ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا
شانۆکاری شاری هەولێر کارۆخ ئیبراهیم سەبارەت بە ڕۆژی جیهانیی شانۆ لە هەرێمی کوردستان بۆ سولی ئۆن دەدوێت و رەخنەی توند لە بەشێک لە شانۆکاران دەگرێت.
لەوبارەیەوە ئەو شانۆکارە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی شانۆ لە هەرێمی کوردستان، بۆ خوێنەرانی سولی ئۆن دەڵێت، "لەوەتەی هەم و هەستم کردووە هیچ کاتێک هێندەی ۲۷/۳ ی هەموو ساڵێک سووکایەتی بە شانۆ و شانۆکاران نەکراوە. من بڕوام وایە ئەو رۆژە لە کوردستان جگە لە مەراسیمێکی شەکراو خواردنەوە هیچی تر نییە. هەموو جارێکیش ئەو مەراسیمە بە مارەکردنی شانۆ لە چەند کەسێکی کاڵ فام و ناهۆشیار کۆتایی پێدێت."
لە درێژەی لێدوانەکەیدا کارۆخ ئیبراهیم دەڵێت، "من خۆم بەشداری هیچ مەراسیمێک ناکەم، چونکە زۆربەی شانۆ و شانۆکاران لە هیچ هەڵوێستێکی جددی بەشدار نین، بێ دەم و بێ هەڵوێستیرین کەسی ناو کۆمەڵگان. شانۆ لە ئێستادا تەسلیم بە هەستی چەند کەسێکی نا بەرپرس بووە و دابڕاوە لە هەوڵی بوێرانە، نە خۆی بە خاوەنی کۆمەڵگا دەزانێت و نە کۆمەڵگەش شانۆ بە هی خۆی دەزانێت."
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات "شانۆ خۆی داوەتە دەست قسە، قسەی گەورەی بێ کردار شانۆیەکی زیندووی کردۆتە مردوو، شانۆکارە مردووەکانیش بە تاسەوە یادی ئەو رۆژە دەکەنەوە و قەوانێکی کۆن لێدەدەن و بە تاسەوە گوێی لێ دەگرن. ئەوەش هۆکارگەلێکی زۆرە کە وایکردووە ئێمەی شانۆکار ئەو رۆژە لە کوردستان بە رۆژی شانۆکاری راستەقینە دانەنێین."