پەیامی: ئیسرائیل گالڤن
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال
کارمن ئامایا، ڤالێسکا گێرت، سوزوشی هانایاجی و مایکڵ جاکسن. من ئەمانە وەک بەرهەمهێنەری وزە دەبینم کە ئەمە وام لێدەکات بیر لە گرنگی کۆریۆگرافی بکەمەوە لەو وزەیەی ئەو سەماکەرە دەمداتێ لە ڕێگەی جوڵەکانییەوە. بێگومان گرنگترین شت کۆریۆگرافی نییە، بەڵام بە دەقیق ئەو وزەیەیە، ئەو گێژەڵووکەیەیە کە ڕامان ئەچڵەکێنێ.
ئەمە وەک کۆیلێکی تێسلا دەبینم کە سەرنجی هەمووان ڕادەکێشێ و تیشکێکی ساڕێژبوون دەنێرێ و دەبێتە هۆی گۆڕانکارییەک لە جەستەی سەماکاراندا. پینا باوش دەبێتە کولـلـە حاجی (بالووکە - mantis )، ڕایمۆند هۆگ دەگۆڕێ بۆ پاشەڕۆی قالۆنچە، ڤیسینتی ئیسکودێرۆ ئەبێتە مێروویەک و تەنانەت بروس لیش دەبێتە هەزارپێ.
یەکەمجار کە سەمامکرد لەگەڵ دایکما بوو، حەوتەمین مانگی سکپڕبوونی بوو. ڕەنگە وەک زیادەڕەوییەک بیبینن. هەرچەندە من زۆرینەی کاتەکان بە تەنیا سەما دەکەم، وای دێنمە پێش چاوم کە من بە هاوکاری تارماییەکان سەما دەکەم، ئەمە وام لێدەکات ڕۆڵی "سەماکەری تەنهایی" فەرامۆش بکەم. دید- دیدی هۆبەرمان مەبەستی نەبوو وا بڵێ: لە گۆرانییەکانیا.
کاتێ مناڵ بووم حەزم بە سەما نەدەکرد، بەڵام ئەوە شتێک بوو کە زۆر بە سروشتی و ئاسانی هاتە بەردەمم. شتێک بوو لە زگماکییەوە تیامابوو. بە تێپەڕبوونی کات هەستم بەوە کرد کە سەما توانای ساڕێژکردنی هەیە، بە نزیکەیی دەتوانین بڵێین کاریگەریی پزیشکیشی هەیە، یارمەتیدام بۆ ئەوەی زۆر گۆشەگیر نەبم و زیاتر بەڕووی ئەوانی تردا منی کردەوە. لە خەیاڵەکانما دیمەنی مناڵم دیوە کە تووشی ئیبۆلا بووە و بە سەما چارەسەر کراوە. دەزانم ئەمە خەیاڵێکی پڕوپوچانەیە ،بەڵام دەکرێ ڕووبدات؟
پاشان، سەما بووە خولیای من، هەموو کاتەکانی منی داگیرکرد، تەنانەت لەو کاتانەش کە وەستابووم هەر سەمام دەکرد، ئەمە منی لە واقیعی شتەکان جیا دەکردەوە. ئەزانم ئەمە باش نییە، خراپ و پێویستیش نییە بەڵام ...ئەمە ڕێگاکەیە. میلینای کچم، کاتێک من لەسەر قەنەفەکە بە بێ جووڵە دادەنیشم، بیر لە شتەکانی من دەکاتەوە، لەگەڵ دەنگە دەنگی خۆم، پێم دەڵێ: باوە، سەما مەکە.
شتەکە بەو جۆرەیە کە من خەڵکی دەبینم دەجوڵێن کاتێک بە شەقامێکدا پیاسە دەکەن، کاتێک بانگی تاکسییەک دەکەن، کاتێک بە ڕێگا جیاوازەکانیاندا دەجوڵێن، ستایل و شیواندنێکی تیایە لەم جوڵانانەیا. هەموویان سەما دەکەن! خۆیان نازانن بەڵام هەموویان سەما دەکەن! حەز دەکەم هاواریان لێ بکەم: هێشتا خەڵکانێک هەیە نازانن! هەموومان سەما دەکەین! ئەوانەی سەما ناکەن بەدبەختن، ئەوانە مردوون، هەست ناکەن و ئازار ناچێژن!
