کاروان عومەر

26/05/2015    16:22

کاروان عومەر "سۆناتای تریفەی مانگ"ی بیتهۆڤن نمایش دەکات 


Şano

ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵا

هونەرمەندی سەماکار و کۆریۆگرافەر کاروان عومەر لە دوایین پرۆژەی خۆیدا، "سۆناتای تریفەی مانگ"ی موزیسیانی بەناوبانگی جیهان بیتهۆڤن دەخاتە سەر شانۆ، کە کاری کۆریۆگرافی و دراماتۆرگیی ئەم پرۆژەیە لەلایەن خۆیەوە ئەنجام دراوە و کاستێکی کوردی و بیانیش بەشدارن لە پرۆژەکەدا.

سەبارەت بەم کارە نوێیەی خۆی كاروان عومەر كۆریۆگرافی پڕۆژە سەماکە ڕایگەیاند:" نوێترین پڕۆژەی كۆمپانیاكەم كۆمپانیای كاروان عومەر بۆ سەمای هاوچەرخ بریتییە لە نمایشكردنی پڕۆژە سەمای (سۆناتای تریفەی مانگ) كە كاركردنە لەسەر سۆناتای موزیسیانی جیهانی بیتهۆڤن". وتیشی:"موسیك لەم بەرهەمە سەمایەدا بریتییە لە ئیشكردنێك لە گواستنەوەی دەقەكلاسیكیەكەی لەشێوەی هێڵێكی كۆنتراسدا، لەپێناو دیارنەمان و ونكردنی زەمەندا تاوەكو  بینەر بخاتە ناو ئێرە و ئێستاوە".

كاروان عومەر ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە لە پڕۆژە سەما پێشینەكانی وەك (فڕینی سپی، سەرتاپای ژیان و پەیوەندی) بەردەوام و هەمیشە پڕۆسەی نووسینەوە و داڕشتنی كۆریۆگرافی وەك سەرەتای دەستپێك بووە و دواتر موسیكی بۆ هەڵبژاردووە. لەو بارەیەوە وتی:"لە نوێترین پڕۆژەمدا (سەمای سۆناتای تریفەی مانگ)، ئاوازی موسیكێكی ئامادە سرووشی كاركردنی پێ بەخشیم وەك سەرەتای دەستپێك، تاوەكو دواتر پڕۆسەی داڕشتن و بەرەوپێشچوونی كۆریۆگرافیەكەم و كاری دراماتورگی بە ئەنجام بگەیەنم". وتیشی:"لەم پڕۆژە سەمایەدا بۆ یەكەم جار سەماكارانی پۆلی تایبەتی كۆمپانیاكەم بەكار هێناوە".

كاروان عومەر هێما بۆ ئەوە دەكات كە بۆ ئەم پڕۆژەیە لەپاڵ سۆناتاكەی بتهۆڤن سوودی لە كاری ئاوازی موزیكژەنێكی كورد وەرگرتووە و لەو بارەیەوە وتی:"كاری موسیك لەم پڕۆژەیەدا تەنها سۆناتای تریفەی مانگ نەبوو، دیارە تەواوی سۆناتاكە تەنها 17 چركەیە، بەڵام لەدوای ئەوەی كاری دراماتورگیم نووسییەوە سۆناتای 7 و8 ی بێتهۆڤن وكاری ئاوازی موسیككاری كورد عەلی عوسمان بەژدار بوون وەك موسیكی تێكڕای پڕۆژەكە". وتیشی:" بەدڵنیایەوە بەردەوام بۆ كاری موسیك لەگفتوگۆدابووین لەگەڵ عەلی وەك موسیككارێكی خاوەن ئەزموون كاریگەرییەكی ئێجگار بەرز و گرنگی هەبوو". سەبارەت بە دیكۆری پڕۆژە سەماكەشی، كاروان عومەر گوتی:"لەم پڕۆژەیەدا وەك دیكۆر كارەكانی شێوەكاری كورد ئاڤان سدیق-م بەكارهێناوە".

سەمای (سۆناتای تریفەی مانگ)، لە30ی نیسان و 1ی ئایاری 2015 لە شاری تزوگی سویسرا پێشكەشكرا، وە لە 24ی ئەیلولی 2015دا لە شاری لوتزێرن پێشكەش ئەكرێتەوە.

ستافی بەرهەمهێنانی پڕۆژە سەمای (سۆناتای تریفەی مانگ) بریتین لە:
كۆریۆگرافی،كۆنسێپت و دراماتورگی:كاروان عومەر
سەما: ئانیك ئاوەر، نینا ئاوەر، شیلا ڕونا،كاروان عومەر
موسیك: بێتهۆڤن، عەلی عوسمان
یارمەتیدەری دەرهێنان:گریسێلدا بیۆرگلەر
چاوێك لەدەرەوە: ئەنگێلیكا ئێختەر
دیكۆر: ئاڤان سدیق، ڕۆنالد دیۆرفلەر
ڕوناكی: ڕۆنالد دیۆرفلەر،ئەدریان سێبێرگەر
جلوبەرگ: ئاگاتها ئیمفێلد
ڤیدیۆ: رالف بورۆن
فۆتۆگرافی:كریستیان گلاوس
گرافیك: ئۆتمار نۆتەر
بەڕێوەبەری بەرهەم:كاروان عومەر

كاروان عومەر وەك سەماكارێكی كورد ئێستا دانیشتووی وڵاتی سویسرایە و بڕوانامەی ماستەری لە ئەكادیمی زیوریخ لە سویسرا لە بواری سەمای هاوچەرخ، بەدەست هێناوە و بە بەردەوامی وەك كەسێكی چالاك سەرقاڵی كاری سەمایە و توانیوویەتی وەك سەماكارێكی كورد چەندین خەڵات بەدەست بهێنێت و بەشداری چەندەها فێستیڤاڵی جیهانی بكات و ئێستا خاوەنی كۆمپانیایەكە بەناوی (كۆمپانیای كاروان عومەر بۆ سەمای هاوچەرخ).












هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw