ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا
وەرگێڕی بەتوانا "بەکر شوانی" کە زۆرێک لە ڕۆمانەکانی نووسەری گەورەی تورک "ئۆرهان پاموک"ی لە زمانی تورکییەوە لە ڕابردوودا بۆ کوردی وەرگێڕاوە، هۆکاری دووبارە لە چاپ نەدانەوەی ئەو بەرهەمانەی کە لە ڕابردوودا وەریگێڕابوون بۆ سولی ئۆن ئاشکرا دەکات و دەربارەی کاری نوێی خۆی لەبواری وەرگێڕاندا دەدوێت.
لە رابردوودا شوانی چەند بەرهەمێکی پاموکی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕابوو، بەڵام لە ئێستادا چاپی ئەو بەرهەمانە لە بازاڕدا نەماوە و داوایەکی زۆریشیان لەسەرە، هۆکاری چاپنەکردنەوەی ئەو بەرهەمانە لەلایەن "بەکر شوانی"یەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو وەرگێڕە ڕێساکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردستانی بەدڵ نییە و ئێستا لە هەوڵی دۆزینەوەی میکانیزمی دیکەی بڵاوکردنەوەدایە.
سەبارەت بە دووبارە چاپنەکردنەوەی بەرهەمەکانی پاموک و بڵاونەکردنەوەی کاری نوێی خۆی "بەکر شوانی" بە سولی ئۆنی ڕاگەیاند" شێواز و چۆنایەتی و ڕێساکانی چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردستانم بەدڵ نییە و نیازم نییە لەمەودوا بەرهەمی خۆم بە خاوی بدەم بە هیچ دەزگایەکی ناوخۆی وڵات. هەندێك کارم کردووە بۆ ئەوەی لەبەرەوە خۆم کتێبەکانم لە دەرەوەی کوردستان بە چۆنایەتییەکی باش و بە شێوازێکی شیاو بە خوێنەری کورد چاپ بکەم و بیاننێرمەوە بۆ کوردستان."
وتیشی" کێشەیەك کە لێرەدا ڕووبەڕووم دەبێتەوە، دابینکردنی مافی دانەرە، چونکە ئەو کتێبانەی کە من لە تورکی و ئەڵمانییەوە وەریان دەگێڕم، خاوەنەکانیان، یان دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەیان داوای مافی دانەر دەکەن و ئەوەیش مافی خۆیانە. ئێستا چەند هەوڵێکم بەدەستەوەیە بۆ چارەسەکردنی ئەو لایەنەی کارەکە و ئومێدم وایە لە ماوەی ئەم ساڵدا دەست بە چاپکردنی کتێبەکانم بکەم. ئەو کتێبە وەرگێڕدراوانەی کە دەمەوێت بۆ جاری دووەم، یان سێیەم چاپیان بکەمەوە، بریتین لە: ١. ڕۆمانی "بەفر"، ئۆرهان پاموك ٢. ڕۆمانی "قەڵای سپی"، ئۆرهان پاموك ٣. ڕۆمانی "من ناوم سوورە"، ئۆرهان پاموك ٤. ڕۆمانی "مۆزەخانەی پاکیزەیی"، ئۆرهان پاموك ٥. یەشار کەمال سەبارەت بەخۆی دەدوێت، هەڤپەیڤین لەگەڵ ئالان باسکوێ ٦. کورد و ڕاپەڕینەکانی لە ئەرشیڤی دەوڵەتی عوسمانیدا، سینان هاکان."
سەبارەت بە کاری نوێی خۆی ئەو وەرگێڕە وتی"کتێبە تازە و چاپ نەکراوەکانم کە بۆ چاپ ئامادەن: ١. "ڕۆماننووسی سادە و ڕۆماننووسی بیرکەرەوە"، لێکۆڵینەوە، ئۆرهان پاموك ٢. "من کوردم"، بریتییە لە ٥٠ چیرۆکی عەزیز نەسین کە ڕاستەوخۆ لە تورکییەوە وەرمگێڕاون. ٣. "زمانی دڵ"، کۆمەڵێك چیرۆك و بابەتی ئەدەبی و دیمانە و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی و مێژوویین و هەموویانم لە زمانی تورکییەوە وەرگێڕاوە، یان ئامادە کردووە."