لە فارسیەوە : سبحان یعقوب
گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە و ڕەت کردنەوەی مۆڵەتی چەندین جارەی کۆنسێرتەکان و خۆ تێ وەردانی حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆمارێ ئێران لەم مەسەلەیە ئاستی هەستیاری خەڵکی بۆ ئەم مەسەلەیە گەیاندۆتە بەرزترین ئاست لە مێژوی ڕۆشنبیری و هونەری ئێران.
ئەم باسە وتووێژێکی نوێی خستۆتە ناو بواری هونەری و ڕۆشنبیری ئێران. وتووێژێک کە لایەنێکی ڕێژەیەکی زۆر لە ژنان و پیاوان و هەوادارانی بەرنامە مۆسیقیەکانی لەخۆ گرتوە. هەروەها لایەنەکەی تری کەسە بەرپرسەکانی حکومەت و پیاوە ئایینی و تەلەبە ئایینیەکان کە خەریکن بۆ گەیشتن بە پلەی وتارخوێن، ئەخوێنن و لەو بڕوایەدان کە مۆسیقا حەرامە و زیان لە پێگەی ئیسلام دەدات.
لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا تا ئێستا ڕوی نەداوە کە سەرۆک کۆمار تا ئەم ڕادەیە و لە یەکێک لە گرنگترین کۆنگرە ڕۆژنامەوانیە ساڵانەییەکەی خۆیدا لە بارەی مۆسیقاوە بدوێت.
ڕۆحانی ماوەیەک لەمەو پێش و لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بە باشی ناوی موحەممەد ڕەزا شەجەریانی دەهێناو پاش سەرکەوتنیش لە مەڕاسیمیێکی تایبەتیدا بودجەی تایبەتی بۆ ئۆرکێستراو سەمفۆنیای نەتەوەیی تەرخان کرد.
وە ئێستاش دو ساڵ پاش لەو بەڵێنانە هەرچەند گروپی ئۆرکێستراو سەمفۆنیاکان پێک هێنران، بەڵام ڕێژەی ڕەت کردنەوەی کۆنسێرتەکان گەیشتە ڕادەیەک کە لەگەڵ سەردەمی پێش خۆیدا جیاوازییەکی زۆری هەیە.
لە هەفتەی ڕبردوودا کۆنسێرتی کەیهان کەلهوور، پەرواز همای، کروپی پایوور و مەسعودی شوعاری هەڵوەشێنرانەوە. بێجگە لەمە لە هەڵمەتێکی نامۆدا و بە بێ ئاگادار کردنەوەی گروپی سامانی جەلیلی، ئاگادارییەکیان لە شاری خوڕەم ئاباد بڵاو کردەوە کە هەڵ وەشاندنەوەی کۆنسێرتەکە پەیوەندی دارابوو بە ڕوداوی هاتوچۆی گروپەکەوە کە گوایە توشی ڕوداو هاتون و ناتوانن کۆنسێرتئەنجام بدەن. لە کاتێک دا لە گفتوگۆیەکدا لە گەڵ یەکێک لە ئەندامانی گروپەکە وتراوە کە "داوا لە گروپەکەمان کرا کە بەرەو ناوچەی خوڕەم ئاباد نەڕۆین."
بەشی حەرامی مۆسیقا کامەیە ؟
بە پێی ئەحکامی فقهی سێ جۆر مۆسیقا بونیان هەیە : مشجع (هاندەر، یان ورە بەرز کەر) ،محزن(خەمناک) ، مطرب (گۆرانیبێژ یان بێژەر ی هەیە) کە موجتەهیدەکان لە بارەی دو جۆری یەکەم و دوەم و بەسود بوونی بۆ کەسی گوێگر کەمتر ڕای جیاوازیان هەیە. بەڵام لە بارەی جۆری سێیەم بە ڕای ئەوان مۆسیقا (مطرب) یە و ڕای جیاوازی زۆری لەسەرە ئەگەر چی هەمویان لە سەر ئەو ڕایە کۆکن کە مۆسیقایەکی (مطرب)ی گوێ گرتن یان گوێ لێ نەگرتنی ئەکەوێتەوە سەر کەسی گوێگر و پێویستە کەسەکە بڕیار بدات کە ئەم مۆسیقایە هۆش و خەیاڵی بردوە و مەستی کردووە و پێویستە گوێی لێ نەگرێت یان بەردەوام بێت لە گوێ لێ گرتنی.
بەڵام وا دەردەکەوێت بە پێی فتواکانی بەڕێز خومەینی و بەڕێز خامنەی ڕابەری ئێران کێشە لە جێ بە جێ کردنی ئەم کۆنسێرتانە نابێت و مۆڵەتەکان لەم فتوایانەوە سەرچاوە دەگرێت.
بەڵام کێشە سەرکیەکە لەوێوە سەر هەڵ دەدات کە مەسەلەی فەتوا و ڕا جیاوازە شەرعیەکانی تری مەرجەعی شیعە دێتە ناوەوە و هەندێک لە شوێنکەوتوان نەک تەنیا خۆیان بە بەرپرس لە جێبەجێ کردنی ئەم فتوا جیاوازنە دەزانن بەڵکو هەوڵی ئەوەش دەدەن کە بەسەر خەڵکی تریشا بیسەپێنن.
سەرچاوە : bbc.com