چەند سەرنجێک لەسەر دوایین نمایشی کۆڕی شانۆی با

09/06/2015    15:21

چەند سەرنجێک لەسەر دوایین نمایشی کۆڕی شانۆی با  


Şano

ئاراس عەبدوڵڵا

بە پێی ئەو کارە شانۆییانەی کە لە چەند ساڵی رابردوودا پێشکەشیان کردووە و من بینەریان بووم، دەتوانم بڵێم "کۆڕی شانۆی با" وەک یەکێک لە باشترین گروپە شانۆییەکانی ئەم شارەی ئێمە خۆی پێناسە کردووە و هەمیشەش بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی نمایشەکانیان بووم.  دواین کاری ئەو گروپە "سەیرکە ئاوێنەکەت خۆڵی مردووی لێ نیشتووە" کە لە دەرهێنانی "هۆرێن غەریب"بوو، لە ڕۆژانی ٢٥تا ٣١ی ٥ی ٢٠١٥ لە شاری سلێمانی و لەناو هۆڵی تەلاری هونەر نمایش کرا. لێرەدا هەوڵەدەم چەند سەرنجێکی کورت لەبارەی ئەو نمایشەوە بخەمە ڕوو؛ کە دوابەدوای بینینی نمایشەکە لەلای خۆم یاداشتم کردبوون.

دروستکردنی کارەکتەر

ئەوەی لەم کارەدا زۆر سەنجی منی ڕاکێشا و بە بەرەوپێشچونێکی زۆر باش لە کارەکانی کۆڕی شانۆی با لێی دەڕوانم، دروسکردنی کارەکتەر بوو. وەک دەزانین زۆرینەی ئیشەکانی کۆڕی شانۆی با، دەق لە میانی پرۆڤە و لەلایان کاستی شانۆییەکەوە ئامادە دەکرێت، ئەم ئیشەش بەهەمان شێوە بوو کە هاوکات کاستەکە  سوودیان لە کافکا، شکسپیر و جۆرج ئۆروێل وەرگرتبوو ئەویش بە وەرگتنی چەند کەسایەتییەکی ئەم نووسەرانە  یاخود فەزاکەیان بۆ داڕشتنەوەی کەسایەتییەکانی نمایشەکە، لەو کارەکتەرانەی بۆ داڕشتنەوەی دەقی ئەم نمایشە سوودی لێ وەرگیرابوو کارەکتەری "گریگۆر سامسا" بوو. بۆ من دروستکردنی کارەکتەر لەم کارەدا زۆر بە بەرەوپێشونێکی باش دەیبینم و دەتوانم بڵێم بڕینی هەنگاوێکی زۆر باشە بۆ کارەکانی دواتری کۆڕ، ئەویش بەوەی کە لەم کارەدا زۆرینەی کارەکتەرەکان هەڵگری سیما و خاسییەتی تایبەتی خۆیان بوون و لە سەرەتا بۆ کۆتایی کەرەکە ئەو تایبەتمەندییانە بۆ منی بینەر بە ڕوون و ئاشکرا دەبینران، ئەمەیش پێموایە بۆ هەبوونی هەم ناوی تایبەتی لەلای هەریەک لە کارەکتەرەکان و هەمیش پیشە و تایبەتمەندی تەواوەتی لە کردار، گرێ و چیرۆکی تایبەت بە کارەکتەرەکان دەگەڕێتەوە، ئەو چیرۆکە تایبەتییانەی کارەکتەرەکانیش لەخزمەتی بەرەوپێش چوونی چیرۆکە سەرەکییەکەدا بوو، ئەمە لەگەڵ ئەوەی بەشێک لە کارەکتەرەکان زووتر لەوەی کە لە کارەکەدا هەبوون چیرۆک و گرێکەیان بە منی بینەر گەیشت، لەوانە هەریەک لە کارەکتەری "میرخان و سەراب".  لەم کارەدا کارەکتەر بەشێوەیەکی ئاشکرا تایبەتمەندی خۆی پێشانی بینەر دەدا بۆ نمونە کەسایەتییەکان "خزمەتکار، خاوەن هۆتێل، بکوژ، ئەکتەر، ڕۆژنامەنووس، پارێزەر و هتد" بوون و ڕەنگدانەوەی هەریەک لەم پیشانە بەڕوونی لە چیرۆکی کارەکەدا بۆ منی بینەر دەگوازرایەوە کە ئەم تایبەتمەندییانە لەو کارانەی دیکەی کۆڕدا کە من بینیومن ئەوەندە روون و ئاشکرا بەرجەستە نەکرابوون، ڕەنگە هەر لەبەر ئەمەیش بووبێت کە لەوەوبەر کارەکەتەری خاوەن خەمی هاوبەش، هاو فکرە و تاڕادەیەک یەک ڕەنگم لە کارەکانیاندا بینیبێت. یەکێک لەو کارەکتەرانەی کە زۆر سەنجی منی ڕاکێشابوو لەناو نمایشەکەدا کارەکتەری "خزمەتکار"ی ناو هوتێلەکە بوو، بەشی زۆری ئەو سەرنجڕاکێشانەی کارەکتەرەکە دەگێڕمەوە بۆ هەبوونی فۆڕمێکی جیاوازی جەستەی ئەو لەسەر شانۆ، کە ئەمەیش تایبەتمەندییەکی فۆڕمییە بۆ ئەو کەسایەتییە و زیاتر ئەو کەسایەتییەی پێناسە کردبوو.

دەستپێک وەک خاڵێکی گرنگی نمایش

یەکێک لەو شتانەی کە زۆر گرنگە بۆ نمایشێکی شانۆیی و وادەکات بینەر بەخۆیەوە گرێ بدات تا دوا ساتەکانی، دەستپێکی کارەکەیە، ئەگەر دەستپێکی کارەکە بەجۆرێک بێت بینەر بۆ خۆی ڕابکێشێت، وای لێ دەکات بە تامەزرۆییەوە تێکەڵ بە کردارەکانی شانۆییەکە ببێت. دەکرێت کردار لە شانۆدا وەک ڕەگەزێکی گەلێک گرنگ تەماشا بکەین و لەپاڵ کرداریشدا گێڕانەوە چیرۆک بە بینەر دەگەێنێت. لە دەستپێکی ئەم نمایشەدا بەر دیمەنێکی زۆر کورت و جوانی هاتنە ناوەوەی کارەکتەری "بروسک" دەکەوین کاتێک دێت و شمشێرەکەی دەسڕێت! دیمەنێکی کورت کە پەیوەندی هەیە بە کۆی نمایشەکەوە، هەر لە دەستپێکدا و دوای ئەم دیمەنە، بەر دیمەنێکی کورتی دیکەی نێوان "میرخان، داود و خزمەتکاری هوتێلەکە" دەکەوین، دوابەدوای ئەمەیش یەکسەر بەر دیمەنێک دەکەوین کە کارەکتەرەکان هەموو پێکەوە شتێکمان بۆ دەگێڕنەوە، هەموو پێکەوە دەگێڕنەوە، بەڕای من یەکێک لە سەرەکیترین کێشەکانی ئەم نمایشە ئەو دیمەنە بوو کە هەموو پێکەوە دەگێڕنەوە، دیمەنێک کە کاتێکی زۆری بۆ گێڕانەوە بە زۆرینەی کارەکتەرەکان، نەک کردار، تەرخان کرابوو. ئەو دیمەنە وا پێشان درا کە خەوی کارەکتەری "ڕۆژنامە نووس"بێت، بەڵام ئەو ڕستە پچڕ پچڕانە کە لەلایەن زۆرینەی ئەکتەرەکانی نمایشەکەوە دەوتران لەو فەزا فراوانەدا، بینەری بەشێوەیەک ئاڵۆز و پەرت دەکرد کە نەیدەزانی سەیری کام خاڵی شانۆ بکات، هەر ئەم دیمەنەش کە لە دەستپێکدا بوو کاریگەری گەورەی بەسەر منی بینەرەوە هەبوو کە بەجۆرێک لە بینینی نمایشەکەدا هەسەت بە ماندووبوون بکەم. بەڕای من ئەو گێڕانەوە دەستە جەمعییە دەکرا بە ئەکت پێشانی منی بینەر بدرێت بەتایبەت کاتێک دەیمەنەکە لە دەستپێکی ئیشەکەدایە، وەک چۆن ئەو دیمەنە گرنگەی کارەکتەری بروسک لە میانی کردارێکی سادەی وەک سڕینی شمشێرێکەوە بۆمن گواسترایەوە ئاوایش دەکرا بە کردار نەک گێڕانەوە، ئەو دیمەنە دابڕێژرێتەوە، یاخود بە تەکنیکی دیکە و بەجۆرێک بێت ئەوەندە منی بینەر ماندوو نەکات هەر لە دەستپێکی کارەکەدا.

