندەری تا ئەم کتێبە بنوسێت و خوێندکاران و خوێنەران لە هەقیقەتی ژیان و کارەکتەری راستەقینەی ئەو ئەدیبانە ئاگادار بکاتەوە کە دەیانخوێننەوە و شتیان لە بارەوە دەبیستن.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد" لەم کتێبەدا و لەرێی چوار ئەدیبی ئەوروپییەوە کە سیانیان فەرەنسین و یەکێکیان ئەڵەمانییە(ژان ژینیە و ئەندرێ ژید و مارسێل پرۆست)لە گەڵ (تۆماس مان)دا، دەیەوێت ئەو قەدەغە شکێنیە بکات و نیشانی بدات کە ئەو داهێنەرانە کەسانی هاورەگەز باز بوون و راستگۆیانەش لە تێکستەکانیاندا ئەوەیان باسکردووە و نەیانشاردۆتەوە، هەرچەندە لەو پێناوەشدا باجی زۆر قورس و گرانیان دا بێت .
شوان ئەحمەد، سەبارەت بە نووسەری کتێبەکە ئەوە دەخاتە ڕوو" (د.رەمسیس عەوەز) لەپاڵ ئەم کتێبەدا ،لە کتێبێکی دیکەی و چەند لێکۆڵینەوە و توێژینەوەیەکی تریشدا،جگە لەو نوسەرانەی لەم کتێبەدا ناویان هاتووە،ئەدیبانی دیکەی وەک (ئۆسکار وایەڵد و ئی.ئم.فۆرستەر و دەبلیو ئۆدین)ی بەسەر کردۆتەوە و ئەوەشی بە ئەرکێک زانیووە ، بۆ ئەوەی هەقیقەتی ژیانی ئەو ئەدیبانە بۆ خوێندکارەکانی لە زانکۆ رون بکاتەوە و دیووە شاراوەکەی ، ئەو ئەدیبە ناودارانەیان نیشان بدات."

