لە ئینگلیزییەوە: هەژار عوسمان
نامەی عاشقانەی نیرۆدا بۆ ژنەکەی
پابلۆ نیرۆدا، کە بە شیعرە عاشقانەکانی بەناوبانگە، لە کاتێکدا کە کتێبی "١٠٠ چامەی عاشقانە"ـی پێشکەشی ''ماتێڵدا''ـی ژنی کرد، ئەم نامەیەشی بۆ نووسی:
ژنە نازدارەکەم، ئازارم چەشت وەختایێک سۆنێتە عاشقانەکانم دەنووسی؛ ئێشیان پێ گەیاندم و تووشی خەم و خەفەتیان کردم، بەڵام ئەو خۆشییەی کە شیعرەکانم پێشکەشی تۆ کردبوو هێندەی دەشتاییەکی بەرین و پڕ دار و دەوەن گەورە بوو. کە خۆمم بۆ ئەم ئیشە تەرخان کرد، باش دەمزانی کە دەبێ چی لە قافیەی چامەکان بکەم، بە جیاوازیکردنێکی قەشەنگی تامی چامەکانەوە. شاعیرانی گشت ڕۆژگاران سەروای شیعر و چامەکانیان بە چەشنێک ڕێکخستووە کە وەک زیو و بلوور و ئاگرباران وابن. بەڵام – بە بێفیزی و سادەییەکی زۆرەوە – من ئەم چامانەم لە دار و چێو دروست کردن؛ ئەو دەنگ و سەدایەم پێدان کە تەڵخ و تاڵی دارەکان خاوێن دەکەنەوە و هەر بەم جۆرەشە کە دەبێ بگەنە گوێچکەکانی تۆش. پیاسەکردن بەنێو دارستانەکان و قەراخ دەریاکان، بەدرێژایی دەریاچە و گۆمە حەشاردراوەکان، پیاسەکردن بەنێو هێڵەکانی پانیی زەوی کە خۆڵەمێشیان بەسەردا پرژێندرابوو، تۆ و من پارچە و توێکڵە پاکژەکانمان هەڵگرتنەوە؛ پارچەی ئەو دارانەی بەدەم سەقا و ئاوەکانەوە دەچوون و دەهاتن. دوور لە وەها شوێنەوارانێکی ئازارشکێن و هێورکەرەوە، ئیتر بە تەور و قەمە و چەقۆی گیرفان، من خانۆچکەکانم دروست کردن، بە خاتری ئەوەی چاوەکانت، کە من شەیدایانم و گۆرانییان بۆ دەچڕم، بتوانن تێیدا بژین و هەڵ کەن. ئێستا کە وا لەبارەی بنیادەکانی ئەوینمەوە هەندێک شتم گوتن و باسمکردوون، ئەم سەدەیە تەسلیم بە تۆ دەکەم؛ چامە لە دار و چێو دروست کراوەکان تەنیا بەخاتری ئەوە لق و پۆ دەر دەکەن کە تۆ ژیانت پێ عەتا کردن.
سەرچاوە: kidstardustliterary