هەڵۆ شێرکۆ بێکەس وەڵامی ئەو ڕەخنانە دەداتەوە کە ڕووبەڕووی کرانەوە

04/08/2015    01:26

هەڵۆ شێرکۆ بێکەس وەڵامی ئەو ڕەخنانە دەداتەوە کە ڕووبەڕووی کرانەوە 


Têkst

ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا

"یادەوەریی پاسکیلێکی کەرکوکی" دوایین دەقی تەواونەکراوی شاعیری گەورەی کورد شێرکۆ بێکەسە  و بیرۆکەی نووسینی ئەم دەقە لەلای شاعیری کۆچکردوو دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١١، بەڵام بەهۆی ئەو نەخۆشییەی کە توشی بوو، نەیتوانی بیرۆکەکەی بەتەواوەتی بکاتە تێکست و تەنها دووبەشی لەو دەقە نووسیووە. 

دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی تەواوکردنی ئەم دەقەی شاعیر لەلایەن هەڵۆ شێرکۆ بێکەسی کوڕی شاعیرەوە، ڕەخنەیەکی زۆر لەلایەن بەشێک لە شاعیران و خوێنەران دروستبوو سەبارەت بەم بابەتە و داوای بڵاوکردنەوەی دەقەکەیان دەکرد وەک خۆی، لەو بارەیەوە هەڵۆ شێرکۆ بێکەس لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "ژیان لە فەرهەنگدا" کە ڕۆژی ٢٥ی ٧ی ٢٠١٥ لە ڕادیۆی دەنگی ئەمریکا، بەشی کوردی پەخشکرا، وەڵامی ئەو رەخنانە دەداتەوە و زانیاری سەبارەت بە چۆنییەتی تەواوکردنی ئەو تێکستە دەخاتە ڕوو.


سەبارەت بەو ڕەخنانەی کە ڕووبەڕووی کرانەوە، هەڵۆ شێرکۆ بێکەس ڕایگەیاند: "کایەی ئەدەبی کایەیەکی فراوانی جوانە، ئێمە هەموومان دەتوانین ئەسپی خۆمانی تێدا تاو بدەین. من پێم ناخۆشە ئەم کایەیە وەکو کایەیەکی سیاسی و بازرگانی لێبکرێت، ڕق و کینە و بوغزی شەخسی لە بازنەی ئیرەییدا بیسوڕێنێتەوە، هەموو کەس بۆی هەیە خۆی لە ئاوزەنگی شیعر بدات، با مەلەوانێکی باشیش نەبێت، بەڵام با ئەو چانسەیشی پێبدەین. نەشیاو و ناڕاست ئەوەیە کە بە من بڵێ بۆم نییە شیعر بنووسم یان هەوڵبدەم شیعر بنووسم، ئەوە خۆمم بڕیار دەدەم چی دەنووسم، لەهەمانکاتیشدا ئەوە خوێنەرە چۆن تەماشای دەکات."

ئاماژەی بۆ ئەوەیش کرد: "تێپەڕاندنی شێرکۆ بێکەس پێویستی بە بەهرە و پاشخانێکی مەعریفی و ئەدەبیی زۆر باڵا هەیە، من کار بۆ ئەمە ناکەم و بیریشی لێناکەمەوە، من کار بۆ پەروەردەکردنی پاشخانی ئەدەبیی خۆم دەکەم. بەکورتی دەڵێم؛ شێرکۆ بێکەس لاسایی دەکرێتەوە بەڵام جێگەی ناگیرێتەوە، بەڵام ئەتوانم سوود لە ئەزمون و دەنگ و رەنگی ئەو وەربگرم لە هەر کەسێکی دیکە زیاتر."

سەبارەت بە چۆنییەتی تەواوکردنی دواین دەقی تەواونەکراوی باوکی، هەڵۆ شێرکۆ بێکەس وتی: "دیارە دەقی واڵای "یادەوەریی پاسکیلێکی کەرکوکی" ئەم دەقە تەواو نەکراوە، کە باوکم بەشی یەک و دووی لێ نووسیوە و ڕەشنووسی یەکەمی بووە و لەپاشی بەجێماوە، من حەزدەکەم ئەوە بۆ خەڵک دووبارە بکەمەوە، من بە هیچ جۆرێک دەستکاری یەک فاریزەی بەشی یەک و دووی ئەو دەستنووسەم نەکردووە، ڕەشنووسی یەکەم چۆن بووە وام داناوەتەوە، من دەستکاری شیعری شێرکۆم نەکردووە، تەنیا هاتووم ئەم تێکستەم تەواو کردووە."






هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw