ئامادەکردنی: دالیا کەمال بە جیاواز لەساڵانی ڕابردوو ، ئەمساڵ خەڵاتی زێرینی بلە بەخشرا یە ژمارەیەك شارو شوێن و ڕەمزی كوردستان ، كە كەلەڕابردوودا نمونەی بەرگری ڕاستەقینەبوون لەخاك و خەڵكی كوردستان . ئەمڕۆ ٠٨/٠٤/٢٠١٥ لەمەراسیمی خەڵاتی زێرنی بلەدا کە لە هۆڵی تەلاری هونەر بەڕێوەچوو، ژمارەیەك لە كەسایەتی حیزبی و حوكمی و كەسایەتی ناسراوی كوردستان ئامادەبوون . خەڵاتەكانیش بەم شێوەیە بوو ، خەڵاتی "مێژوویەك لە نەهامەتی" درایە تەلیعە حسێن سوارە ، كە خاوەنی خێزانێكی نموونەییە لە قوربانیدان لە پێناو خاكی كوردستاندا. خەڵاتی "خانەوادەی شەهیدان" درایە لیوا چەتۆ سالح كەلە خێزانێكی ١١ كەسی٨ كەسیان شەهیدە وتەنها 3 ئەندامیان ماوەتەوە و خۆشی پێشمەرگەیە لەشەڕی بەرەگاربوونەوەی گروپی تیرۆرستی داعش . سێیەم خەڵاتی بلە درایە مامۆستا ئەنوەر قەرەداغی لەبەرامبەر سروودی شەهیدان كە لەگەڵ عوسمان سەعید پێكەوە تێكستەكەیان نوسیوە. چوارەم خەڵات بۆ پارێزگای هەڵەبجە تەرخانكرابوو ، كە سەرخێل غەفار وەک نوێنەری ئەو شارە خەڵاتەكەی وەرگرت. ئەوەش بەهۆی ئەو قوربانیە زۆرەی كە ئەو شارە لە پێناو كوردستانی داویەت. خەڵاتی پێنجەم درایە شاری شەنگال و حەنیفە عباس وەك خوشكی 5 پاكیزەی شەنگال، لەبەرامبەر ئەو كارەساتەی لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە بەسەریان هات. شەشەم خەڵاتی بلە درایە شاری كۆبانی ڕۆژ ئاوای كوردستان كە توانی لەشارەكەیدا چۆك بە داعش دابدات و شەرڤان نەسرین تەم خەڵاتەكەی وەرگرت . هەرلەو مەراسیمەدا شاناز ئیبراهیم ئەحمەد سكرتێری ڕێكخراوی ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشن، لەوتەیەكدا ڕایگەیاند كارێكی گرانە لەناو گەلێكی نمونەیدا، چەند كەسایەتیەكی نمونەیی هەڵبژێردرێت و ئاماژەی بەوەكرد ، مەراسیمەكەی ئەمساڵیان وەك تەحەدایەك بووە لەبەرامبەر كارە قێزەونەكانی داعش . مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد لە ٨/٤/ ٢٠٠٠ لەشاری لەندەن كۆچی دووایی كرد و وەك ڕێزلێنانێك لەو پیاوە مەزنە لە ساڵی ٢٠٠٢ ڕێكخراوی ئیبراهیم ئەحمەد فاوندەیشن بەناویەوە دامەزاراوە و ساڵانە چەند كەسایەتیەك وەك كەسایەتی نموونەیی ساڵ خەڵات دەكات . وێنەکان بە سوپاسەوە لە پەیجی فەرمی کوردسات لە فەیسبوک وەرگیراوە.