شانۆکاری کورد "سدیق عەزیز" لە وڵاتی نەرویج، شانۆنامەی "کەسیک هەردێت"ی نووسەری نەرویجی "یۆن فوسە" بەزمانی نەرویجی و بە نواندنی کۆمەڵێک ئەکتەری نەرویجی دەخاتە سەر تەختەی شانۆ، بڕیارە ئەم کارە شانۆیییە لە ڕۆژانی ٩ تا ١٢ی مانگی ٤ لە شاری "بێرگن" و لەسەر شانۆی " کۆرنە تێیاتەر" نمایش بکرێت، هەروەک دەرهێنەری ئەم نمایشە ئاماژەی بۆ دەکات "یۆن فوسە" یەکێکە لە نووسەرە دیارەکانی ئەمڕۆی شانۆی ئەوروپییە و دەقەکانی بۆ چەندین زمانی دنیا وەرگێردراون و بەردەوام لەسەر شانۆکانی ئەوروپا دەقەکانی نمایش دەکرێت، ئەم نووسەرە خاوەنی چەندین خەلاتە و بە "ئیبسن"ی ئەمرۆ ناودەبرێت، بەڵام بە زمان، ناوەڕۆک و تەکنیکی نوێی سەردەمیانەوە.
سەبارەت بە شێوازی کارکردن و وابەستەبوونی خۆی بە ڕێبازێکی دیاریکراو بۆ دەرهێنانی ئەم کارە شانۆییە، "سدیق عەزیز" بۆ سولی ئۆن وتی" خۆ بەستنەوە بە ڕێبازیک یان میتۆدێکی تایبەتی و دیاریکراوەوە، وابەستەبوون و سنوردارکردنی تواناکانی دەرهێنەرە لە خالیكی دیاریکراودا، شێوەیەکە لە شیوەکانی کۆیلەبوون، لەوەش کویلەتر ئەوەیە کە دەرهێنەر نەیتوانی خاوەنی زیاد لە تێرامان و زیاد لە خوێندنەوە و بۆچونێک بێت لەدەروەی سنوری بیرکردنەوەکانی نووسەری دەق. ئەمە بەو مانایە نیە کە من لەژیر کاریگەری ڕێباز و میتۆدی دەرهێنەرە جیهانیەکاندا نەبم، بەلام وەک پیتەربروک دەڵێت: کاتێک خەلکانێک بە کەوچکی برێخت یان ئارتۆ پاروەکانیان پڕدەکەن بۆ کارە هونەرەکانیان، بەلام بێ ئەوەی ئامادەیی ژیانێکی زیندووی تێدا بەدیبکرێت."
ڕونیشیکردەوە" بەبروای من میتۆدەکان بۆ توانا سازی و گەشەو گەورەکردنی تواناکانی ئەکتەرە، میتۆدەکان دەرئەنجامی کاری ئەزمونگەرین و بە پرۆسەیەکی دورودرێژی کارکردندا دەروات ، تا ئەکتەر بتوانێت لە ڕیگایەوە شیوەیەکی نوێ لە پەیوەندی و مانایەکی نوێتر لەنیون خۆی بیەردا بدۆزنەوە. میتۆدەکان دەخوێندرێن وەک پاش خانێک مەعریفی بۆ شانۆکارو بە ئاگابوونیان لە دنیای شانۆ ، بۆ وەرگرتنی ئینسپراشیۆن و فراون بوونی دنیابینیانە ،نەک کۆپیکردنەوەی میتۆدەکان ، بۆ تێگەیشتنە لە بەهای جوانکاری و گەیاندنی ئەکتەرە بە ئاستێکی بالاتر . میتۆدەکان بۆ هاوکاریکردنی دەرهێنەرە لە کاتی خوێندنەوە و بنکۆلکردن و دەقیكی شانۆی بۆ نمایش ، پیتەربروک لە کتێبی هیچ نهێنیەک لە ئارادا نیە دەلیت دەتوانم بە چەند سەعاتێک ئەوە هەیە فێری هەرکەسێکی بکەم کە بیەوێت ، بەلام فێرکردن شتیکەو پراکتیزەکردنی میتۆدەکە شتێکی دیکە. بەکورتی میتۆدەکان هاوکارین بۆ قۆناغی کاری ئەزمونگەری و کە دەرئەنجامەکەی دەبێتە کارێکی شانۆیی، ئێمە تەنها میتۆدەکان دەخوینینەوە، بەبێ بوونی مامۆستایەکی راستەقینە."
ئاماژەی بۆ ئەوەیش کرد" سەبارەت بە چۆنیەتی کارکردنی من لەم دەقەدا، ئەوەیە کە من خاوەن خوێندنەوەیەکی تایبەتیم، کە لە خودی کێشە و گرفتەکانی ناو دەقەکەوە سەرچاوەی گرتووە. دەق لە ڕیگای دەرهێنەروە جارێکی تر خۆی بەرهەم دەهێنێتەوە. لەم دەقەدا باس لە ژن ومیردێک دەکات کە کۆمەلگە بە جێ دەهێلین و حەز لە ژیانێکی تەنهایی دەکەن، لە شوێنیکی چۆڵ و دوور لە هەمووکەسێک، بۆ ئەوەی یەکتریان لەدەست نەچێت و خۆشەویستییان بەردەوامبێت، کە پەیوەندی بەمەسەلەی غیرەوەهەیە، کەسایەتییەکان زیاتر لە حالەتێکی دەرونی نا ئارام و دڵەراوکییدان، بەوەی کە کەسێک دێت یان نایەت. بەلام کیشە و غێرەی نێوان ئەم ژن و مێردە، لای من بۆتە کێشە و غیرە لەنیوان ژن و مێردیک، کە هەریەکەیان سەر بە کولتورو دینێکی جیاوازن، بۆتە کێشەی نێوان پیاوێکی ڕۆژهەڵاتی و ژنیكی رۆژئاوایی. جگەلەوەی کە فکرێکی فەلسەفی قول لەپشت ئەم تیکستەویە بۆ دنیای کۆمەلەگەی مۆدێرەنە، کە چۆن پێشکەوتنی زانست و کاریگەریەکانی تەکنەلۆژیا و تۆرەکانی پەیوەندیکردن ، سەرجەم مرۆڤایەتیان خستۆتە ژێر کۆنترۆل و نائارمی و دلەراوکێیەوە، بۆتە هۆکاری هەستکردن بە تەنهایی و ونکردنی برواکردن بەیەکتری وتێکدانی بنەماکانی خێزان"

