ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا
لە ئێستادا کاستێکی شانۆیی لە پرۆڤەدان بۆ بەرهەمهێنانی نمایشێکی شانۆیی کە لە هەردوو دەقی "خاڵە ڤانایا و باخچەی گێلاسەکە"ی گەورە نووسەری جیهان و ڕووسیا ئانتوان چیخۆڤەوە وەرگیراوە، بڕیارە ئەم کارە بەناونیشانی "تەنها ڤانیا" لە سەرەتای مانگی ٩ی ئەمساڵدا لەشاری سلێمانی بە دەرهێنان و ئامادەکردنی هونەرمەند کامەران ڕەووف نمایش بکرێت.
سەبارەت بە چۆنییەتی کارکردن لە تێکەڵکردنی دوو دەقی چیخۆڤ بۆ کارە شانۆییەکەیان، دەرهێنەر کامەران ڕەووف بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "لەم کارەدا سوودم وەرگرتووە لە دوو دەقی چیخۆڤ [خالە ڤانیا و باخچەی گێلاسەکە]، لە دەقی خالەڤانیادا، خیتابی ئێمە بریتییە لە خۆبەختکردن بۆ مشەخۆرێک کە ساڵانێک لە مۆسکۆ خەریکی خوێندن بووە و هەمووان بەئاواتی ئەوەوە بوون بۆی کە دوای چەندین ساڵ بە پلەی پرۆفیسۆر بگەڕێتەوە، بەڵام کاتێک تەماشا دەکەن ئەم پرۆفیسسۆرە هیچ نییە و کتێبەکانیشی هیچ نین. لە باخی گێلاسیشدا خیتابی ئێمە ئەو خیتابە سەرەکییەی دەقەکەیە کە بریتییە لە فرۆشتنی دارستانەکە، ئەم دوو بیرۆکەیە لەم ئیشەدا لەیەک دەدرێت و سوودمان لێوەرگرتووە بۆ دروستکردنی دەقێک کە ناومان ناوە [تەنها ڤانیا]".
ئەو دەرهێنەرە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "بەهۆی ئەو قەیرانە داراییەی کە هەیە، کاستی ئەم بەرهەمە هەموومان خۆبەخشانە کار دەکەین"