دەمانچەکەی چیخۆف

15/07/2015    19:12

دەمانچەکەی چیخۆف 


Têkst

لە ئینگلیزییەوە: پشتیوان کەمال

خەریکی خوێندنەوەی کتێبێکی ڕەخنەیی بووم کاتێک نووسەرەکەی ئاماژەی بە دێڕێک کردبوو. دێڕەکە سەرنجی منی بەلای خۆیدا ڕاکێشا. 
"کەس نابێت لەسەر ستەیج دەمانچەیەک هەڵبگرێت ئەگەر کەس بیر لە تەقەکردنی نەکاتەوە." 
ئەم دێڕە لە بنەڕەتدا لەلایەن ئەنتوان پالۆڤیچ چیخۆفەوە (Anton Chekhov) بەکارهاتووە کە مەبەستی سەرەکی بریتییە لەوەی ئەگەر تۆ نووسەرێک بیت، شتێک لە دیمەنێکدا پیشان بدەیت دەبێت ئەو شتە بەکاربێت. 

چەند ڕۆژێک دواتر 1Q84 م دەخوێندەوە لە نووسینی هاروکی موراکامی، یەکێ لە باشترین نووسەرەکانی من. ئەگەر کەمێک باسی هاروکی موراکامی بکەین ئەوەیە کە ئەم نووسەرە نەکەوتووەتە ژێر کاریگەری کلتوور و نووسەرەکانی یابانەوە بەڵکو زیاتر پەیوەستە بە نووسەرە ئەوروپی و ئەمریکییەکانەوە، لە ئەدەبدا کافکا و تراجیدیەکانی یۆنان و هەروەها بە دڵنیاییشەوە دەمانچەکەی چیخۆف کاری لێکردووە. هەر لەبەر ئەمەشە موراکامی زیاتر لە دەرەوەی یابان بەناوبانگە وەک لە ناو یابان خۆیدا.

کارەکتەری سەرەکی مێینەی ناو1Q84 ، ماسامی ئۆمامێ، لە شوێنێکی ڕۆمانەکەدا دەمانچەیەکی دەست دەکەوێت. دەبێت خۆت بزانیت پاشتر چی ڕوودەدات. بەپێی ئەو هەموو کاریگەرییەی چیخۆف بەسەر موراکامییەوە جێی هێشتووە دەبێت دەمانچەکە تەقە بکات. لە یەکێ لە دیمەنەکاندا ئەم گفتووگۆیە دروست دەبێت: 
تامارو لەسەر کورسییەکەی هەڵدەستێت و دەڵێت، "بەگوێرەی چیخۆف، هەرکاتێک کە دەمانچەیەک دەرکەوت لە چیرۆکێکدا دەبێت تەقە بکات." 
"مەبەستی چییە؟"
"مەبەستی ئەوەیە کە شتی زیادە نەخەیتە ناو چیرۆکەوە. ئەگەر دەمانچەیەک دەربکەوێت، دەبێت لە هەندێک جێگەدا تەقە بکات." 
ئەمەش هەم شیکردنەوەی دێڕەکەی چیخۆفە هەم بەکارهێنانەوەیەتی جارێکی تر لەناو ڕۆمانەکەی خۆیدا.

هاروکی موراکامی تەنها لەم ڕۆمانەیدا نییە کە دەگەڕێتەوە بۆ یاسا و خاسیەتەکانی چیخۆف بەڵکو دیسانەوە لە ڕۆمانی کافکا لە کەنار دەریا (Kafka on the Shore) هەمان گفتووگۆ و هەمان بابەت دەهێنێتەوە ناو ڕۆمانەکەی. لێرەوە زیندوێتی ڕۆحی چیخۆفمان لە چیرۆک و شانۆدا بۆ دەردەکەوێت بەوەی کە دەکرێت لە هەموو قۆناغەکاندا سوودی لێببینرێت.

سەرچاوە: dorrykun.wordpress.com 









هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw