ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا
گۆڤاری ئیلییان، گۆڤارێكە تایبەتە بە وەرگێڕانی چیرۆكی بیانی، ژمارە 1 ی هاوینی 2015 ی ئێستا لە كتێبفرۆشییەكانی كوردستاندا دەست دەكەوێت. پێنج مەلەفی لە خۆگرتووە، هەر مەلەفە و تایبەتە بە زمانێك، كە لەم ژمارەیەدا چیرۆك لە زمانەكانی ئینگلیزی و فەرەنسی و ئەڵمانی و عەرەبی و فارسییەوە وەرگێڕدراوە. هەروەک سەرنووسەری گۆڤارەکە ئاماژەی بۆ دەکات لە ژمارەكانی داهاتوودا، مەلەفی چەند زمانێكی تر لە گۆڤارەکەدا دەبێت و پاشان مەلەفی تایبەت دەبێت كە هەر ژمارە و بۆ چیرۆكنوسێكی دیاری هەر یەك لەو زمانانە تەرخان دەكرێت. بۆ نمونە ژمارەی دابێت، ئیلیان مەلەفی تایبەتی دەبێت بۆ چیرۆكنووسی ئێرانی ئەحمەد غوڵامی كە لە لایەن مەریوان هەڵەبجەیی وەرگێڕەوە ئامادەدەکرێت.
لەوبارەیەوە ههژار فهقێ سلێمان سهرنوسهری گۆڤارەکە بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند، "ئەدەبیاتی گێڕانەوە، ئەدەبیاتێكی زیندووی جیهانییە و لە ناویشیدا ژانری چیرۆك، كە هونەرێكە لە ڕوواڵەتدا هونەرێكی سادەیە، بەڵام لە ناواخندا هونەرێكی چڕ و پڕی تەكنیكە و توانا و پاشخانێكی مەعریفی و زمانی گەورەی دەوێت لەپاڵ هونەر و سەلیقە و تەكنیكی گێڕانەوەدا، كە هونەرگەلێكی هەستیار لە خۆدەگرێت."
ڕونیشی کردەوە، "لە ڕێگەی چیرۆكەوە، ژیان چەند جارێك ئەزموون دەكرێت، ڕوونتر بڵێین چیرۆك گێڕانەوەی جۆرێكی تری ژیانە، گێڕانەوەی جیاواز، ژیانێكی جیاوازمان پێدەبەخشێت، وەرگێڕانیش پانتایی كاركردن لە نێو زمانی دووەمدا فراوانتر دەكات و دنیابینی خوێنەری تاكزمانیش فراوانتر دەكات، كە مافی خۆیەتی چیرۆكی جیهانی بخوێنێتەوە. گێڕانەوە و وەرگێڕان، دوو لەو ئامانجانەیە كە لە پشت دەركردنی گۆڤاری ئیلیانەوەیە."
وتیشی، "ئەدەبی جیهانی وەك ژانرێكی زیندوو تەماشای چیرۆك دەكات، پاڵپشتی ئەم ڕایەشمان نۆبڵی ئەدەبیات بۆ ساڵی2013 درا بە چیرۆكنووسی كەنەدی (ئەلیس مۆنرۆ)."
هەر سەبارەت بە بڵاوبوونەوە و گرنگی ئەم گۆڤارە چیرۆکنووسی لاو بەختیار حەمەسوور بۆ سولی ئۆن وێب وتی، " دیارە گرنگیدان بە ژانری چیرۆک، یەکێکە لە هەنگاوە زۆر جدی و دڵخۆشکەرەکان. چیرۆک ڕایەڵێکە بەرەو دنیای مۆدێرن و لێک تێگەیشتن. بوونی گۆڤارێک، کە خۆی وەک گۆڤارێکی تایبەت بە ژانری چیرۆکی وەگێڕدراو مانیفێست دەکات، بۆ ئێستای ئێمە، کە لە قەیرانێکی گەورە و پەراوێزی ژانری چیرۆکدا دەژین، زۆر پێویستە. ئەم هەوڵە مایەی دەستخۆشی و پاڵپشتییە."
ئەو نووسەرە پێشنیار بۆ ستایفی گۆڤارەکە دەکات و دەڵێت، "وەک پێشنیاز بۆ ستافی گۆڤاری "ئیلیان"، دەکرێت لە ئایندەدا وردتر بیر لە جۆر و شێوازی ئیشکردن بکەنەوە، بەوەی هەوڵ بدەن هەر جارە و چیرۆکنووسێکی گەورە بناسێنن، نەک تەنیا بە وەرگێڕانی چیرۆکێک یان دووان، بەڵکوو هەوڵ بدرێت سوود لە بایۆگرافیا و وتار و گفتوگۆی ئەو نووسەرانەش وەربگیردرێت، تا لە ڕێی ئەوەوە دەرفەتێک بۆ خوێنەرەوەی کورد و چیرۆکنووسی کورد بڕەخسێنرێت، لەو ئەزموونە جیاوازانەوە فێر ببین. بۆ ئەوەی پەیامەکە باشتر و کۆتر بگات."

