ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا
"دڵڕەقیی و بێماڵیی" دوایین کتێبی نووسەر و ڕووناکبیری کورد د.مەریوان وریا قانعـە و بڕیارە رۆژی ٢ی ٥ی ٢٠١٥ لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی ئەندێشە لە مەراسیمێکی تایبەت بە زنجیرەیەک لە بڵاوکراوە نوێکانی ئەو ناوەندە و بە ئامادەیی نووسەر بڵاوبکرێتەوە. وەک نووسەر ئاماژەی بۆ کردووە ئەم کتێبە نوێیەی تێکەڵکردنی دوو کایەی فیکرییە بەیەکتری، کایەی ڕەخنەی ئەدەبیی بە کۆمەڵناسیی کولتور.
لەبارەی ئەم کتێبە نوێیەی خۆیەوە د. مەریوان وریا قانع لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی"ئەم کتێبە کۆمەڵێک لێکۆڵینەوەیە لەسەر ئەزموونی ئەدەبیی کۆمەڵێک نووسەری گرنگ. لە نووسەرە کوردەکاندا خوێندنەوە بۆ ئەدەبیاتی قانع و حاجی قادری کۆیی و شێرکۆ بێکەس و حسێن عارف. لەناو عەرەبەکاندا خوێندنەوەی ئەزموونی محەمەد ماغوت و ڕۆماننوسی سوریی مستەفا خەلیفەیە، کە ھەردوکیان دوو نووسەری دیاری دونیای عەرەبن."
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە "بەشێکی تری کتێبەکە تەرخانە بۆ تێڕامان لە ھەندێک لە کارەکانی ئەلبێر کامۆ، بەتایبەتی لە ڕۆمانی ”غەریب“ و ”تاعون“ و کتێبی ”ئەفسانەی سیزێف“ و ”مرۆڤی یاخیی“. نیشتەجێکردنی ھەمووشیان لە ڕەوتی مێژووی کۆمەڵگای کوردیدا لە ساڵانی حەفتا و ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا.
دوابەشی کتێبەکەش خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەیە بۆ ڕوانینی نووسەرانی قوتابخانەی فرانکفۆرت بۆ ڕۆڵی و ھونەر و ئەدەبیات لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا. لەم بەشەدا ڕوانینی فرانکفۆرتییەکان لەپاڵ ڕوانینەکانی کۆمەڵناسی فەرەنسی پیار بۆدریۆدا دانراوە و بەیەکتری بەراوردکراون."
هەرچی سەبارەت بە پێشەکی کتێبەکەیە نووسەر دەڵیت، "پێشەکی کتێبەکەش ڕاوەستانە لەسەر دیدی جان پۆل سارتەر و رۆلاند بارت بۆ ئەدەب و خەیاڵ و ئیلتیزام و مەسەلەی لایەنداریی یان بێلایەنیی نووسەران."
