سازدانی: ئاراس عەبدوڵڵا
دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بەپێی بڕیاری ژمارە (٩٨)ی رۆژی ٢٥/١٠/١٩٩٨ی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دامەزراوە، لەوکاتەوە ئەم دەزگایە بە بڵاوکردنەوەی کۆمەڵێک گۆڤاری گرنگی بواری ئەدەبی، فکری و زانستی، هەروەها چاپکردنی کتێب لەبوارە ڕۆشنبیرییە جیاجیاکاندا؛ خزمەتێکی بەرچاوی بە کتێبخانەی کوردی کردووە، بەڵام لەم دوو ساڵەی دواییدا ئەم دەزگایە ڕووبەڕووی کێشەی دارایی بووەوە، ئەویش پاش کەمردنەوەی مینحەی دەزگاکە لەلایەن حکومەتەوە و دواجار بڕینی سەرجەم مینحەی دەزگاکە، ئێستا ئەو دەزگایە لە قەیرانی داراییدایە و ئەگەری کەوتنی دەزگای سەردەم وەک سەرۆکی ئێستای دەزگاکە ئاماژەی بۆدەکات لەئارادایە، لەم گفتوگۆیەدا لەگەل "ئازاد بەرزنجی" سەرۆکی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سولی ئۆن هەوڵدەدات گفتوگۆ لەبارەی پلان و کاری سەرپەرشتیارانی ئەو دەزگایەوە بکات لەم قەیرانەدا کە ڕووبەڕووی دەزگاکە بووەتەوە و هەروەها قسەی ئەوان وەک سەردەم لەسەر ئەو بڕیارەی حکومەت بڵاودەکاتەوە.
سولی ئۆن : لە کەیەوە بەتەواوەتی مینحەی دەزگای سەردەم بڕدرا لەلایەن حکومەتەوە؟
ئازاد بەرزنجی : لە ١ی ١٠ی ٢٠١٤ـەوە مینحەی دەزگای سەردەم بڕدراوە، پێشتر تاکو کۆتایی ساڵی ٢٠١٣ مینحەی سەردەم ١٠٠ ملیۆن دینار بوو، دواتر لە سەرەتای ٢٠١٤دا کرا بە ٥٠ ملیۆن دینار و ئەویش تا مانگی ٩ بەردەوام بوو، لەدوای ئەوەشەوە هیچ مینحەیەک بۆ دەزگای سەردەم نەنێردراوە.
سولی ئۆن: لەدوای بڕینی مینحەی سەردەم لەلایەن حوکمەتەوە، ئێوە چۆن کارەکانتان ڕیکدەخەن و قسەی ئێوە لەسەر ئەو بڕیارە چییە؟
ئازاد بەرزنجی: ئێوە دەزانن لە هەموو دونیادا دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە، بەتایبەتی ئەوانەی کە پرۆژەی دوور و درێژیان هەیە، هەموویان لەلایەن دەوڵەتەوە بودجەیان بۆ تەرخان دەکرێت، چونکە بەڕاستی ئەرکی بنیاتنانی گوتاری کلتوری لە ڕووە ماددییەکەیەوە لە ئەستۆی حکومەتدایە، چونکە دواجار ئەو کلتورە، کلتوری میللەتێکە، هی کەسێک و دووان نییە، ئەم دەزگایانە دەزگای تیجاری نین، کتێب خزمەت بە ئەفکار، زهن و ئەقڵی ئینسانەکان دەکات، شتێک نییە کە تیجارەتی پێوە بکرێت بەتایبەتی لە کۆمەڵگایەکی وەکو کۆمەڵگای ئێمەدا کە خوێنەر زۆر زۆر کەمە لەچاو ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکەماندا، بەپێی ئامارێک ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستاندا ٧ بۆ ٨ ملیۆن کەسی تێدا دەژی، کەچی تەماشادەکەیت کتێبێک جاری وایە چاپەکەی بە هەزار تیراژ نیوەی ناڕوات و نافرۆشرێت. کەس ناتوانێت پرۆژەی بەم چەشنەی سەردەم، بە شەخسی و تەنها بچێتە ژێر باری، تەنانەت ئەگەر دەوڵەمەندیش بێت. لە کۆتایی ١٩٩٨ـەوە دەزگای سەردەم بوونی هەیە، نزیکەی ١٧ ساڵە، ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستاندا ئەم دەزگایە خاوەن ناوبانگی خۆیەتی، نەک تەنها ئەوە لە دەرەوەی وڵاتەکەی خۆیشمان بەناوبانگە، ڕوویەکی گەش و ڕوخسارێکی درەوشاوەی ڕۆشنبیریی کوردییە، بەتایبەتی کە ئەم دەزگایە لە سلێمانییە و بەحساب پەرلەمان و حکومەت بڕیاریان داوە سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیرییە و پێویستە وا بناسێنرێت بەدنیا، ئایا ناساندنی پایتەختی ڕۆشنبیری لەوەوەیە بێیت یەکەم شت لەکاتی قەیرانی داراییدا پەلاماری دەزگا ڕۆشنبیرییەکان بدرێت و مینحەی ئەوان ببڕدرێت؟ ئەمەیە بەپایتەختکردنی شاری سلێمانی لەڕووی ڕۆشنبیرییەوە؟ بەڕاستی ئەمە کارەساتە.
سولی ئۆن : ئێوە چۆن مامەڵە دەکەن لەگەڵ ئەو دۆخەدا کە ڕووبەڕووی دەزگای سەردەم بووەتەوە، بەتایبەتی ئێستا و دوای بڕینی مینحەکەتان هەر بەردەوامن لە چاپکردنی کتێب؟
ئازاد بەرزنجی : ئێمە شتێک پارەمان هێشتبووەوە بۆ حاڵەتی ئیحتیات بەڵام ئەو شتە پارەیە لەپاڵ ئەوەی کە داهاتێکی کەممان هەیە،وردە وردە بە کارەکانی ئەم دواییەمان وا تەواو دەبێت و رەنگە بەرگەی مانگێک یان دووانی تر بگرین، ئەگەر هەر ئاوا بڕوات و مینحەمان نەبێت لەلایەن حکومەتەوە، دوو حاڵەت هەیە، یەکەمیان: یاخود حکومەت ئەو مینحەیەمان بۆ بگێڕێتەوە بۆئەوەی بەرنامە و ئەجندای کاری خۆمان بخەینە گەڕ. من بەرنامەیەکی زۆر تێر و تەسەلم دانابوو بۆ چالاکییەکانی دەزگاکە بەڵام بەداخەوە ئەوەتا ئەم قەیرانەمان لەپێشە. دوومیان: ئەگەر ئەو مینحەیە نەمێنێت ئەوسا ئیتر ناچارین پەنابەرینە بەر کۆمەڵێک شێوازی تر، ئەوە هیچ کە ئێستا کۆمەڵێک ئیشمان کردووە لە کەمکردنەوەی خەرجییەکان و کارمەند و جگە لەوە، ئەوە بۆ ماوەی ساڵێک و سێ مانگە کارمەندەکانمان بە نیوە موچە بە ئەنجومەنی دەزگاکەشەوە کار دەکەین، ئەمە لە پێناوی ئەوەی دەزگا ڕۆشنبیرییەکە نەکەوێ و بمێنیت، وەکو وتم ئەمە دەستکەوتێکی شارستانی ئەم میللەتەیە بەر لەوەی هی شەخس و شارێک بێت، ئیتر ئەمەش مەسولیەتێکە ئەکەوێتە سەر شانی ئەوانەی کە خۆیان بە بەرپرس دەزانن لەم وڵاتەدا، لە وەزیرەوە تاوەکو پەرلەمانتارەکان، لە پەرلەمانێکدا کە نوێنەری میللەتە چەنەها شتی وا ڕوودەدات کەچی پەرلەمانتارێک نایاتە دەنگ بڵێت ئەرێ کاکە مەعقولە لە وڵاتێکدا کە خەتەری جەهل و نەخوێندەواری و ئوسوڵەیەتمان لەسەرە، ئەوەی کە ئەمڕۆ بتوانێت ڕووبەرەوەی ئەم جۆرە توندوتیژی و نەفامی و جەهالەتە ببێتەوە خوێندەواری و سەقافەتە کە لە ڕیگەی دام و دەزگا ڕۆشنبیرییەکانەوە بڵاودەکرێتەوە، کەچی بێدەنگی هەڵدەبژێرن لەئاست ئەم شتانەدا.
سولی ئۆن: لەحاڵەتی ئەوەدا کە ئێوە هیچ ڕێگە چارەیەکی ترتان لەبەردەمدا نەمێنێت، چالاکییەکانی دەزگای سەردەم بەرەو وەستان بچێت، ئێوە پەنا نابەنە بەر هیچ چالاکییەکی مەدەنی؟
ئازاد بەرزنجی : ئێمە ئەگەر بمانەوێت لە ئێستاشدا ئەوەندە هاوڕێ و دۆست شک دەبەین کە بتوانیت جۆرێک لە حاڵەتی ناڕەزایی بخەینە بەرچاو لە هەموو هەرێمی کوردستاندا، بەڵام ئێمەش وەکو هەر هاوڵاتییەک وتومانە با ڵەگەڵ میللەتەکەماندا بەرگەی نەهامەتی و تاڵییەکان بگرین، حەتا تا ئەو حەددەی کە کارمەندەکانمان بەنیوە موچە کار دەکەن. ئەمەمان کردووە بەو ئومێدەی تا دوو مانگی تر بزانین چی دەبێت، ئایا حکومەت چ بیانوویەکی دەبێت ئەوکاتە، ئەبووایە بهاتنایە سەیری دەزگاکەیان بکردایە و بیانزانیایە چالاکییەکانی سەردەم چییە و چاپکراوەکانی چییە، خەرجییەکانی چییە، ئەوکات من دڵنیام لەجیاتی ئەو ٥٠ ملیۆنەی کە وەکو نیوە مینحە دەیاننارد، زیادیان دەکرد. چونکە ئێمە ٦٣ کارمەندمان هەیە، جگە لەوە ئەو پارەیە سێ چوار زجیرە کتێبی پێ دەربکە، ٦ گۆڤاری پێ دەربکە، ئەوە هەر بۆ زانیاریتان ئێمە ئێستا هەموو گۆڤارەکانمان وەستاندووە و کردوومانە بە گۆڤاری ئەلکترۆنی لەم بار و دۆخەدا، چاوەڕێی ئەوەین بزانین حکومەت هەڵوێستی چی ئەبێت.
سولی ئۆن : لەحالەتێکدا ئەگەر دۆخی دەزگاکە هەر وەک خۆی مایەوە، ئێوە چی دەکەن؟
ئازاد بەرزنجی : ئەوکاتە ئێمە دوو ڕیگەمان لەبەردەمدا دەبێت، یاخود ئەوەتا ڕایدەگەیەنین ئێمە وەکو شوێنێک کە پەیوەندیمان بە هیچ شوێنێکەوە نامێنێت، ئیتر بە سپۆنسەر بێت یاخود کاری تر، بۆئەوەی بەردەوامی بە کارەکانمان بدەین، یان ئەوەتا حکومەت مینحەی دەزگاکە بگەڕێنێتەوە ئەگەر خەمخۆری دام و دەزگای ڕۆشنبیریین و ڕۆشنبیرییان بەلاوە مەبەستە لەم وڵاتەدا، بەڕاستی ئەو ٥٠ ملیۆنەی کە دەنێردرا لەلایەن حکومەتەوە لەگەڵ ڕێزمدا لەوانەیە موچەی ٤ پەرلەمانتار نەبێت، ڕەنگە ئەو مینحەیەی ئێمە هی دوو شەوی سووری هەندێک بەرپرس و مەسئول بێت لەم وڵاتەدا.
سولی ئۆن : ئەو پرۆژانە چین کە بەهۆی بڕینی مینحەی دەزگای سەردەمەوە ئێستا ڕاتانگرتوون؟
ئازاد بەرزجی : بۆ نمونە، ئەوە گۆڤارەکان بەتەما بووین هەموویان پەرەی زیادتری پێبدەین. جگە لەوە ئێمە پرۆژەمان هەبوو پرۆژەی کتێبی نۆبڵ، ئەو کتێبانەی کە نووسەرەکانیان خەڵاتی نۆبڵیان وەرگرتووە، بەجۆرێک کە ئێمە تەکلیف لە وەرگێڕ بکەین لە زمانەکانی دونیاوە بۆ کوردیی وەربگێڕن بەرامبەر بە پاداشتێکی باش، چونکە خۆیانی بۆ تەرخان دەکەن، ئەمە پرۆژەی درێژ خایەنمان بوو، هەروەها پرۆژەی کتێبی هەڵبژاردەمان هەبووە بۆنمونە "کۆمیدیای یەزدانی" کە بەناوی "کۆمیدیا"وە لە مانگی داهاتوودا بڵاودەبێتەوە یەکێکە لە کتێبەکانی ئەو پرۆژەیە و بەتایبەتی تەکلیفمان لە ئوستاز "عەزیز گەردی" کردووە وەری بگێڕێت، ئاخر ١٥٠٠ لاپەڕە لە زمانی ئینگلیزییەوە بکرێت بە کوردی و دواتر بەراورد بکرێتەوە بە فەڕەنسییەکەی کارێکی وا قورس و شاکارێکی جیهانی، ئەمە هەتا هەتایە بۆ کورد دەمێنێتەوە، بەڕاستی ئەمە جێی تەقدیرە، ئێستا من پاداشت هەرچەنێک تەرخان بکەم بۆ د.عەزیز گەردی کە نایشتوانین ئینجا یەک لەسەر دەی ماندووبوونەکەی نییە، کە ئەمە ناکاتە یەک لەسەر دەی دەعوەتی هەندێک مەسئول، کە ئەم بەراوردانە دەکەیت جاری وایە نائومێد دەبیت لەم وڵاتە و لەم حکومەتە بەداخەوە، من پێمخۆشە هەموو گوێیان لێ بێت، هەرچەندە من تا ئێستا زۆر لە کەناڵ و تەلەفیزیۆنەکان پێیان وتووم بۆ چاوپێکەوتن هەر وتومە جارێ نا، بەڵام وابڕوات ناچارین هەموو ئەو شتانە باس بکەین.
