و. لە ئینگلیزییەوە: هەژار عوسمان پابلۆ نیرۆدا(Pablo Neruda)ی شاعیری خۆشویستراوی چیلییەکان و وەرگری خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات لە کورتە وتارێکیدا لە سەرەتاکانی ساڵانی پەنجا و لەژێر ناونیشانی "منداڵێتی و شیعر" دەنووسێت: "جارێکیان، حەوشەی پشتەوەی خانووەکەی خۆمانم لە 'تیموکۆ' دەپشکنی و بەدوای شتە بچووک بچووکەکانی ئەو جیهانەی من تێیدا دەژیام، دەگەڕام. چاوم کەوتە سەر کونی سەر یەکێک لە پارچە تەختەکانی پەرژینەکە. چاوم نا بە کونەکەوە و دیمەنێکم بینی وەک ئەو دیمەنەی کە لەپشتەوەی ماڵەکەی خۆمان هەبوو، پشتگوێخراو و پڕ هەژگ و هەڵا. چەند هەنگاوێک کشامە دواوە، چونکوو هەستێکی تەمومژاویی وەهام هەبوو، کە وەکبڵێی شتێک خەریکە ڕووبدا. لەپڕێکدا دەستێک وەدەرکەوت – دەستی بچکۆلانەی کوڕیژگەیەک هەر لە دەوروبەری تەمەنی خۆمدا. هێندەی پێنەچوو هەمدیس نزیک کەوتمەوە، دەستەکە لەوێ نەمابوو، لەجێگەکەی مەڕەسپییەکی سیحراوی لێ بوو. خوریی مەڕەکە کەم کەم لەپێشچاوم ون دەبوو. هەڵهات. گشت ئەمانە فەقەت وایان کرد مەڕەکە ڕەسەن و باوەڕپێکراو بێ. هەرگیز بە ژیانم مەڕی وا سەرنجڕاکێشم نەدیبوو. دیسان چاوم نایەوە بە کونەکەوە و سەیری ئەودیویم کرد، بەڵام کوڕیژگەکە بزر ببوو. چوومەوە ماڵێ و گەنجینەکەی خۆمم هێنایە دەر، کە لەداری سنەوبەر دروستکرابوو، کردمەوە، پڕیبوو لە بۆگەن و بۆنی ئەو ماددانەی لە دار دروستکرابوون بۆ وێنەکێشان و ئەو دارەشی کە لە حیبڕ هەڵدەژندرێ تا پێی بنووسرێ، کە من شەیدایان بووم. دامنانە سەر ئەرز لە هەمان جێگە و لەگەڵ مەڕەکە جێم هێشتن." نیرۆدا قەتاوقەت نە دەستەکە و نە ئەو منداڵەی کە خودان دەستەکە بوو نەبینییەوە. لە ڕووی سمبۆلیزمەوە نیرۆدا هەم ئەو منداڵەی کە بە ڕێکەوت بەرچاوی کەوت و هەمیش مەڕەکەی وەک پەرۆشی و حەسرەتێک دیوە بۆ ئەو هەستە دووسەرە و دوولایەنەی کە دەمانئاژوێ ڕووەو خوڵقاندنی هونەر: "شعوری گیانیبەگیانیبوونی براکان شتێکی حیرەتهێنە لە ژیاندا. هەستی خۆشویستنی کەسانێک کە خۆشمان دەوێن ئاگرێکە کە ناهێڵێت ژیانمان بکوژێتەوە. بەڵام هەستی کاریگەری کە لە کەسانێکەوە بێ کە ئێمە نایانناساین، لەو نەناسانەوە بۆ ئێمە، کە ڕەقیبن بەسەر خەو و گۆشەگیریمانەوە، بەسەر مەترسیمان و بەسەر لاوازییمانەوە – شتێکە هێشتاکونێ مەزنتر و جوانتر، چونکوو ئەو هەستە سنوورەکانی هەبوونمان بەربڵاوتر دەکەنەوە و گشت شتە زیندووەکان پێکەوە گرێ دەدەن. ئەو ئاڵوگۆڕە بۆ هەوەڵین جار بیرۆکەکەی بەنرخی بە خەیاڵی مندا هێنا لە ماڵەوە: تەواوی مرۆڤایەتی هەرچۆنێک بێ بەیەکەوەن.. سا تووشی سەرسوڕمانت ناکەم وەختایێک کۆشام نەختێک گەرموگوڕی، باقوبریق، فرەڕەنگی و بۆن و بەرام بدەم لە ئێخەی شتەکان بۆ ئاڵوگۆڕێک لە برایەتیی مرۆڤەکاندا. جارێکیان لە پەنا پەرژینەکەدا گەنجینە لە دارسنەوبەر دروستکراوەکەم جێهیشت، ئیتر لەوکاتەوە من وشەکانمم لەسەر دەرگەی زۆرێک لە خەڵکی جێهیشت کە بە من نەناس بوونە؛ خەڵکانێک لە زیندان یان ڕاوکاروان و ئەوانەی لەسێدارە دەدرێن یان تەنیاکان." ژێدەر: Brainpickings