ئامادەکردنی: رۆز محەمەد بەشی شێوەکاری ڕێکخراوی شار رۆژی٨/٥ ی ٢٠١٥ کاتژمێر ٥ ی ئێوارە پێشانگایەکی شێوەکاری لە مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنەسوورەکە کردەوە تایبەت بە کاری مۆزایک لەژێرناونیشانی '' لەسایەی بەرخودانی پێشمەرگە دنیای هونەر پر لە رەنگە '' بۆ ٥٨ شێوەکار ی بەشداربوو لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و دوو رۆژ بەردەوامی دەبێت ، هاوکات لەگەڵ بەرێوە چونی چالاکییەکی موزیک و چەند گۆرانیەک تایبەت بە نیشتیمان و ژیانی پێشمەرگە لەلایەن گروپی موزیکی ڤاناس پێشکەش کرا. دیاری محەمەد خاوەنی بیرۆکە و ڕێکخەری پێشانگاکە لەبارەی کردنەوەی پێشانگاکە رایگەیاند'' وێرای ئەو بارودۆخانەی جەنگ لەم دواییە لە هەرێمەکەمان خوڵقاندویەتی بەلام ژیان و جوانیەکانی هونەر بەردەوامە لە سایەی ئەو سەقامگیریە دەرونیەی بە هەوڵ وکۆششی برا پیشمەرگەکانمان لەسەنگەرەکانی بەرگری پێیان بەخشیوین . جێگای خۆیەتی وژدانی خۆمان ئاسودە بکەین بە پێزانینی گیانی بەرخۆدان وخەباتکردنیان لە پێناو ئاشتی و ئازادی وڵات دا و بڵێین هەرچەندە ناخۆشی وتاریکی لە ژیاندا بونی هە بیت بەڵام جوانی هونەر بەردەوامە. هەروەها لە بارەی تایبەت کردنی پێشانگاکە بە کاری مۆزایک وتی : '' مۆزایک وەک کارێکی هونەری و ڕێباز و تەکنیکێکی جیاواز لە جۆری کارکردنەکانی تر و لکاندن و جۆرکردنی شوشە ڕەنگکراوە ئارەزومەندەکانە وە هەروەها گونجاندن وبەرکەوتنی هەستەکان لەگەڵ یەکتردا وەدانانی تەواوی ئەم ماتریاڵانە و ڕەنگەکان کارێکی ساناو ئاسان نابێت بە بێ بونی ئاستێکی بەرزی هونەری بەڵام دواجار شێوەکار یاخود هونەرمەند خۆی بریاری کۆتای دەدات سەبارەت بە هەریەک لەو هەنگاوانەی کە باس کرا . رەنگە ئەم پرۆژەیە لە ڕوی تەکنیکەوە شێوازێکی نوێ نەبێت بۆهونەری شێوەکاری بەڵام دەکریت بڵێن بۆیەکەم جارە بەم شێوە گشگیریە کاری هونەری لەم جٶرە دەکرێت لەلایەکی ترەوە ئەم پرۆژەیە بۆتە پردی پەیوەندی شێوەکاران و خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگا و ئەکادمیە هونەریەکان لەهەمانکاتدا ناساندنی شێوەکارانی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانە بە یەکتری وە هەروەها ئاشنا بونیانە بە شێوازی کارکردنیان . رەنگە ئەم بەرکەوتنە هونەریە دواجار زمان وشیوازێکی نوێ بۆ شێوەکار بسازێنێت وە ئەمە دەبیتە هەوێنی رێچکەیەکی نوێ بۆ خودی شێوەکار. هۆگر محەمەد بەرپرسی گروپی موزیکی ڤاناس سەبارەت بە بەشداری کردنیان لەم پێشانگایە بە چالاکی موزیک و گۆرانی وتی :'' ئێمە وەک گروپی موزیکی ڤاناس بەشداری چەندین چالاکی نیشتیمانی بووین لەگەل بۆنە نیشتیمانیەکان بووین بەشداریکردنیشمان بەم کۆنسێرتە وەک پیشەی هەمیشەیمان بۆ پاڵپشتی( پێشمەرگە و یادی مەرگەساتی شەنگال)ە '' گروپی موزیکی ڤاناس ساڵی ٢٠١٠ دامەزراوە و تا ئێستا خاوەنی چەندین چالاکی و و بۆنەی نیشتیمانی و دوو کۆنسێرتی تایبەتە .