ئامادەکردنی: ئاراس عەبدوڵڵا
شاعیری گەورەی کورد شیرکۆ بێکەس بەر لە نووسینی زۆرێک لە شیعرەکانی پلانێکی بۆ داناوە و بیرۆکەکانی خۆی کردووە بە پلان و پاشن تێکستەکانی نووسیوە، زۆرێک لە هاوڕێ و کەسە نزیکەکانی ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە بەتایبەتی لە نووسینی قسیدە درێژەکانیدا، لەوبارەیەوە هەڵۆ شێرکۆ بێکەس لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی ڕادیۆی دەنگی ئەمریکا – بەشی کوردی، باس لە چۆنییەتی شیعر نووسین دەکات لەلای باوکی و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ڕەنگە زۆر کەس تەنیا شیعرەکانی شێرکۆ بێکەسیان خوێندبێتەوە و ئاگاداری ئەوە نەبن کە ئەو چۆن شیعرەکانی خۆی نووسیوە.
لەوبارەیەوە هەڵۆ شێرکۆ بێکەس ڕایگەیاند: "ڕەنگە خەڵکێک تەنیا شیعرەکانی باوکمی خوێندبێتەوە و نەزانێت شێرکۆ چۆن شیعری نووسیوە، بەڵام ئەو هەمیشە بەر لە نووسینی هەر تێکستێک پلانێکیشی بۆ داناوە، پلانێکی تەواو کە پێی دەڵێت چۆن بڕوا بەڕێگاوە لە نووسینەکانیدا"
هەڵۆ شێرکۆ بێکەس ئەوەیشی ئاشکراکرد دوایین دەقی باوکی کە لە پاشی بەجێماوە و تەواو نەکراوە, بریتییە لە دوو بەش لە دەقی واڵای "یادەوەریی پاسکیلێکی کەرکوکی" کە هاوشانی ئەمە پلانێکی نووسراویشی لەگەڵدایە کە چۆنییەتی نووسینی ئەو دەقەی تێدا باسکراوە.