پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ١ی ٨ی ٢٠١٥ ناوەندی غەزەلنووس لە سلێمانی ژمارەیەک چاپکراوی نوێی لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی نووسەر و وەرگێڕی کتێبەکان بڵاوکردەوە، کتێبەکان پێکهاتبوون لە کتێبی فکری، ڕۆمان و کتێبی زانستی، بەپێی وتەی بەڕێوەبەری ناوەندەکە بڕیارە لەمەودوا ناوەندی غەزەلنووس مانگانە ٧ کتێبی نوێ پێشکەش بە خوێنەران بکات.
ئەو کتێبانەی کە لەو مەراسیمەدا بڵاوبوونەوە بریتین لە ( ڕۆمانی "نەوەکەی مسیۆ"ی لین فیلیپ کلۆودێل کە سەلاحەدین بایەزیدی لە فەرەنسییەوە کردوویه به كوردی، ڕۆمانی "نەخۆشیی مەرگ"ی مارگرێت دوراس کە کەریم تاقانە له سوێدییەوە کردوویە بە کوردی، "گهردوون، کات و پهیدابوونی ژیان" کە کتێبێکی زانستییە و گۆران ئیبراهیم نووسیویەتی، "ئەفسانە و ئایین و زانست"ئەم کتێبەش لە نووسین و وەرگێڕانی: ئارام حاجی، هاوژینی مەلائەمین و هۆشمەن جەلالە، "مامۆستای نەزان"ی ژاک ڕانسیەر کە مەنسوور تەیفووری له فەڕەنسییەوە كردوویه به كوردی، "ڕۆمانی دڵی تاریکی"ی جۆزیف کۆنراد کە لەلایەن یاسین محەمەدەوە لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی هەروەها کتێبی "دەربارەی ستەمكاری"ی لیۆ شتراوس کە نووسەر و ڕوناکبیر فاروق ڕەفیق بۆ کوردی وەریگێڕاوە.)
جێی ئاماژە بۆ کردنە بەشێک لە وەرگێڕ و نووسەری کتێبەکان کە ئامادەی مەراسیمەکە بوون هەریەکەیان بەشێوەیەکی کورت کتێبەکانیان بە ئامادەبووان ناساند و دواتر مەراسیمی بڵاوکردنەوەی کتێبەکان بە واژووی نووسەر و وەرگێڕەکان دەستی پێ کرد.