ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا
بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی شانۆ ٢٧ی ٣ لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەک چالاکی شانۆیی لە چەند شار و شارۆچکەیەک بەڕێوە دەچێت. لەم ڕاپۆرتەدا سولی ئۆن چالاکییەکانی شاری سلێمانی بۆ خوێنەران دەخاتە ڕوو.

لە شاری سلێمانی بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرەجوانەکان چەند چالاکییەکی تایبەت بەو ڕۆژە نماییش دەکەن کە سەرجەمیان لەلایەن خوێندکارانی بەشی شانۆوە ئامادەکراون بەڵام سەرجەم مامۆستایانیش وەکو سەرپەرشتیار هاوکاری قوتابیان بوون.
لەبارەی ئەو چالاکیانەوە کاردۆ عەزیز بەڕێوەبەری بەشی شانۆی پەیمانگای هونەرەجوانەکانی سلێمانی بە سولی ئۆنی ڕاگەیاند، "چالاکییەکانی ئێمە لە ٢٨ و ٢٩ی مانگدا دەستپێدەکات، ئێمە ئەمساڵ جیاوازتر کارمان بۆ ڕۆژی جیهانیی شانۆ کردووە، بەوەی کە خوێندکاران و مامۆستایانمان سەرجەمیان بە جلی پێشمەرگەوە دەوام دەکەن، هەندێک لە چالاکییەکانیشمان تەعبیرن لە بارودۆخی ئەمڕۆی کوردستان."
وتیشی، "لە ڕۆژی یەکەمدا مەراسیمەکەمان کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانی لەناو پەیمانگا دەستپێدەکات، بە بەخشینی خەڵاتی ڕێزلێنان بەو خوێندکارانەی کە باوکیان شەهید و پێشمەرگەن، هەروەها پێشانگایەکی هونەرمەند سالار مەجید لە هۆڵی "ئەزمونگەری" دەکرێتەوە. دوابەدوای ئەوە نمایشی چالاکی ساڵانەی بەشی شانۆ بە کردنەوەی پێشانگای وێنەی سەرجەم کارەکانی ئەمساڵ هەروەها پێشاندانی کار و چالاکییەکانمان بە ڤیدیۆ وەکو کارنامەی دەرچون و ئەزمونەکان. دواتریش لە هۆڵی بەدیعە دارتاش وتاری ڕۆژی جیهانیی شانۆ دەخوێنرێتەوە، دواتریش شانۆی "١٥ ساڵ بووم ویستم خۆم بکوژم" نمایش دەکرێت پاشان شانۆیی "گەڕانەوە بۆ نیشتیمان" هەروەها شانۆی "فاتێسلاڤ" نماییش دەکرێت. هەوڵمانداوە بۆ شوێنی نمایش ناو پەیمانگا هەموو بەکار بهێنین. وە لە ڕۆژی دووەمدا شانۆیی "گۆرانی ماڵئاوایی" لە هۆڵی بەدیعە دارتاش کاتژمێر ١١ی بەیانی دەستپێدەکات، دواتر شانۆیی "ماکبێس" لە باخچەی بەشی شێوەکاری نمایش دەکرێت، کۆتا کارمان شانۆیی " سۆناتای تارمایی" لە هۆڵی بەدیعە دارتاش نمایش دەکرێت."
بەڕێوەبەرایەتی شانۆی سلێمانی بۆ ڕۆژی جیهانیی شانۆ لە ساڵی ٢٠١٥ هیچ چالاکییەکی نییە، لەوبارەیەوە سەفین ئەنوەر بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی شانۆی سلێمانی بە سولی ئۆنی ڕاگەیاند، "ئێمە ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو چالاکیمان نییە و هیچ مەراسیمێک سازناکەین، ئێمە پار ساڵ کە حوکمەتی هەرێمی کوردستان بودجەیەکی ئەوتۆی بۆ کارە شانۆییەکان سەرف نەکردبوو، بۆیە پێنج کۆمپانیامان وەکو سپۆنەسەر بۆ کارەکان بەکار هێنابوو، بەو سپۆنسەرانە ئیشمان دەکرد، بۆیە ئەمساڵ نەمتوانی هیچ کارێکی شانۆیی ئامادە بکەین لەبەر ئەوەی ئەو پارەیەی کە مابووەوە هێندە نەبوو ستافێک بتوانێت بۆماوەی چەند مانگێک کۆببنەوە کارێکی پێ بکەن."
وتیشی، "سەرەڕای ئەمانەش ئێمە چەند ئیشێکی شانۆییمان دەبێت بەڵام نایانخەینە ڕۆژی جیهانیی شانۆوە، کە بریتین لە شانۆیی "گلگامێش" و "ئەنتیگۆنە" کە هەردووکیان لە ووڵاتی ئێرانەوە بانگهێشتکراون و بڕیارە لە مانگی چواردا لە سلێمانی نمایش بکرێن، جگە لەم کارانەش شانۆیی "جەستەی ژن" بڕیار بوو بۆ ٢٧ی ٣ نمایش بکرێت بەڵام بەهۆی وازهێنانی یەکێک لە ئەکتەرەکانەوە، جارێ ڕاگیراوە."

هەر بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی شانۆوە، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، زنجیرەیەک کتێبی شانۆیی چاپکردووە و بڕیارە لە ٢٧ی ٣ بڵاویان بکاتەوە.
لەوبارەیەوە "ئازاد بەرزنجی" سەرۆکی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بە سولی ئۆنی ڕاگەیاند، "ئێمە وەکو نەریتێک چەند ساڵێکە لە یادی ڕۆژی جیهانیی شانۆدا کۆمەڵێک کتێب چاپ دەکەین، بۆ ئەمساڵیش پێشوەختە خۆمان بۆ ئامادە کردووە و بەهیوان بتوانین لە کاتی خۆیدا، لە رۆژی جیهانیی شانۆدا بڵاویانبکەینەوە."
ئەوەشی خستەڕوو کە "کتێبەکان پێکهاتوون لە ٦ کتێب و بریتین لە:
مراوییه کێوییهکه - نووسینی: هێنریک ئهبسین/ وهرگێڕانی له نهرویجییهوه: هاودهم ساڵح جاف،
تێۆرهکانی دهرهێنانی شانۆیی – نووسینی: دانا ڕهئووف
چهند وانهیهک بۆ ئهکتهری لێهاتوو- نووسینی: مایکڵ چێخهف/ وهرگێڕانی له ئینگلیزییهوه: عهلی غوسمان یاقووب
سێ شانۆنامهی فرهنسی: وهرگێڕانی له فڕهنسییهوه د. موحسین ئهحمهد عومهر
دهرگا داخراوهکان – نووسینی: ژان پۆل سارتهر/ له فهڕهنسییهوه د: نهجاتی عهبدوڵڵا
یهڵماز گۆنای و ڕۆڵی له سینهمای دۆکیۆمێنتی له خهباتی نیشتمانیدا - نووسینی د. ئیبراهیم مهحموود/ وهرگێڕانی له عهرهبییهوه: ئهحمهد سالار