حەزم لە وشەی تێکەڵبوونە، نەک وەک وشەیەکی بازاڕی، دەنگە دەنگ بۆ فرۆشتنی ستایلێکی دیاری کراو، براندێک. پەرتبوونێکی باشتر، تێکەڵەیەکی زۆر وورد، تێکەڵەیەکی سەما وەک کۆکتێلێک: کۆکتێلێک کە قاچەکانی لەگەڵ خوان بێلمۆنتێ سەما بکات، باڵەکانی هی ئیسادورا دونجان بێت و نیوە لاربوونەوەکانی جێف کۆهنیش لە یاد نەکەین. لەگەڵ ئەم هەموو پێکهاتەیەدا تا بتوانین خواردنەوەیەکی چێژبەخش و خۆش دروست بکەین، کە خۆش و شیرین و هەرچییەک بە مێشکتا دێت. لاسایی کردنەوەی ئێمەش هەمان ئەو تێکەڵەیەیە، ئێمە لە کۆکتێلێکەوە هاتووین و خەڵکە ئۆرسۆدۆکسییەکانیش دەیانەوێت ئەم هاوکێشە نهێنییە بشارنەوە. بەڵام نا، ڕەگەز و دین و ڕێبازی سیاسی، هەموو شتێک تێکەڵە! هەمووان دەتوانن پێکەوە سەما بکەن! ڕەنگە تێکەڵی یەکتری نەبن، بەڵام لە تەنیشتی یەکتردان.
پەندێکی کۆنی چینی هەیە دەڵێت: "فڕەفڕی باڵەکانی پەپوولە دەکرێ لە هەموو دنیاوە هەستی پێبکرێ."کاتێک تەیارەیەک لە یابان دەفڕێ، گێژەڵووکەیەک ئاوەکانی کاریبیان دەجوڵێنێ. پێدرۆ جی ڕۆمێرۆ، پاش نمایشکردنی سەمایەک ووتی: هەمان ئەو ڕۆژەی بۆمبەکە لە هیرۆشیما کەوتە خوارەوە، نیژینسکی بازەکانی دووبارە کردەوە لە دارستانێکی نەمسادا. و من هێشتا بیر لەوە دەکەمەوە: برژانگەکانی ساڤیۆن گلۆڤەر وای لە مایکڵ باریشنیکۆف کرد ئاوڕ بداتەوە. لەو کاتەدا، کازو ئونۆ بە وەستاوی مایەوەو وزەیەکی کارەبایی لە ماریا مونۆزدا دروست کرد، کە ئەو بیری لە ڤۆنراد ڤێیدت دەکردەوە و لە دژی ئەکرەم خان دەجەنگا تا بومەلەرزەیەک دروست بکات لە ژووری خۆگۆڕینەکەیدا؛ زرینگەکەیان جوڵاند و زەوییەکە بە ئارەقەی جەستەی ئەوان داپۆشرا.
پێم خۆشە لێرەوە بتوانم ڕۆژی جیهانی سەما پێشکەش بکەم و ئەم وشانە بۆ هەر کەسێکە لەم جیهانەدا کە لەم چرکە ساتەیا سەما دەکات. بەڵام، ڕێم بدەن گاڵتەیەک و ویستێکیشم هەبێت: سەماکاران، موزیسیانان، بەرهەمهێنەران، ڕەخنەگران، ڕوونکەرەوان، با لە کۆتاییا ئاهەنگ بگێڕین، با هەموومان سەما بکەین، وەک ئەوەی بێژارت کردی، با بە ستایلێک سەما بکەین، با ئەو سەمایەی بۆلێرۆی ڕاڤێل کردی ئێمەش بیکەینەوە، با پێکەوە سەما بکەین.
سەرچاوە: international-dance-day.org

