مێژووی سەما و سەرهەڵدانی

29/04/2015    02:49

مێژووی سەما و سەرهەڵدانی 


Şano

ئامادەکردنی: پشتیوان کەمال

کارێکی گرانە گەر بمانەوێت بە تەواوی مێژووی سەما دیاری بکەین لەبەرئەوەی شتێکی ڕوون لەم هونەرەوە لە مێژوودا بۆ ئێمە جێنەماوە بۆ نموونە لە هەڵکۆڵینی سەر بەردەکان، ئامێرەکانی ڕاوکردن یان تابلۆکانی ناو ئەشکەوتەکان، هیچ یەکێک لەمانە شتێکی ڕوونمان پێناڵێن تا بزانین کەی هونەری سەما بۆتە بەشێک لە کلتوری میللەتانی دنیا.

سەما بۆتە بەشێکی گرنگ لە ئاهەنگەکان و دابونەریتە کلتورییەکان و هەموو ئەو چالاکیانەی بۆ دەربڕینی خۆشی کراون. ئارکۆلۆجیستەکان مێژووی سەما بۆ ٩٠٠٠ ساڵ پێش زایین دەگەڕێننەوە، لەو تابلۆیانەدا کە لە هیندستان و میسڕ دۆزراونەتەوە. چیرۆکێکی کۆن هەیە کە مێژووی سەما بەم جۆرە دەگێڕێتەوە، لەو چیرۆکەدا باس لە چوونی پاشا ڤیجایا دەکات بۆ سریلانکا. کاتێک ئەو پاشایە لەوێ دادەبەزێ گوێی لە دەنگی موزیک دەبێت و خەڵکی سەما دەکەن  بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری. بێگوومان ئەوانەی لەوێ سەما دەکەن هۆزی ئەو ناوچەیەن، واتا سەرەتا هۆزەکان سەمایان داهێناوە.

سەما لە کۆندا وەکو میتۆدێک بۆ چارەسەر بەکار هاتووە. لە زۆر کلتورو میلەتانی دنیادا هەر لە هۆزەکانی بەڕازیلەوە بۆ ئەفریقاو ناوچەکانی ئاسیا. کاتێک یەکێک نەخۆش بووە کەسە نزیکەکانی بە دەوریدا سەمایان کردووە تاوەکو لەو ڕێگەیەوە وزە بۆ کەسەکە بگەڕێننەوە. هەندێ کاتیش سەما بۆتە هۆی مردن لەبەرئەوەی ئەو سەمایە ماوەیەکی زۆری خایاندووەو شەکەتی و ماندوویی سەماکەرەکانی کوشتووە. لە ڕاستییا ئەم جۆرە سەمایانەی کە لەو سەردەمانەدا بەکارهاتوون لە ئێستاشدا لە فۆڕمی تردا بەکاردێن لەلایەن سەماکەرە ناودارەکانی دنیاوە.

سەما وەک میتۆدێک بۆدەربڕینیش بەکارهاتووە. یەکێ لەو دەربڕینە کۆنانەی کە سەمای تیا بەکارهاتووە بریتی بووە لە نمایشکردن و گێڕانەوەی ئەفسانەکان لەم ڕێگەیەوە. هەروەها بەکارهاتووە بۆ پیشاندانی هەست بۆ ڕەگەزی بەرامبەر لە ڕێگەی سەماوە. پێش بەرهەمهێنانی زمانی نووسراو وەک ڕێگایەک بەکارهاتووە بۆ گێڕانەوەی چیرۆک لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر.

لە کلتوری ئەوروپیدا، یەکێ لە کۆنترین ڕیکۆردەکانی سەما دەگەڕێتەوە بۆ هۆمەر. کاتێک لە ئیلیاددا باسی کۆرییا دەکات. یۆنانی کۆن سیستەمێکیان بۆ سەما دانا، کە ببێتە دەربڕی هەستە جیاوازەکان. بۆ نموونە، سەمای فورییەکان، زۆر دەربڕاوە. فەیلەسوفی یۆنانی، ئەرستۆ، سەمای خستۆتە ئاستی شیعرەوە، وتوویەتی هەندێ سەماکەر کاتێک ڕیتم دەخەنە جوڵەکانیانەوە دەکرێ ببێتە هۆی دەربڕی ڕەفتار، سۆز و کردار. هەروەها پەیکەرتاشەکانیش بە جۆری تر هونەری سەمایان لە کارەکانیاندا پیشانداوە وەک هونەرێک کە دەربڕی سۆزە.










هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw