بەیان سەلمان ڕۆمانێکی نوێ بڵاودەکاتەوە

24/06/2015    02:44

بەیان سەلمان ڕۆمانێکی نوێ بڵاودەکاتەوە 


Têkst

ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵلا
 
"شەوانی ئادەم" ناونیشانی نوێترین ڕۆمانی خانمەنووسەری کورد بەیان سەلمانە کە باس لە یەکێک لە ڕووداوە تراژیدیاکانی کورد دەکات کە بریتییە لە ئەنفال. هێڵی سەرەکی ڕۆمانەکە فوکس دەخاتە سەر ئەو ڕووداوە تراژیدییە و هاوکات چەندین چیرۆک و بابەتی دیکە لەخۆدەگرێت. بڕیاڕە لە ئاییندەیەکی نزیکدا ئەم ڕۆمانە نوێیەی نووسەر لەلایەن ناوەندی رۆشنبیری و هونەریی ئەندێشەوە چاپ و بڵاوبکرێتەوە.
 
لە گفتوگۆیەکی لەگەڵ ڕۆژنامەی ئەندێشە کە لە ژمارە ٤ی ئەو ڕۆژنامەیەدا بڵاوبووەتەوە، بەیان سەلمان سەبارەت بە بیرۆکەی نووسینی "شەوانی ئادەم" دەڵێت، "هەموو کەسێک بە بڕوای من، شەوانی لەو جۆرەی هەیە، لێرەشدا تەنها بەرەو ورووژانی ئەو لایەنە چووم لە ژیانی کەسێکی وەک ئادەم و کۆمەڵە کەسێک، کە بەدەورییەوەن. شەو لێرە دەبێتە ژیلەمۆی بەخۆداچوون و ئاڵۆگۆڕی بیروڕا و وەرگرتنی بیری نوێ و دۆزینەوەی دەرچوون لە ڕێی داخراو. شەو بە تاریکی،مرۆڤ سنووردار دەکات، بەڵام خەیاڵی بەرفراوانتر دەکات، هەر بۆیە دەیخاتە سەر دۆزینەوەی ڕێگه‌چارەیەک، هەرکەسێکیش بە شێوەیەک ڕێگەچارەکەی پێشنیار دەکرێ. شەو لێرە وەک بەرجەستەی کەسایەتیەکان کرابێ. لێرە شەو دەبێتە بەشێک لە کەسایەتی، خودی ''ساتی شەو''، تەنها دەستنیشانکردنی کات نییە، بەڵکوو دەبێتە تێکەڵەیەک لە کات و شوێن، چونکە کەسایەتیەکان لە جێیەکی دوور و چۆڵن، تا ڕادەیەک وەک خەیاڵی دێتە بەرچاو، شەویش لایەنی دابڕان لە کات قووڵ دەکاتەوە و ناچاری دەکات بەو شوێنەی لێیەتی، داسکنێ."
 
سەبارەت بە فۆڕمی نووسین و شێوازی گێڕانەوە لە ڕۆمانەکەدا نووسەر دەڵێت، "بێگومان نووسەر خۆی فۆڕمێک، یان چەند فۆڕمێک بۆ داڕشتنەوەی ڕۆمانەکەی هەڵدەبژێرێ. لێرەشدا وەک لایەکی مۆدێرنی دەقێک بە پێویستم زانی رەهەندێکی سینەمایی بە دەقەکە بدەم، ڕووداوەکان بە تەنیا بە چوارچێوەی گێڕانەوە نەبسترابن. بەڵکوو هەر وەک یادەوەریی هەرکەسێک لە ئێمە کە بە زنجیرە و ڕێکخراوی دەر ناپەڕنە دەرەوە و نایەنە بەرهەم، بەڵکوو بەپێی شتێک دێنەوە پێشێ، کە دەیانورووژێنێ، بۆنێک، ڕەنگێک، وشەیەک، شوێنێک، شێوازی پێکەنین و خواردن و دەیان شتی تر،کە دەبنە فاکتەری ئامادەبوونەوە و هێنانەوەی ئەو یادەوەرییە. ئەم جۆرە فۆڕمەش لە وێنەی مۆنتاج باشترین فۆرمە بۆ ئەم جۆرە ڕۆمانە. "

بەیان سەلمان ساڵی ١٩٦١ لە شاری کەرکووک لەدایک بووە، لە بوارەکانی شیعر، ڕۆمان و وەرگێڕاندا چەندین کتێبی چاپکراوی هەیە و بە هەرسێ زمانی کوردی، عەرەبی و فەڕەنسی بابەتەکانی بڵاوبووەتەوە. ٣ ڕۆمانی بە زمانی کوردی چاپکردووە کە بریتین لە "نەوەکانی مادایی، بەسەرهاتەکانی خەزنە مەملووک و لەبەرزایی شوراکانەوە" .



هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw