دیاریکردنی ناسنامەی وڵات بە پێی زۆرینەی ئیسلامی و کەمینەی ئاینەکانی تر وەک لە ماددەى (٦)ی ڕەشنوسی دەستوری هەرێمدا هاتووە، پێچەوانەی تەواوی بنەماکانی دەوڵەتی مەدەنییە کە پێداگری لەسەر یەکسانیبوونی هاوڵاتیان دەکا لە بەرامبەر یاسادا. ئەم ماددەیە بەندەکانی یاسای باری کەسێتی و سزادان و مافەکانی ژنان و مناڵان لە چوارچێوەی میتۆدی ئاینێکی دیاریکراودا قەتیس ئەکا و لەگەڵ سەرەتاکانی دەستورێکی مەدەنی و سیکۆلار نایەتەوە . دەستوری مەدەنی، گەل دەکاتە سەرچاوەی دەسەڵات و نوێنەرانی گەل بە پێی هەل و مەرجی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و لەبەر ڕۆشنایی ئەو پێشکەوتنە مەزنەی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا مرۆفایەتی بۆ خۆی فەراهەمیکردووە ، یاساکان ڕێک دەخەن بە مەبەستی دابینکردنی یەکسانی نێوان ئینسانەکان . پێداگری لەسەر هێشتنەوەی ماددەی ( ٦ )ی ڕەشنووسی دەستوری هەرێم پێشێلکردنی ئاشکرای ئازادی ویژدان و ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕەخنەگرتن و ئازادی داهێنان و ئازادی توێژینەوەی زانستییەو مەترسییەکی ڕاستەقینەیە لەسەرماف و ئازادییە سیاسی و فکری و مەدەنییەکانی خەلکی کوردستان . لێرەوە بانگەوازی خەڵکی کوردستان ئەکەین بە تایبەت ڕێكخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژنان و لاوان و خوێندکاران و سەنتەرەکانی ڕۆشنبیری و گشت پێکهاتە ئاینییەکان ، پشتیوانی خۆیان بۆ ئەم کەمپینە ڕابگەیەنن لە پێناو لابردنی ماددەی ٦ و هێنانەدی ، دەستورێکی سێکۆلار دوور لە هەڵاواردەکردنی ئینسانەکان و مافە سەرەتاییەکانی مرۆف . دەستورێک بە حەق و حەقیقەت هاوڵاتی لە شوێنی شیاوی خۆی دابنێت و ئاین و مەزهەب نەکاتە شوناسی هاوڵاتیبوون. ئەم هەڵمەتە لە ڕۆژی ٢٩/٦/٢٠١٥ دەستیپێکرد تا ٣١/٧/٢٠١٥ بەردەوام دەبیت. تێبینی: لە ماددەی (٦)ی رەشنوسی دەستوری هەرێمدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە بنەماکانی شەریعەی ئیسلام دەبنە سەرچاوەیەکی سەرەکی بۆ یاسادانان. نێوەندی سێکولار لە کوردستان کاردەکات بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی سێکولار لە هەرێمی کوردستان، هەوڵدەدات بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجانەی خوارەوە: • جیاکردنەوەی ئاین لە دەوڵەتو چەسپاندنی لە دەستوردا . • یەکسانیی مرۆڤەکان لەبەرامبەر یاسادا بەبێ لەبەرچاوگرتنی جیاوازی ئاینیی، مەزهەبیی، بیروڕا، بیرباوەڕ، جێندەر، نەتەوەو ڕەگەز. • یەکسانیی نێرو مێ لە هەموو بوارەکانی یاسایی، ئابورییو کۆمەڵایەتیی. • ئازادی ڕادەربڕین، ئازادی ویژدان، ئازادی ڕەخنەگرتنو توێژینەوەو داهێنانو نوێخوازی. • دانانی یاساکانی باری کەسییو یاساکانی سزادان لەسەر بنەماو پرینسیپە سێکولارەکانو دووربن لە پەیڕەوکردنی بنەماکانی هەر ئاینێک. • سیستەمی خوێندنو پەروەردە دووربخرێنەوە لە بەرنامەی ئاینییەکانو دەزگا ئاینییەکان. • حکومەتو دەزگا دەوڵەتییەکان هیچ پشتیوانییەکی ماددیی دامەزراوە ئاینییەکان نەکەن. • قەدەغەکردنی هەموو جۆرەکانی توندوتیژیو تەکفیر لەڕێگەی بەکارهێنانی هەر دامودەزگایەک بێت بە دامودەزگا ئاینییو شوێنە ئاینیەکانیشەوە. سەرچاوە: ناوەندی سێکۆلار