ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا کۆریۆگرافەر و سەماکار کاروان عومەر کە ساڵانێکە لەبواری هونەری سەمادا لە ناوەوە و دەرەوەی ووڵات ئەزمونی کارکردنی هەیە، لەبارەی بەرەوپێشبردنی هونەری سەما لە هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات کە پێویستە ئەکادیمیایەکی تایبەت بەو هونەرە بە مامۆستا و ڕاهێنەری تایبەتییەوە لە کوردستان بکرێتەوە، ئەوەش ناشارێتەوە کە ئامە کارێکی ئاسان نییە. لە وەڵامی پرسیاری "پێت وایە چۆن دەکرێت هونەری سەما لە کوردستان بەرەو پێش ببرێت؟" ئەو هونەرمەندە دەڵێت، "سەرەتا دەمەوێت ئەوەت بۆ ڕاستکەمەوە لە کوردستان هەتا ئەمڕۆ سەمای ئەکادێمی، سەما وەک هونەر وەک زانستی ئەکادیمێ بوونی نییە، هەر بۆیە کەسانی پیشەیی و پسپۆڕ لە بواری سەمادا لە کوردستان بوونیان نییە، چونکە هیچ ئەکادیمیایەکی تایبەت بە سەما تا ئێستا دانەمەزراوە، تەنها و تەنها ئەکادێمیای هونەرە جوانەکان و پەیمانگای هونەرەجوانەکان هەیە. هەر بۆیە ئەکتەر و دەرهێنەرمان هەیە و دەرچوی ئەو شوێنانەن، ناکرێت نکوڵی لێ بکەین. بەم شێوەیە سەماکار و کۆریۆگرافی شارەزا بە زانستی جەستە، تەکنیکەکانی سەمای کلاسیک و مۆدێرن، ئەناتۆمی جەستە، پەیوەندی موزیک و سەما، داڕشتنی جوڵە سەماکانی کۆریۆگرافی، ئیشکردن لە جوگرافیای جەستە و شوێندا، هەروەک چۆن ڕاهێنەر و مامۆستای پێداگۆگی پەروەردەکاری سەما بە واتای زانستی و تەندروست و هتد.. بوونیان نییە." لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا هونەرمەندی ناوبراو دەڵێت، "هەر بۆیە دەکرێت بپرسین، چۆن دەکرێت بناغەیەکی پتەو بۆ سەما بەشێوەیەکی ئەکادێمی بونیاد بنێین، لەکاتێکدا هەموو ئەو گەنجانەی خەونی بوون بە سەماکار یان کۆریۆگرافییان هەیە دەرچووی بەشی شانۆ لە پەیمانگا یان ئەکادێمیای هونەرەجوانەکانن. فێربوونی تەکنیکەکانی سەما گرنگە لە تەمەنێکی گونجاوەوە دەستپێبکرێت. ئەوەی من وەک بەهێزترین و گونجاوترین پرۆژەی دەزانم دامەزراندنی ئەکادێمیایەک بێت بۆ سەما، کە راهێنەر و پێداگۆگی پیشەیی تێدا مامۆستا بن و ئامانجی گشتی و تایبەتی و پلانی خۆیان هەبێت بۆ دروستکردنی سەماکار، کۆریۆگراف و سەماپەروەردەکار، بەدڵنیاییەوە لەسەر پێودانگە جیهانییەکان ئەو ئەکادیمیایە دابمەزرێت. کە سەرەتا کەسانی شارەزای سەمای ئەکادێمی لە دەرەوەی کوردستان کوردستانەوە ببنە بناغەیەکی پتەوی ئەو پرۆسەیە، دوای ئەوە بەڵنیاییەوە دەتوانین پشت ببەستین بە دەرچوانی هەمان ئەکادێمیا بۆ فراوانکردنی بواری سەما لە هەموو بوارە کۆمەڵایەتییەکان بۆ منداڵان، گەنجان و بەتەمەنەکان." لە کۆتایی قسەکانیدا کاروان عومەر ئاماژە بۆ کێشەی کوردستان دەکات سەبارەت بە هونەری سەما بەتایبەتی و سەرجەم هونەرەکانی دیکە بەگشتی و دەڵێت، "کێشەی گەورەی ووڵاتی ئێمە کە کوردستانە ئەوەیە، ژیانی مرۆڤەکان تیایدا بەستراوە بە کۆمەڵێک قەیرانەوە، پێشتر تەنها قەیرانی ڕامیاریی و دوو پارچەیی بوو بەڵام لە ئێستادا قەیرانی دارایی و سەربازیش بوونیان هەیە، ئایا چۆن بتوانین باسی پرۆژەی دامەزراندنی ئەکادێمیایەکی تایبەت بە سەما بکەین. لەکاتێکدا ژیانی کۆمەڵایەتی ئێمە تەنراوە بە خورافەی دین و دەسەڵاتە سەرکوتەرەکانی داب و نەریت، لەهەمان کاتدا ڕەگ و بنچینەی سەمای ئەکادێمی لە کلتوری مرۆڤدۆستیی ووڵاتانی ڕۆژئاواوە هەنگا و هەناسەکانی دەست پێ کردووە و دەرهاتەی ناو ژیانی جەستەیەکی ئازاد و ئازا وتەندروستە. ئەمە لەکاتێکدا لە ژیانی کلتوری ئێمەدا جەستە وەک تابلۆیەک ماڵە دەکرێت و بەردەوام پارچە پارچە دەکرێت، لەژێر ناوی پیس بوون دادەپۆشرێت بە تاریکایی و دائەبڕێت لە هەموو واتاکانی جەستە وەک بوونێکی فیزیکی بۆ بەردەوام بوون و برەودان بە تواناکانی. لەپاڵ ئەمانەشدا هونەر بەگشتی نەک تەنها سەما لە کوردستاندا بە هیچ شێوەیەک لەلایەن دەسەڵات و دامودەزگا حکومییەکانەوە و تەنانەت پارتە سیاسییەکانەوە گرنگی پێ نادرێت. وەک بینیمان تاکە وەزارەتێک وەزارەتی رۆشنبیری بوو کە هیچ کام لە پارتەکان شەڕیان لەسەر نەکرد تا دواجار وەک کۆرپەیەکی بێ دایک و باوک بەخشرا، بە ئێستاشەوە ئەوەی بوونی هەیە هونەرێکە لە دایکبووی قەیرانێکە و دەکرێت لەپڕ لەباربچێت، دەکرێت حیزب لەپڕ بڕیار بدات پشتگوێی بخات، هەر بۆیە هەموو ئەو گرنگیانەی کە هەیە تەنها ئەوەیە حیزب دەیەوێت بۆ حیزبی گەڕەکەکەی ئەولای بسەلمێنێت کە هەموو پێشکەوتنەکانی هونەر تەنها و تەنها لای ئەوە. ئای لەو هونەرمەندە سەرلێشێواوەی کە لەوکاتەدابه بێ بناغه دەبنه خاوەنی پێگەکان، ئەوپێگەیەی که لەهەموو ساتێک دا دەکرێت داروخێت. وەک چۆن پاشخانێکی زانستی نییه، شورایەکی بەرزیشی بۆدروست دەکرێت تاوەکو کەس نەتوانێت ناو ئەوماڵە ببینێت و پەیوەندی به جیهانی خۆیەوه دەپچڕێنێت و زۆربەی کات ئەوانەی دەرەوەی ئەوماڵه به دوژمن مەزەنده دەکرێن. له ناوماڵەکەشدا لەبەرنەبوونی زانیاری، ژینگەیەکی هونەریی تەندروست بونیاد نانرێت، هەربۆیه مناڵەکان هەرزو یاخی دەبن. دیاره ئەم دیاردانەی لای سەرەوەش وەک هەموو دەزانین کلتوری پارتەکانی کوردستانه له مامەڵەیان لەگەڵ دۆست و دوژمنەکانیان، ئای که شەرمەزارییه هەمان نەخۆشی هەمان پەتا له کایه هونەریه کاندا بڵاوبۆتەوه."