لایەنی تەکنیکی "روناکی و موزیک"

"قەلەق بووم زۆر، بێتاقەت و ماندووی کردم و کاتەکەی زۆر زۆر بوو" ئەم قسانەم لە بەشێکی زۆر لەو هاوڕێیانەوە دەبیست کە دوای بینینی نمایشەکە دەمبینینەوە، بێگومان خۆشم لە بینینی کارەکەدا تاڕاددەیەک ماندوو بووم. یەکێک لەو شتانەی کە من وەک بینەرێکی کارەکانی کۆڕ، هەمیشە وەک کێشەیەکی تەکنیکی لە کارەکانیاندا بینیومە، کارنەکردنی ورد لە لایانی تەکنیکی وەک "موزیک و ڕووناکی"دا بووە، ئەگەر بۆ کارەکانی دیکەی کۆڕی شانۆی با، فەزا لە پانتاییەکی بۆشدا بووبێت و ڕووناکی زۆربەی بەشێوەکی گشتی "عام" بۆ سەر تەختەی شانۆ بەکار هاتبێت و کێشەیەکی ئەوتۆی بۆ بینەر دروست نەکردبێت، بەدڵنیایی لەم کارەدا کە هەم فەزا بەرفراوانتر و هەمیش دابەشکردنی شانۆ لەسەر چەند ئاستێکی جیاواز کاری تێدا کرابوو، کێشەبوو، کارکردن لە ڕووناکیدا دەیتوانی چێژێکی تر بە منی بینەر بدات و ئەوەندە چاوی من بەو فەزا بەرفراوانە ماندوو نەکات، لەکاتێکدا ڕووداوەکان لە هەندێک دیمەندا لە بەشێکی دیاریکراوی سەر تەختەی شانۆدا ڕووی دەدا و بینەر پێویستی بە بینینی بەشەکانی دیکەی سینۆگرافیای کەرەکە نەبوو بۆیە زۆرجار دەکرا بە ڕووناکی فوکس لەسەر شوێنی ڕووداوەکان بکرێت و ئەوەندە بینینی من پەرت نەبێت لەسەر ئەو فەزا فراوانە. لەلایەکی دیکەوە نەبوونی موزیک لە کارەکەدا بۆ من وەک کێشەیەک وابوو، لە هەندێک جێگەدا بەخۆمم دەوت لەدوای ئەم دیمەنە، یان لەگەڵ ئەم دیمەنە ڕەنگە موزیکێک هەبێت، بەڵام نەبوو! من پێم وایە لەو ماوەیەی کە نمایشەکە خایاندی، کە نزیکی ٢ کاتژمێر دەبوو، دەکرا سوودی زۆر لەو لایەنە تەکنیکیانەی "موزیک و ڕوناکی" ببینرێت ئەمەش لەپێناو زیادتر پەیوەستبوونی بینەر بە نمایشەکەوە و دوورنەکەوتنەوە و ماندوو نەبوون لێی، ڕەنگە هەبوونی پارچەیەک موزیک لە دیمەنێکدا بەجۆرێک منی بینەر ڕیفرەیش بکاتەوە و پەیوەندیی من بە نمایشەکەوە نوێ بکاتەوە، بەهەمان شێوە گۆڕانکارییەک لە ڕووناکی ڕەنگە پشوویەک بە چاوی منی بینەر بدات و دیسانەوە نوێم بکاتەوە لە پەیوەندی گرتنم بە وەرگتنی نمایشەکەوە.


هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw