ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا
دوای دەرچوونی ١٣٤ ژمارە لە هەفتانەی "هزر و هونەر"ی سەر بە ڕۆژنامەی خەبات، ئەمڕۆ ٩/٤/٢٠١٥ دوایین ژمارەی ئەو بڵاوکراوە ئەدەبی و هونەرییە دەرچوو، ڕۆژنامەی هزر و هونەر هەفتەی جارێک لەگەڵ ڕۆژنامەی خەباتی زمانحاڵی پارتی دیمکوکراتی کوردستان بڵاودەکرایەوە، ئێستا بە بیانوی نەبونی بودجەوە مەکتەبی ڕاگەیاندنی ئەو حیزبە بڕیاری داخستنی ئەو هەفتەنامەیەی داوە و هەر ئەمڕۆش دوایین ژمارەی بڵاوکرایەوە.
لەوبارەیەوە "نەجات حەمید" سەرپەرشتیاری "هزر و هونەر" لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی" لە ڕۆژی یادكردنەوەی بە ئاشكرا دەرچوونی ڕۆژنامەی خەباتدا، مەكتەبی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری داخستنی هەفتەنامەی (هزر و هونەر)ی دەركرد، داخستنی هزر و هونەر نەك بە تەنها دەستوەشاندنێكە لە هونەر و فیكر و ئەدەب، بەڵكو دەست وەشاندنێكە لە توانای پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەرهەم هێنانی بیری كرانەوە و داهێنان لە فیكرو ئەدەبدا، هەروەها زەرەر گەیاندنە بە قوتابیان و زانكۆكانی كوردستان كە سوودیان لە هزرو هونەر دەبینی لە خوێندن و لێكۆڵینەوەدا.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە داخستنی ئەو هەفتەنامەیە"دەست وەشاندن بوو لە هەموو ئەو نووسەرە جدی و خەم خۆرانەی كە هزر و هونەریان كردبووە سەرچاوەی نووسینەكانیان، بێگومان داخستنی هزرو هونەر لە ژێر پاساوی كەمیی پارە و بارودۆخی خراپەوەیە، لەگەڵ ئەوەشدا لە جیاتی داخستن ڕێگەی دیكە زۆربوون بۆ بەردەوام بوونی، بەڵام هیچ دەرفەتێك بەو هەفتەنامەیە نەدرا لە مردن ڕزگار بكرێت."
