ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا
"داعش کوڕی شەرعی سەلەفیزم"، ناونیشانی توێژینەوەیەکی نووسەر و توێژەر موحسین ئەدیبە دەربارەی داعش و ڕەگ و ڕیشەی مێژوویی ئەو ڕێکخراوە و پەیوەندی ئەو گروپە بە سەلەفیزمەوە. هاوکات توێژینەوەکە وەک نووسەر ئاماژەی بۆ دەکات خوێندنەوەیەكی هزری _مێژووییە بۆ سەلەفیزمو داعشیزم، كەتیایدا پەیوەندی نێوان ئاینی ئیسلامو داعشیزم، پەیوەندی نێوان بەداوەتو داعشیزم رونكراوەتەوە. ئەم توێژینەوەیە ئێستا بە کتێبێکی قەبارە مامناوەند لە کتێبفرۆشییەکانی هەرێمی کوردستان دەستدەکەوێت.
سەبارەت بەم توێژینەوەیە نووسەر و توێژەر موحیسن ئەدیب بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "ئەم توێژینەوەیە رەخنەی ئەو روانینە تەقلیدیە زاڵانە دەكات كە تا ئێستا بۆ دیاردەی داعشیزم لەئارادان، قسە لەسەر دروستبوونو رۆڵو كاریگەری شانشینی عەرەبستانی سعودییە دەكات لەمبارەیەوە، بەتایبەت كە سعودییە لەلایەك فیكری سەلەفی بەرهەمدێنێو لەدونیادا بڵاویدەكاتەوە، لەلایەكی تر بۆ خۆشكردنی ئاگرەكە خەریكی توندكردنەوەی فیتنەی تایفییە، ئەم دوو كردەیەش پێ بەپێی یەكتری توندوتیژی تایفیو مەزهەبی ئەگەیەننە ترۆپك."
ڕونیشی کردەوە: " بۆ ئاسایی بوونەوەی ئەم دۆخە و هێوربوونەوەی خۆمان، بەر لەهەر شتێك پێویستیمان بەهێوركردنەوەی بیر هەیە، تا بیرمان هێورنەكەینەوە ئەم دۆخە هەرگیز هێورنابێتەوە، ئەم كتێبە هەوڵێكی متەوازیعە لەوبارەیەوە، هیوادارم كەلێنێك ئەگەر بچوكیش بێت پڕی بكاتەوە."

