سەید عەلی ساڵحی: شێرکۆ بێکەس شەونم و کێوی سەرکەش بوو

04/08/2015    02:27

سەید عەلی ساڵحی: شێرکۆ بێکەس شەونم و کێوی سەرکەش بوو  


Têkst

لە فارسییەوە : سوبحان یەعقوب 

مەرگی شێرکۆ بێکەس تەنیا لە کوردستان دەنگدانەوەی نەبوو، بەڵکو لەناوەندە ئەدەبییە عەرەبی و فارسییەکانیش دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو، لەو چوارچێوەیەشدا و دوابەدوای کۆچی دوایی شێرکۆ بێکەس لە گفتوگۆیەکی لەگەڵ دەنگی ئەمریکا، بەشی فارسی، شاعیری ناوداری ئێران سەید عەلی ساڵحی دەربارەی شێرکۆ بێکەس دەڵێت: 

"بەڕای من شێرکۆ بێکەس یەکێک بوو لە ئیمپراتۆرانی شیعر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستتدا، بەداخەوە درەنگ بۆ وڵاتانی دراوسێی هەرێمی کوردستان ناسراو دەرکەوت کە چۆن توانایەکی هەیە ، هەروەها منیش نزیکەی 25 ساڵ لەمەوبەر لەگەڵ چەند وەرگێڕێک توانیم شێرکۆ بێکەس و چەند شاعیرێکی تری کورد بە فارس زمانەکان بناسێنم، بە شێوەیەکی سەرەنج ڕاکێش شێرکۆ بێکەس بووە جێی بایەخ و سەرەنجی هەوادارە فارسەکان لە بواری شیعردا، من پێشوتریش وتومە کە شێرکۆ بێکەس دەتوانین لە ڕیزی شاعیرانێکی وەکو نازم حیکمەت، پابلۆ نێرۆدا، ئەحمەدی شاملۆ، مەحموود دەروێش دابنێین. ئەو شوێنپێی تایبەتی خۆی هەیە لە ئەدەبیاتی ئێمەدا و پاش ساڵی ١٩٩١ کە گەڕایەوە بۆ هەرێمی کوردستان، نیشتمانی خۆی، هەوڵی زۆر جددی بۆ دوو بوار دا کە سامانی پێببەخشێت و پەرەی پێبدات: یەکێکیان ڕێکخراوەیەک بۆ بەرگری کردن لە مافی ئافرەتان، و ئەوەی تریش بە گڕخستن و پەرەپێدانی بواری سینەما و فیلمسازی."


دەنگی ئەمریکا : "هەروەک جەنابت ئاماژەت پێی دا شێرکۆ بێکەس حەز و خولیایەکی تایبەتی بەرامبەر شیعر و بەرهەمەکانی شاعیرە فارسەکان هەبووە و چەند بەرهەمێکی تۆشی کردوە بە کوردی، وەرگێڕانی ئەم بەرهەمانە چ کاردانەوەیەکی هەبوو؟"


سەید عەلی ساڵحی :" بنچینە مێژووییەکان و بنچینە هاوبەشەکانی کورد و نەتەوەکانی ناو ئێران بە جۆرێک بووە کە لە ڕوانین بۆ جیهان و مرۆڤەکان نەک تەنها خاڵی هاوبەشمان هەیە بەڵکو هاوڕاشین لەسەریان. تەنها مەودایەک کە لە نێوان ئێمە و شاعیرانی کوردستان هەبووە، تەنها نەبوونی وتووێژ بووە، هەروەها ئەم نەبوونی وتووێژەش لە شیعرە وەرگێڕدراوەکانی شێرکۆبێکەس دا بەتەواوی لابراوە، شیعری شێرکۆ بێکەس کاتێک کە ئەکرێت بە فارسی ئەگەر شاعیرەکە بەتواناو شارەزابێت لە زمانی فارسی و شارەزاییەکی باشیشی لە زمانی کوردیدا هەبێت خوێنەر پێش ئەوەی کە کتێبەکە تەواو بکات ئەگاتە ئەو قەناعەتەی کەوا شێرکۆ بێکەس فارسە و کورد نییە. هەمیشەش ئەو هیوایە لە دڵمدا هەبووە کە یەکجاری تر لە سلێمانی، ستۆکهۆڵم یان تاران یەکتر ببینینەوە، مخابن کە وەک شاملۆی بەسەر هات ڕۆیشت و نەگەڕایەوە، بە دەست شێرپەنجەی قوڕگەوە ئازاری ئەچەشت بەڵام لە ستۆکهۆڵم بەهۆی جەڵدەی دڵەوە وەفاتی کرد. شێرکۆ بریندارترین قوڕگی بێشکەیەک بوو بەناوی کوردستان....
تەنها خەمی من ئەوەیە کە نەکا شێرکۆ بە بێ جێگرەوە ئەم دنیایەی بە جێ هێشتبی ."


سەید عەلی ساڵحی لە ساڵی ١٩٣٢ لە لادێی مەرغاب سەر بە پارێزگای خوزستان لە دایکبووە، شاعیر و نوسەری هاوچەرخی ئێرانە. سەرۆکی ڕێکخراوی نوسەرانی ئێران بوو، ساڵحی یەکێکە لە کەسایەتییە دیار و ناسراوەکانی شیعری نوێی ئێران .









سەچاوە : ir.voanews.com




هه‌والی زیاتر

zortirîn xwênraw