دووەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی شاعیری گەورە شێرکۆ بێکەس بەڕێوەدەچێت

03/08/2015    16:19

دووەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی شاعیری گەورە شێرکۆ بێکەس بەڕێوەدەچێت 


Têkst

ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا

لە دووەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی شاعیری گەورە شێرکۆ بێکەسدا، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چالاکییەک بۆ یادی ئەو شاعیرە لەسەر مەزارگەی شاعیر لە پاڕکی ئازادی ڕێکدەخات. چالاکییەکە ڕۆژی ٤ی ٨ی ٢٠١٥ کاتژمێر ٦ی ئێوارە بەڕێوەدەچێت، کە تیایدا ژمارەیەک لە شیعرەکانی شاعیری کۆچکردوو دەخوێنرێتەوە و چەند چالاکییەکی هونەریش پێشکەش دەکرێت. جێی ئاماژەبۆکردنە بەهۆی قەیرانی دارایی دەزگای سەردەمەوە ئەگەری ئەوە هەیە ئەمساڵ خەڵاتی شێرکۆ بێکەس دابەشناکرێت، کە بڕیاربوو ساڵانە لە یادی دامەزراندنی دەزگاکەدا بۆ هەردوو بواری نووسین و وەرگێڕان بدرێت بە دووکەسی داهێنەری ئەو بوارانە.

ئازاد بەرزنجی سەرۆکی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لەوبارەیەوە بە سولی ئۆن وێبی ڕاگەیاند: "ساڵی پار یادێکی بەرفراوانمان بۆ کاک شێرکۆ ئەنجامدا ئەمساڵیش بەرنامەمان هەبوو بەهەمان شێوەی پار یادێکی بەرفراوان ئەنجام بدەین، بەڵام لەڕاستیدا لەبەر باری خراپی دارایی نەمانتوانی ئەوە بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا یادی کاک شێرکۆمان فەرامۆش نەکردووە."

 
وتیشی: "بۆ ئەمساڵ لەسەر مەزارەکەی نیازمانە ئێوارە یادێک سازبکەین، کە هەڵبژاردەیەک لە شیعرەکانی خۆی دەخوێنرێنەوە، هەروەها پێشانگایەکی شێوەکاری بۆ خاتوو ئەستێرە دەکرێتەوە کە هونەرمەندێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، هەندێک لە تابلۆکانی ئەو پێشانگایە لە شیعرەکانی کاک شێرکۆوە ئیلهامەکەی وەرگیراوە، هەندێكیشی پۆرترەیتی شێرکۆ بێکەس خۆیەتی، هەروەها هونەرمەند دیاری قەرەداخیش بەکارێکی هونەریی بەشداری دەکات، ئەم چالاکییە وەکو کۆبوونەوەیەک دەبێت لەسەر مەزاری شێرکۆ بێکەس."


سەبارەت بە خەڵاتی شێرکۆ بێکەس کە بڕیاربوو وەکو نەرتێکی ساڵانە بدرێت بە دوو کەسی داهێنەری بواری نووسین و وەرگێڕان، ئازاد بەرزنجی ڕایگەیاند: " لەڕاستیدا ئەمساڵ ڕەنگە ئێمە نەتوانین ئەو خەڵاتە ببەخشین، خەڵاتەکە دەمێنێت، بەڵام ئەمساڵ دیسانەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە ڕەنگە نەتوانین ئەو خەڵاتە ببەخشین، ساڵی پار هەندێک کەس ئامادەیی خۆی دەربڕی بەوەی کا پارەی نیوەی خەڵاتی شێرکۆ بێکەس دابین بکات و وەک سپۆنسەر بەشداربێت، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا ئەو کەسە بەڵێنەکەی خۆی بەجێ نەهێناوە، لەبەر ئەوە تائێستا دیار نییە کە دەتوانین ئەو خەڵاتە ببەخشین یاخود نا، تەنها دوومانگیشمان لەبەردەمدا ماوە بۆ کاتی بەخشینی خەڵاتەکە."





هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw