ئامادەکردنی: راز حسن گروپی زانست دۆستان لەژێر ناونیشانی "زانکۆ لە نێوان ناو و ناوەڕۆکدا" هەستا بە سازدانی سیمینارێک بۆ د.خالید عومەر مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی، ئەم گروپە پێک هاتووە لە چەند مامۆستاو خوێندکار و زانست دۆستانێک کە کار دەکەن بۆ بەرەو پێشخستنی زانست لە کوردستاندا. هاوکات د. خالید کتێبێکی بە هەمان ناو بڵاو کردۆتەوە و ئەم سیمینارەش کورتەکەی بوو. ڕۆژی ٢٦/٧/٢٠١٥ لە ناوەندی ئەندێشە کاتژمێر ٣:٣٠ خولەکی پاش نیوەڕۆ بە ئامادەبونی هەندێک خوێندکار و مامۆستا دەست بە سیمینارەکە کرا،کە تیایدا د.خالید جەختی لەسەر خوێدنی باڵاو زانکۆکان لە هەرێمی کوردستاندا کرد. لە سەرەتادا باسی لە مێژووی زانکۆکانی عێراق و کوردستان کرد لە زانکۆکانی عێراق زانکۆی بەغداد بە نموونە کە ساڵی ١٩٥٧ دامەزراوە، هەروەها لە کوردستانیش زانکۆی سلێمانی بە نموونە کە لە ساڵی ١٩٦٨ دامەزراوە. لە دوایدا د.خالید وتی، " ئەرکی زاکۆ بەرهەم هێنان و گەشەپێدانی مەعریفەیە نەک بەکارهێنانی و دەبێت لە ڕێگەی زانکۆوە ئابوری وڵات بەرەو بوژانەوە بچێت و هەروەها دەبێت تاکی پسپۆڕ پێبگەیەنێت." سەبارەت بەو توێژینەوانەی کە لەو زانکۆیانە ئەنجام دەدرێت د.خالید وتی، " ئێمە خاوەنی کلتوری ژمارەین کە هەڵەیە و توێژینەوەی زانستی پێویستی بە توێژەری لێهاتو و بودجەی بەردەوام و ژێرخانی ئابوری هەیە." ئەو باسی لە کێشەکانی زانکۆ کرد کە لە قەبارەی مامۆستا و خوێندکاران گەورەترە "بۆیە ستراتیجی حکومەت بۆ زانکۆکان پێویستە بگۆڕدرێت. زانکۆ ئەهلیەکانیش پاڵنەری سەرەکیان بزنسە و کردنەوەی ئەو بەشانەی دەبنە سەرچاوەی داهاتی باش نەک بیرکردنەوە لەوەی چی لە زانکۆ حکومیەکان نییە ئەوان بیکەن هەروەها کێشەی دیکەی وەکو دەست تێوەردانی حیزبی." فۆتۆکان لە ئەکاونتی تایبەتی د. خالید عومەر وەرگیراوە.