ئێوارەیەک بۆ شانۆکارانی کۆڕی شانۆی با لە غەزەلنووس

29/03/2015    23:50

ئێوارەیەک بۆ شانۆکارانی کۆڕی شانۆی با لە غەزەلنووس 


Şano

ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵا

ئێوارەی دوێنێ ٢٨/٣/٢٠١٥ ناوەندی غەزەلنووس بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی شانۆوە، مەراسیمێکی ڕێزلێنانی بۆ شانۆکارانی "کۆڕی شانۆی با" ڕێکخست، مەراسیمەکە بە ئامادەیی ژمارەیەک لە نووسەر و هونەرمەندان بەڕێوە چوو و تیایدا ناوەندی غەزەلنووس خەڵاتی "شانۆکاری ساڵ"ی بەخشی بە شانۆکار "تایەر عەبدولواحید" لەپای ئەو خزمەتەی کە ئەو شانۆکارە پێشکەشی کردووە.

لە مەراسیمەکەدا "هەوراز محەمەد" وتەیەکی لەسەر کۆڕی شانۆی با پێشکەش کرد و وتی " کۆڕى شانۆى با لە رێى کارەکانیەوە لەم پانتاییەدا کار دەکات.. هەمیشە دەنگى ئەوان دەنگى مرۆڤ بووە، بەئازارەکانیەوە، بەخەندە و پێکەنینەکانیەوە. شانۆیان بۆ کردوینەتە ئەو بەهەشتەى عەسران پێکەوە تیایدا گوێ لەسەداى ئەو حەیرانە بگرین، کاتێک دنیا بێتام بوو ئەمان وتیان.

لە جەوهەریترین خاڵە بەهێزەکانى ئەم گروپە ئەوەیە دەنگێکى جیاوازن و لە خۆیان دەچن. باش دەتوانن گوزارشت لە رەوشى مرۆڤى سەردەمەکەیان بکەن. لە کاتە جیاوازەکانى خۆشى، ناخۆشى، شەڕ، خۆشگوزەرانى، یارمەتى و سپۆنسەرى دەوڵەتى هەبێت یان نەبێت، مووچە هەبێت یان نەبێت، ئەمان بەردەوامن. ئەم کۆمەڵە هونەرمەندە لەساڵانى رابردوودا بەردەوام کاریان کردوە و لە رەوتى خۆیان لایان نەداوە.. ئەوەى گرنگە بەشێک لە هاووڵاتیان ساڵانە چاوەڕوانى بەرهەمى تازەى ئەم گروپەن. ئەگەر ساڵێک کارێکیان نەبینین وەک ئەوە وایە شتێکى گرنگمان لێ ون بووبێت."

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد" خۆشبەختانە وا ئەمسالیش لە نمایشی کارێکى نوێى ئەم گروپە نزیک دەبینەوە، کە ماوەى پێج مانگێکە ستافێکى نزیک لە 15 کەسى خۆبەخشانە هەموو عەسرێک پرۆڤە دەکەن. لەم بارودۆخە ئابووریەى ئێستاى وڵاتدا ستافێک بەو رێژەیە و هەموو رۆژێک خۆبەخشانە کاربکەن، سوپاسى دەوێت. لەم فەزاى خوێن و بۆنى باروتەدا کۆمەڵێک هونەرمەند شانۆ دەکەن، سوپاسى دەوێت. لە نیشتمان و سەرزەمینێکدا کە بەدەست گرفتى قوڵەوە دەناڵێت، کۆڕى شانۆى با هەیە سوپاسى دەوێت. "

هەر لەو مەراسیمەدا بەڕێوەبەرانی غەزەلنووس، خەڵاتی ڕێزلێنانی غەزلنووسیان پێشکەش بە شانۆکار "تایەر عەبدولواحید" کرد و وەک شانۆکار ساڵ دەستنیشانیان کرد.












هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw