ئامادەکردنی: راز حسن "بەهۆی بەتوانایی و خۆشەویستیمان بۆ تەنیا، قاوەخانەکەم ناونا تەنیا." قاوەخانەی تەنیا یەکێکە لە قاوەخانە نوێکانی قەزای ڕانیە و دیزایێکی تازەی هەیە و زۆر لە گەنجانی شاری ڕانیە ڕووی تێدەکەن. قاوەخانەی تەنیا بەناوی شاعیرو چیرۆک نوس (تەنیا محەمەد)ەوە ناونراوە کە شاعیرێکی گەنجەو خەڵکی شاری ڕانیەیە. تەنیا محەمەد لە تەمەنی منداڵییەوە دەستی بە شعر نوسین کردووە و یەکەم شعری بە ناوی "کۆلارە" لە ساڵی ١٩٩٩ نوسیووە و پاشان لە ٢٠٠٣ەوە دەستی بە شعری سۆزداری و نیشتیمانی کردووە. وە خاوەنی چەند کورتە چیرۆکێکیشە. هەروەها خاوەنی ئەم قاوەخانەیە ئەژی وەهید (حەمە ئەژی)یە کە گەنجێکی قەزای ڕانیەیە و هاوڕێی شاعیرە، ئەو دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکان، بەشی موزیکە. حەمە ئەژی بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: " بەهۆی بەتوانایی و خۆشەویستیمان بۆ تەنیا، قاوەخانەکەم ناونا تەنیا. وە لە هەمان کاتدا تا هەوادارانی لێرەوە بتوانن بێن بۆ کۆڕەکانی تەنیا، بەم شێوەیەش دەبێتە خزمەتێک بۆ هونەر." هەرچەندە بەهۆی تازەیی شوێنەکە هەندێک کەم و کوڕی هەیە بەڵام بەشێکی ئەم قاوەخانەیە تایبەتە بە وێنەو کەلەپور و کتێب و زۆر لە گەنجان تا درەنگان لەوێ کات بەسەردەبن.