ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا
سێ کتێبی تایبەت بە فەیلەسوف و نووسەری هاوچەرخیی ئەڵمانی پیتەر سلۆتەردایک Peter Sloterdijk بڵاودەکرێتەوە. کتێبەکان پێکهاتوون لە کۆمەڵێک وتار و لێکۆڵینەوە دەربارەی ئەو فەیلەسوفە، هەروەها وەرگێڕانی کۆمەڵێک وتاری خودی ئەو فەیلەسوفە و کتێبێکی دیکەی سلۆتەردایک بەناوی "خودا، ڕۆح و پارە". ئەم کتێبانە لەلایان هەریەک لە ئیسماعیل حەمەئەمین و بەکر عەلییەوە نووسراون و بۆ زمانی کوردی وەرگێڕدراون. بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا کتێبەکان لەلایان دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە بڵاوبکرێنەوە.
لەبارەی ئەو سێ کتێبەوە نووسەر و وەرگێڕ بەکر عەلی بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: " کتێبی یەکەم بەناوی 'سلۆتەردایک لە نزیکەوە'، لە نووسینی ئیسماعیل حەمە ئەمین و منە، بریتییە لە کۆی ئەو وتار و لێکۆڵینەوانەی لەماوەی زیاتر لە دە ساڵی ڕابووردوودا ئێمە لەبارەی فیکری پیتەر سلۆتەردایکەوە نووسیومانە، کتێبەکە کۆششێکە لەڕێی چەند دەروازەیەکەوە بۆ ناسینی جیهانی فراوانی ئەو بیریارە، ئەمەش چانسێکی باش دەبەشێت بۆ خوێنەر کە وەک ڕێبەرییەک((مدخل))ێک بتوانێت لێوەی بچێتە ناو جیهانی بیری سلۆتەردایکەوە. هەوڵێکی لەم جۆرە هێندەی زانیاری ئێمە بڕ بکات لە زمانەکانی دەوروبەرماندا شک نابرێت. بۆیە زمانی کوردی لەمەدا خۆشبەختترە و دەکەوێتە بەرایی زمانەکانی دراوسێکانمانەوە".
وتیشی: "کتێبی دووەم هەر بەناوی 'سلۆتەردایک لەنزیکەوە'یە، کە بریتییە لە وەرگێڕانی چەندین وتار و دیدار و گفتوگۆی جیاوزی خودی سلۆتەردایک کە بۆخۆم کاری وەرگێڕانم بۆ کردووە. ئەم کتێبەش بەو مەبەستە بوو کە مادام ئێمە لە کتێبی یەکەمدا لەڕووی پراکتیکییەوە فیکری سلۆتەردایکمان پیادە کرد، ئەوا بە پێویستمان زانی چەند دەقێکی تیۆری خودی سلۆتەردایکیش بکەینە کوردی، کە ئەم ئەرکە کەوتە سەر شانی من".
سەبارەت بە کتێبی سێیەم نووسەر و وەرگێڕ بەکر عەلی کە خۆی کاری وەرگێڕانی بۆ کردووە ڕایگەیاند: " کتێبی سێیەمیش ناوی 'خودا، ڕۆح و پارە'یە، کە بریتییە لە گفتوگۆیەکی درێژ لەگەڵ سلۆتەردایک سەبارەت بەو سێ چەمکە، کە بەدرێژایی مێژووی شارستانییەکان ئامادەییان هەبووە".
پیتەر سلۆتەردایک فەیلەسوف و نوسەری ئەڵمانی لە ساڵی ١٩٤٧ لە دایک بووە. فەلسەفە و مێژووی لە زانکۆی مینشن و زانکۆی هامبێرگ خوێندووە، پاشان دەست دەکات بە نوسین و بڵاو کردنەوەی بابەتی فەلسەفی. بیروراکانی وەک بابەتی پۆست هیومانیزم تەماشا کراون. ئەو پێی وایە کە دەبێت فەیلەسوفە هاوچەرخەکان زۆر خەتەرانە بیر بکەنەوە، بە جۆرێک کە ئاڵۆزییە ئێجگار زۆرەکانی ژیان بیانفڕێنێت، و ژیانی ئێستای مرۆڤایەتی و بیری نەتەوەیی لە پێناو ئاسۆییەکی فراوانتر تەرخان بکەن.
.jpg)
