ئامادەکردنی : ئاراس عەبدوڵڵا وەرگێڕی بەتوانای کورد "عەزیز گەردی" هەر ٣ بەرگی کتێبی "کۆمیدیا"ی شاعیری ئیتاڵی "دانتێ ئەلیگیێری" لە زمانی ئینگلیزییەوە بۆ کوردی وەردەگێڕێت و بڕیارە لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بەشێوەی بۆکس، چاپ و بڵاویبکاتەوە. "ئازاد بەرزنجی" سەرۆکی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم سەبارەت بەم کتێبە بە سولی ئۆنی ڕاگەیاند" کۆمیدیای یەزدانی، مامۆستا عەزیز گەردی لە ئینگلیزییەوە کردوویەتی بە کوردی و بەراوردی کردووەتەوە لەگەڵ فەڕەنسییەکەی، ئەو پێی باش بوو "یەزدانی"یەکەی لەگەڵ نەبێت چونکە لە ئیتاڵییەکەیدا هەر بە ناوی "کۆمیدیا"وە بڵاوبووەتەوە، بەڵام لە وەرگێڕانەکانی دیکەدا بووە بە {کۆمیدیای یەزدانی}." وتیشی"کتێبی کۆمیدیا لە ٣ بەرگ پێکدێت و هەر بەرگێکی ٥٠٠ لاپەڕەیە و سەرجەمی بەرگەکان نزیکەی ١٥٠٠ لاپەڕە دەبێت، دەمانەوێت بە کوالێتییەکی باش چاپی بکەین و بەشێوازی بۆکس بڵاویبکەینەوە، ڕەنگە تا نزیکەی مانگێکی دیکە بڵاویبکەینەوە." "کۆمیدیا" یان "کۆمیدیای یەزدانی" یەکێکە لە دیوانە ھەرە ناودارەکانی جیھان، بە زمانی ئیتالی نووسراوە و بریتییە لە سێ بەش: لە بەشی یەکەمدا دانتێ سەرگەردانی "دۆزەخ"ـە، ئەو مرۆڤگەلەی لە ژیاندا تاوانکار بوون، لێرە، لە نۆ بازنەدا ئەشکەنجە دەدرێن. ھەتا بازنە قووڵ بیتەوە، تاوان سەختتر و ئەشکەنجە زیاتر بەسۆیە. "بەرزەخ" بەشی دووەمە، ئەمیان چیایەکی ھەفت بنارە، مردووەکان بۆ پاکبوونەوە لە تاوانەکانیان، دەبێت ھێدی ھێدی بەسەریاندا ھەڵکشێن. لێرەدا دانتێ بە دیداری یاری جەوانەمەرگ Beatrice شاد دەبێتەوە. بەشی سێیەم بەھەشتی نۆ ئاسمانە. ئاسمانی ھەرە بەرز خانەی یەزدانە و Beatrice خانەی ھەر لەوێیە.