دیلمان سەڵاح لە تەوەری ڕەخنە و شانۆدا

21/07/2015    03:12

دیلمان سەڵاح لە تەوەری ڕەخنە و شانۆدا 


Şano

ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا

بابەتی ڕەخنە لەنێو کایە هونەرییەکان هەمیشە جێگەی قسەکردن و گفتوگۆی هونەرمەندان بووە، لەنێو هونەری شانۆیشدا بەهەمان شێوە، ئەم پرسە چەندین قسە و باسی جۆرا و جۆری لەبارەوە دەکرێ و کراوە. لەم تەوەرەی سولی ئۆن وێبدا کە چەند شانۆکارێک بەشداریان تێدا کردووە. هەوڵدەدەین وەڵامی پرسیاری چییەتی ڕەخنە سەبارەت بە نمایشێکی شانۆیی، هەروەها ئەرکی ناوەندەکانی بواری خوێندنی شانۆ لەهەمبەر پرسی ڕەخنە و وەڵامی چەند پرسیارێکی تر بۆ خوێنەران بڵاوبکەینەوە، یەکەم کەس لەم زنجیرەیەدا ئەکتەر و شانۆکار دیلمان سەڵاح وەڵام دەداتەوە.

چۆن لە رەخنە دەڕوانن، گرنگی ڕەخنە بۆ کارێکی شانۆیی لەکوێدا دەبینن ؟

- بینینی من بۆ ڕەخنە بزوێنەر و داینەمۆیەکی پۆزەتیڤە بۆ هەموو کایە هونەریەکان کە بە سەرچاوەی دەزانم بۆپیش خستن. ئەوەی جێی داخە بۆ ئێمەی شانۆکار هیچ شتێک شک نابەین بۆ خۆمان تا برەو بە شانۆکەمان بدەین و رەخنەش یەکێکە لەو فاکتەرانەی کە سەرچاوەیەکی زۆر ئیجابی هەیە بۆ بنیاد نانی شانۆیەکی پڕ لە هونەر. هەر لەبەر ئەم هۆیەشە رەخنە زۆر بە گرنگ دەزانم بۆ کارە شانۆییەکان کە دەرگا دەکاتەوە بۆ بونیاد نانی نمایش و ئامادە بونی شانۆکار لە نێو شانۆیەکی جدی وا دەکات ئەزمون بە ئەزمون کارە شانۆییەکان بەرەو باشتر بون بڕوات .

وەک دەزانین ڕەخنەگری هونەریی شانۆیی-مان نییە، ئەگەریش هەبێت لە چەند هەوڵێکی زۆر کەم و لە بازنەیەکی تەسکی ئەو هەوڵدانە تێپەڕ ناکات، بەڕای بەڕێزت هۆکاری ئەمە چییە و چۆنە؟

- ئیمە وا خەریکە شانۆکەشمان لە دەست دەدەین بە هۆی نەبونی ڕەخنەگری ئەکادیمی یان بلێن ڕەخنەگری بە ویژدان، لە ئێستادا رەخنە گرتن بە شێوەی قاچ شکاندنە، پیش بینینی نمایش خۆمان ئامادە کردوە بۆ ڕەخنە گرتن بە شیوەیەکی نا هونەری و دوور لە ئەدەبی شانۆ بە بێ بوونی هیچ باکگراوندێکی تایبەتمەندی ڕەخنەیی و هونەری و  زۆر جار بیرکردنەوە لەوەی گرنگ ئەوەیە قسەمان هەبێت، قسەکانیشمان خراپ بێت دروست بوونی ئەو هەستەی کە بە خراپ ڕەخنە لە بابەتەکان بگرێت دیار دەبێت یان گوێت لێ دەگیرێت و یان نوسینەکەت دەخوێنرێتەوە – هۆکارەکەشی بۆ ئەوە ئەگەڕێنمەوە کە تا ئێستا ئیمەی خەڵکی ئەم وڵاتە خۆمان لەسەر ئەوە ڕانەهێناوە کە یەک هێڵ بگرین لە ژیانماندا دەمانەوێت هەمو شتیک بین، هونەرمەند بین، سیاسی بین، ڕەخنە گر بین ...و زۆر شتی تر، کەوا بووین ناتوانین قۆڵبینەوە لەسەر هێڵێک ئیتر چۆن ڕەخنەیەکی تەندروستمان ئەبێت تا لە ڕێیەوە بتوانین لێوەی فیر بین یاخود ئەو کەمو کوڕیانەی  کە لە کارەکانی پێشترا هەبون چاک کرێن و باش کرێن .

هەر سەبارەت بە پرسی ڕەخنە و ڕەخنەگر، کاری ناوەندەکانی خوێندنی شانۆ "ئەکادیمیا و پەیمانگاکان" چۆن دەبینن لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەم بابەتە؟

- هیچ هەوڵیک نیە بۆ ئەم بابەتە رەنگە لە ساڵانی پێشترا هەبۆبێت ئەگەر هەڵە نەبم لە ئەکادیمیای شاری بەغداد بەش هەبوە تایبەت بە ڕەخنە من وەکو بەشێکی گرنگ ئەی بینم کە پیویستە برەوی پێ بدریت  و بخوێنرێت هەر وەک چۆن دەرهێنەر و ئەکتەر دروست دەکرێت لە پەیمانگا و ئەکادیمیا پیویستە رەخنە گریشمان هەبێت تا بتوانرێت بە زانستی ڕەخنە گرتن هەبێت و هەر کەسە بە ئیشی خۆی هەڵسێت  ئاراستەیەکی تر بە دیوێکی باشا وەر دەگرێت.

ڕەخنە و زەمینەسازی بۆ دروستکردنی پانتاییەک کە ڕەخنە کاری ڕاستەقینەی خۆی تێدا بکات چۆن دروست دەبێت؟، ئەم هەوڵە تەنیا بە هەوڵی رەخنەگر دەیبینن یاخود هونەرمەندەکانیش؟

- دروست کردنی ئەم پانتاییە بە بۆچونی من دەبێت ڕەخنەگر خۆی دروستی بکات ئەویش بە قوڵ بونەوە لە زانستی بنەماکانی ڕەخنە تا گەیشتن بە ڕەخنەیەکی ئەکادیمی. من شتێکت بیر دەهێنمەوە لە چەند ساڵی ڕابردوا زۆریک لە کارە شانۆییەکان لە دوای نمایشکردنیان کۆرێکی ڕەخنەیی تایبەت بەو کارە بەڕێوە دەچو هێندە نا هونەریانە و نا ئەکادیمیانە ڕەخنەکان دەخرانە ڕوو تا ئەو کلتورەش نەما لە ئێستادا بچوک بۆتەوە لە کتێبخانەیەکدا کۆڕیک بۆ کارێکی هونەری دەکریت. بە سوپاسەوە بۆ ئەو گروپ و خەڵکانەی کە کاری بۆ دەکەن. من وای دەبینم ئەگەر بمانەوێت ڕەخنە گربین پێویستیمان بە بینینی چەند جارێکی ئەو کارە هونەریە یە، بەتەنها جارێک ناتوانین فریای هەمو پنتەکانی ئەو کارە هونەریە بکەوین. وە دەبیت هەوڵی ئەوە بدەین چاوی ڕەخنەییمان بەوە ڕا بێنین کەکارێک کە  باش بو  باشەو ئاستی نزمیش بو وردو خاش نەکریت تا بتوانرێت پانتاییەکی فراوان لە رەخنەو ڕەخنە سازی دروست بکرێت لە هەمو کایە هونەریەکاندا تا بگاتە ئەو پلەیەی کە توانای قبوڵ کردن  و وەرگرتنی ڕەخنەمان هەبێت.

دانا ڕەئووف لە تەوەری ڕەخنە و شانۆدا 



هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw