کارێکی شانۆیی لەناو کەمپی کەوەر گۆسک

23/06/2015    04:47

کارێکی شانۆیی لەناو کەمپی کەوەر گۆسک 


Şano

ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی پەنابەران ڕێکخراوی (UNFPA) چالاکییەکی کلتوریی لەناو کەمپی کەوەر گۆسکی شاری هەولێر کە تایبەتە بە پەنابەرانی سوری ڕێکخست. چالاکییەکە لە ڕۆژانی ١٥-١٦ی٦ی ٢٠١٥ بەڕێوەچوو کە  بیریتی بوو لە ئامادەکردنی کارێکی شانۆیی لەلایان شانۆکار فاتیح فرومەند بە بەکارهێنانی گەنجانی پەنابەری سوری لەناو ئەو کەمپەدا.

لەوبارەیەوە شانۆکار فاتیح فرومەند بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند، "بە بە بۆنەی رۆژی جیهانی پەنابەران، دەرفەتێک رەخسا تاکوو بتوانینن دیسانەوە بچینە لای پەنابەرانی کوردی سوری، چالاکییەکی کلتوری لەسەر ئەم بابەتە ئەنجام بدەین. رێکخراوی UNFPA داوایانکرد بۆماوەی دوو رۆژ لە کەمپی کەوەر گۆسک لەگەڵ پەنابەران بە مەبەستی درووست کردنی شانۆییەک ئامادە بم. رەنگە بە وێنە کێشانی کێشە یەک کە پەنابەر بە واقیعی تیایدا دەژین بابەتێکی دڵتەزێن بێت بۆ خۆدی پەنابەر. بۆیە لەم شانۆییەدا هەوڵم دا جگە لە بە وێنەکێشانی ئازارەکان رێگەیەک بۆ دەرباز بوون لە م ئازارانە و هەوڵدان بۆ درووست کردنی رۆحییەتێکی یەکگرتوو و دیاریکراو بدۆزمەوە."

وتیشی، " بینینی گەنجانی پەنابەر و حەزی زۆریان بۆ شانۆ هۆیەک بوو تاکوو لە شانۆییەکەدا، بە شێوازێکی رەمزی ئاماژە بە وە بکەین کە ئەم بارودۆخە قوورسەی ئەوان تیایدا دەژین دەتوانێت وەک دەرفەتێک بێت بۆ خۆدۆزینەوە و خۆ کامڵ کردن لە ناو بازنەیەکی یەکگرتوو، واتە هەوڵدان بۆ خۆ درووستکردن و پشتی یەک گرتن لە ناو قەیراندا. دەبێ ئاماژە بکەم کە بەشداربووان جگە لە هاورێ کەمال وەک سەماکار و کۆریۆگراف هەموو بریتی بوون لە گەنجانی پەنابەری سوری."







هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw