سولی ئۆن وێب ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا "مۆسیقا فەرامۆشی کردم"، ناوی نوێترین بەرهەمی شاعیری لاو شاڵاو حەبیبەیە و پێکدێت لە شەش دەفتەرەشیعری بچووک بچووک، کە لە زەمەنی جیاجیادا نووسراون و بڕیارە ئەمڕۆ ١٧ی ٥ لە میانی مەراسمی بڵاوبوونەوەی زنجیرەیەکی دیکە لە چاپکراوەکانی غەزەلنووس بە ئامادەیی نووسەر بڵاوبکرێتەوە. ئەم بەرهەمە بە گشتی شیعرەکانی ساڵانی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٤ی نووسەر لەخۆدەگرن. وەک نووسەر ئاماژەی بۆ دەکات ئەم کتێبانە گشتیان بۆ یەکەمجارە بڵاو دەبنەوە، جگە لە "کەسێک لێرەوە تێپەڕی"، کە چاپی دووەمیەتی. "مۆسیقا فەرامۆشی کردم"، لە بڵاوکراوەکانی ناوەندی غەزەلنووسە، هاوکات سیدییەکی دەنگییشی لەگەڵدایە، بە دەنگی شاعیر خۆی، کە تەنیا ١٢ تراکە. لەبارەی بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە شیعرییانە لە ٦ دەفتەرە شیعری بچکۆلەدا و چاپنەکردنیان لە یەک بەرگدا، شاڵاو حەبیبە بە سولی ئۆنی ڕاگەیاند"ڕاستییەکەی لەبەر زمان و فۆڕم و تێما جیاوازەکانیان، نەدەکرا گشتیان لە بەرگێکدا کۆ بکەینەوە. ئەمانە هەموو پڕۆژەی جیاجیای کتێبنووسین بوون. بەڵام ئەوەیان ڕێکەوت بوو کە هەموویان پێکەوە ئامادە بوون بۆ چاپ." وتیشی"سوپاسی کاک ڕەوەز حەمەساڵح دەکەم لە ناوەندی غەزەلنووس، کە بێئەندازە ماندوو بوو بەم کتێبەوە، هەروەها سوپاسی سینا حەکیمزادە دەکەم لە ستۆدیۆی غەزەلنووس، کە ئالبوومە دەنگییەکەی ئامادە کردووە." شاڵاو حەبیبە، براوەی خەڵاتی لاوی ساڵە، بۆ بواری شیعر، لە ساڵی ٢٠١٢ـدا.