چەند شعرێکی وەرگێڕدراوی نیرۆدا

12/07/2015    05:43

چەند شعرێکی وەرگێڕدراوی نیرۆدا 


Têkst

سولی ئۆن وێب

پابلۆ نیرۆدا (Pablo Neruda) نووسەرو سیاسەتمەداری کۆمونیستی چیلی نێفتالی ڕیکاردۆ ڕیێس باسۆلتۆیە. ناوەکەی لە شاعیری چیکیی جان نیرۆداوە وەرگرتووە. ئەم شاعیرە لە چەندین بواردا شیعری نووسیوە لەوانە شیعری عاشقانە و ئیرۆتیکی و شعری  سوریالی. نیرۆدالە ساڵی ١٩٧١ خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئەدەب بەدەستهێناوە. ئەم تێکستانەی خوارەوە چەند شعرێکی وەرگێڕدراوی ئەم شاعیرە مەزنەیە:  

 ئەمشەو دەتوانم غەمگینترین دێڕ بنوسم
بۆنموونە دەنووسم:
شەو شکاوەتەوە
ئەستێرەکان لە ئاسمانی بێکۆتادا سەما دەکەن
با- لە ئاسماندا دەسوڕێتەوە و گۆرانی دەچڕێت..
ئەمشەو دەتوانم غەمگینترین دێڕ بنووسم
خۆشمدەویست... خۆشیدەویستم هەندێ کات
لە شەوێکی وەک ئەمشەودا
لە باوەشم گرتبوو... ماچمدەکرد و ماچمدەکرد
لەژێر ئاسمانی بێکۆتادا...
خۆشیدەویستم.. خۆشمدەویست هەندێ کات
چۆن دەمتوانی عاشقی باوەشی، عاشقی چاوی مەنگی نەبم
ئەمشەو دەتوانم غەمگینترین دێڕ بنوسم
بۆئەوەی بیرم بێت کە ئەوم نییە.. 
بۆ ئەوەی هەست بکەم ئەوم لەدەستداوە.
دێڕەکان بەسەر ڕۆحمدا دەکەون، وەک شەونم بەسەر گیادا.
چی بۆم گرنگ بێت لە دونیادا 
کە عەشقی ئەوم لەدەستداوە!؟
شەو شکایەوە و ئەو چیتر لەگەڵ من نییە...
کەسێک لەدووری دوورەوە گۆرانی دەچڕێت...
ئەوە هەموو شتێکە!
ڕوحم ئازار دەچێژێت
هەرگیز ئاسودە نابم.. چون عەشقی ئەوم لەدەستداوە.
لە بیری گەیشتن بە ئەودا..
چاوم بۆی دەگەڕێت 
دڵم بۆی دەگەڕێت... 
ئەو چیتر لەگەڵ من نییە...
شەو هەر شەوە
درەختە درەوشاوەکان هەر هەمانشتن..
ڕێگاکان هەر ڕێگان...
بەڵام ئێمە چیتر خۆمان نیین.
چیتر خۆشمناوێت.. 
بەڵام چەندخۆشمدەویست.!
دەنگم 
دەگەڕێت بۆ با-یەک
تا هەڵیگرێت و بەرەو ئەو بیبات.
ئێستا ئەو کەسێکی ترە 
و هی کەسێکی ترە..
کەسێکی تر وەک من ماچی دەکات..
دەنگی، جەستەی سپیی، چاوە بێ کۆتاکانی...
هی کەسێکی ترن.
ئێستا خۆشمناوێت دڵنیام.. بەڵام ڕەنگە خۆشمبوێت.
عەشق مەودایەکی کورتە و لەبیرکردن دوور و بێکۆتا...
روحم نا ئارامە
چون لە شەوێکی وەک ئەمشەودا 
لەباوەشمدابوو... لە نێو قۆڵەکانمدا.
روحم نا ئارامە.. چون ئەوم لەدەستداوە.. 
لەبەر ئەوە...
ئەمە دوایین ئازارە دەیچێژم..
ئامانە دوایین دێڕن بۆی دەنووسم...
 

"هەمیشە"

چاوچنۆک نیم 
بۆ ئەو شتانەی پێش من هاتن.
لەگەڵ پیاوێک وەرە
بەسەر شانەکانتەوە،
لەگەڵ سەد پیاو وەرە لەناو پرچتدا،
لەگەڵ هەزار پیاو وەرە لەنێوان مەمک و قاچەکانتدا،
وەک ڕووبارێک وەرە 
پڕ لە پیاوی نقووم بوو
کە بە خووڕ دەڕواتە ناو دەریایەکی ترسناکەوە،
بەرەو شەپۆلی نەبڕاوە، بەرەو زەمەن!

هەمووان بێنە 
بۆ ئەو شوێنەی کە من چاوەڕوانی تۆی لێ دەکەم
دەبێت هەمیشە تەنیا بین،
دەبێت هەمیشە خۆم و خۆت بین
بە تەنیا لەسەر زەوی،
دەست بە ژیانمان بکەین!

لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال


  
خۆشم ئەوێی بێ ئەوەی بزانم چۆن، کەی، یاخوود لە کوێوە.
خۆشم ئەوێی ڕاستگۆیانە، بێ هیچ ئاڵۆزکردنێک یان شانازییەک؛
کەواتە خۆشم ئەوێی چونکە هیچ شێوازێکی تر نازانم جگە لەمە:
لەو شوێنەی بوونم نییە، نە تۆش،
هێندە نزیکم بەرەوە کە هەست بکەم دەستت لەسەر سنگم دەستی خۆمە،
هێندە نزیکم کەوە تا هەست بکەم کە چاوت داخستووە هی خۆمن و خەوم لێکەوتووە. 

لە شیعری "خۆشم ناوێیت"ی پابلۆ نیرۆداوە
لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال
 







 

هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw